یاداشته‌كانی شۆفێرێك

ئامادەكاری بۆ وەرزی هاوین

10:52 - 2022-04-13
وتار
579 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

وەك چۆن ئۆتۆمبیل بۆ وەرزی زستان و سەرما ئامادە دەكرێت، گرنگە شۆفێران ئۆتۆمبیلەكانیان بۆ وەرزی گەرما و هاوینیش ئامادە بكەن، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی وەك وڵاتی ئێمە كە هاوین گەرم و وشكە؛ وەك بە سەرەتای وەرزی گەرمای ئەمساڵیشدا دیارە، پێدەچێت خۆڵبارینی زۆری تێدا بێت.
گرنگترین كارێك كە شۆفێر بیكات بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەكەی بۆ وەرزی گەرما و هاوین ئامادە بكات، ئەوەیە كە لە لای سەنتەرەكانی خزمەتگوزاری یان بەشی چاكردنەوەی كۆمپانیاكان، یاخود كەسانی شارەزای ئەو بوارە، سێرڤسی گشتی ئۆتۆمبیلەكە بكەن.
ئەو شۆفێرانەشی كە ئەزموونی كەڵەكەبوویان زۆرە و ساڵانێكی زۆرە مۆڵەتی شۆفێری و لێخوڕینی ئۆتۆمبیلیان هەیە دەتوانن خۆیان بەشێك لە ئەركەكان رابپەڕێنن، هەروەك دەتوانن هاوكاری دۆست و هاوڕێ و كەسوكاریشیان بن لە چێككردنەوەی ئۆتۆمبیلەكانیان و ئامادەكردنیان بۆ هاوین و گەرما.
ئەگەر بەشێك یان پارچەیەكی ئۆتۆمبیل پێویستی بە گۆڕین یان چاكردنەوە هەبێت، پێش ئەوەی زیان بە ئۆتۆمبیل بگەیەنێت، پێش ئەوەی تووشی خەرجی زیاترمان بكات، یان ئۆتۆمبیلەكانمان لەسەر رێگە پەكبخات، پێویستە شۆفێران چاكی بكەنەوە.
ئەم مەسەلەیە هەر بۆ چێككردنەوەی وەرزی نا، بەڵكو پێویستە شۆفێران ناوبەناو ئاگایان لە ئۆتۆمبیلەكانیان بێت، هەر بەش یان پارچەیەكی ئۆتۆمبیلەكانیان، گومانیان لێی هەبوو یان نیشانەی گوماناوی و دەنگی نامۆی دەركرد، پێویستە چێك بكرێت و پیشانی كەسانی شارەزا بدرێت.
ئەو بەش و پارچانەی ئۆتۆمبیل كە زۆر پێویستن لە وەرزی گەرما و هاویندا چێك بكرێنەوە بریتین لە چەند بەشێكی سەرەكی، لە هەنگاوی یەكەمدا و بە شێوەیەكی گشتی چێكی گێڕ و مەكینە بكەنەوە، بزانن سیستمی ساردكردنەوەیان كێشەی نییە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەفانی سەرەكی و ئۆتۆماتیك كردنی لە كاتی پێویست و لە پلەی گەرمی گونجاودا.
یەكێكی تر لەو بەشانەی كە پێویستە پیشانی سەنتەری خزمەتگوزاری یان وەستا و فیتەری شارەزا بدرێت سیستمی فێنككەرەوە و تەبریدە، چونكە ئیتر تا نزیكەی 6 مانگی داهاتوو، فێنككەرەوەی ئۆتۆمبیل بە شێوەیەكی بەردەوام بەكاردەهێنرێت، باش كارنەكردنی فێنككەرەوە واتە كێشەیەكی گەورە بۆ میزاج و تەندروستی و ئاسوودەیی خۆت و سەرنشینەكانت، بە تایبەتی لەو كاتەی كارێكی گرنگت هەیە یان نیازی گەشت و گەڕانێكیت.
گرنگە دڵنیابینەوە لە كاركردنی سیستمی فێنككەرەوە، هەڵبوون و كوژانەوەی دوگمەیAC   و جامنەبوونی كۆمپرێسەر و سیستمەكە بە شێوەیەكی گشتی، چێككردنەوەی بڕی پێویستی غاز و پشكنینی بۆری و سیستمی گواستنەوەی هەوا سارد و فێنكەكە بۆ ناو ئۆتۆمبیلەكە و چەندین كێشە و بابەتی تری پەیوەندیدار بە فێنككەرەوە.
یەكێكی تر لە كێشەكان، سێرڤسی فیول پەمپ و پاكردنەوەی تانكی بەنزین و سووتەمەنییە، بە تایبەتی لەم كاتەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنییەوە، كوالیتی و جۆرایەتیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
رەنگە ئەمانە بەشێك بن لە كێشەكان، بێگومان كێشە و بواری زیاتر هەیە كە پێویستە شۆفێران لەم سەرەتایەی وەرزی گەرما و پێش هاتنی هاوین ئاگاداری ئۆتۆمبیلەكانیان بن و ئامادەی بكەن كە سەنتەرەكانی خزمەتگوزاری و وەستا و كەسانی شارەزا دەتوانن هاوكاری باشتان بن.

وتارەکانی نوسەر