لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمەوە

07:50 - 2022-04-14
مستەفا محەمەد
487 خوێندراوەتەوە

حکومەتی عیراق چ شتێک دەزانێت کە ئەمان لێی تێناگەن؟
لەهەموو بارێکدا دانوستان و رێکەوتن لەبارەی پرسی نەوت لەگەڵ حکومەتی عیراقی فیدراڵدا کارێکی باشە و تاکە رێگەی چارەسەر و هەنگاوە دروستەکەیە، چونکە ئاکام تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ئەم پرسە دەهێنە ئاراوە، بەڵام دەبێ دوو ئاراستە لەیەکتری جیا بکەینەوە، ئاراستەیەک کە مەبەستێتی بەپێی دەستوور و حەقیقەتی دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکان بگاتە رێکەوتن، ئاراستەیەکیش کە دەیەوێ بە قودرەتی تێڕوانینێکی ساختە قەناعەت بە شەقامی کوردی بکات، گوایە حکومەتی عیراق بۆیە دەروازەی گفتوگۆکانی بە رووی وەفدی هەرێمدا واڵاکردووە، چونکە دڵنیایە لەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمەوە هەڵەبووە!
پرسی نەوت و غاز گەیشتۆتە قۆناغێک کە پێویستە لە جوغزی عەتف و ئایدۆلۆژیا و پڕۆژەی نەتەوەیی ساختە دەرباز بکرێ، چونکە لە پراکتیکدا هەنگاوەکانی بەجێگەیاندنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمەوە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە لە ساتەوەختی جێبەجێکردندایە، تێگەیشتنیش لەو هاوکێشانە تەفسیر و تەحلیلی جیاوازی تر هەڵناگرێ و  هەرکەسێکیش لەهەر پلە و مەقامێکدا، ئەگەر پێی وابێ گفتوگۆکان ئاماژەن بۆ گۆڕینی بڕیاری دادگا، بۆچوون و خوێندنەوەیەکی سەرچیخانەیە!
بەڵێ بەبێ خۆڵکردنە چاوی کەس، حکومەتی عیراق بەهەمان رێچکەی دادگای فیدڕاڵیدا بۆ وەرگرتنی تەواوەتی دۆسێی نەوتی هەرێم جددیە و ئەو کۆمپانیایەش کە لەدوایین کۆبونەوەی وەفدی هەولێر و بەغدا باسی لێوەکراوە بۆ گەڵاڵەی چاودێریی و زامنکردنی شەفافیەتی کەرتی نەوتە کە راستەوخۆ لەژێر دەسەڵات و فەرمانی حکومەتی فیدڕاڵدا دەبێ. 
وێڕای پێداچوونەوە بەسەرجەم گرێبەستەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم، دەسەڵاتی تەواوی کنە و پشکنینی کێڵگەکانی نەوت و رێکخستنی داهات و رێگەکانی بە بازاڕ کردنیش لە ئەستۆ دەگرێ .
باشترین رێگە کە لەبەردەم هەولێردا هەبێ لەجیاتی کات کوشتن، رێکەوتنێکی گشتگیر و بێ مەرجە لەگەڵ بەغدا، تا چیتر بودجە و مووچەی هەرێم لە قەیرانێکەوە بە قەیرانێکی قووڵتر نەسپێردرێ و دۆخی ژیان و بژێویی هاووڵاتیانیش ئاهێکی بەبەردا بێتەوە، لەپاڵ ئەوەشدا یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییە عیراقییەکان بۆ ئامادەکردنی وەرەقەیەکی سیاسی کە تیایدا جەخت لە دەرچوواندنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی عیراق لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا بکاتەوە، هەوڵێکی دروست و رەوایە.

پرسی نەوت و غاز گەیشتۆتە قۆناغێک کە پێویستە لە جوغزی عەتف و ئایدۆلۆژیا و پڕۆژەی نەتەوەیی ساختە دەرباز بکرێ

وتارەکانی نوسەر