ساتەچیرۆک

كۆمێنت

07:46 - 2022-04-14
محەمەد كەریم
793 خوێندراوەتەوە

61

ناوە سیانییەكەی شەش ناوە، هێندەی ئەسپ و عەرەبانەیەك دوور و درێژە، ئەمما لەبەرئەوەی هەتا سەر ئێسقان نێرجسییە لەیەك وشەدا كورتی دەكاتەوە، بە خۆی دەڵێت جەمیل، دیتە باوەڕیشی وایە هێندەی فۆكۆ سەرقاڵی فكرە و بۆ ئەوەی ریتمی ناوەكەی لەگەڵ میشیل فۆكۆدا بێتەوە بە خۆی دەڵێت «جەمیل فۆكۆ». خەڵكی رەشۆكیش پێی دەڵێن  رووناكبیری بلیمەت. دێتە دەرەوە لە باخی گشتی هەناسەیەك هەڵمژێت كەچی مایك بەدەستێت، لەوانەی وەكو مێش بێزاركەرن، وەكو قارچك لەبەردەمیدا هەڵدەتۆقێت.
 «مامۆستا، یەك دەقە لە وەختی زێڕینی خۆتم  پێ ببەخشە، وەسفێكی ئەم دەسەڵاتەم بۆ بكە.»
«من پڕۆژەی فكریم هەیە و كاتی ئەوەم نییە، بەهەرحاڵ لە یەك رستەدا كورتی دەكەمەوە: گەندەڵترین و دیماگۆگیترین و بێباكترین و نالۆجیكیترین دەسەڵاتە.»
كچەی مایك بەدەست راستەوخۆ قسەكانی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەكاتەوە. لە ماوەی نیو سەعاتدا سەدان كۆمێنتی بۆ دەنووسن. دیارە لە دەیان فلاش فێكشنی وادا جێیان نابێتەوە، بۆیە تەنیا سیانزە دانەیەكیان دەنووسمەوە:
«ترین ترین هاتەوە! درۆزنترین، فێڵبازترین، بێهەڵوێستترین، پاتاڵترین، ...»
«بەس پێم بڵێ چەند مووچەت هەیە و بە چ پلەیەك خانەنشینیت؟»
«بە ناوی رووناكبیر و موناكبیرەوە چەند زەویت وەرگرتووە؟»
«بەس پێم بڵێ جیاوازی نێوان تۆی رووناكبیر و منی نەخوێندەوار چییە؟»
«توخوا چەند ساڵە دەڵێی پڕۆژەی فكریم هەیە؟ یەك كتێبی فكری شەست لاپەڕەیی خۆتم پێ بڵێ. «
«مووچەكانت لای حزبێكە و دەنگت لای حزبێكی تر! توو شەرەف قەت دەنگت داوە؟»
 «لەو هەموو مووچەیە یەك شوێنم پێ بڵێ دەوامی لێبكەیت؟»
«دە بەسە، بەس، بە ناوی رووناكبیرەوە دنیات خوارد!!»
«خۆڵ دەكەیتە چاوی كێ؟ وادەزانی نازانین لە ژێرەوە نۆكەری دەسەڵاتیت؟»
«ئەمڕۆ قسەیەك دەكەیت و بەیانی خۆت بە درۆ دەخەیتەوە، ئەمڕۆ ستایشی بەچكە دیكتاتۆر دەكەیت و سبەی...»
«ئاخر تۆ رۆبۆتی یان رۆشنبیر؟ ئێستا تەلەفۆنێكت بۆ بكەن سەدو هەشتا پلە بایدەدەیتەوە.»
«تا ئێستا بە ناوی پڕۆژەی رووناكبیرییەوە چەندت وەرگرتووە و ماشیوتەتەوە.»
«بوەستە بۆم دیماگۆگی، دۆسێكەت بڵاودەكەمەوە، تڕشكێنت دەكەم.»

وتارەکانی نوسەر