‎کورد ئەنفالی هەیە، بەڵام...!

01:57 - 2022-04-14
دکتۆر هێرش رەسوڵ
533 خوێندراوەتەوە

‎نامەوێ لەم دەرفەتە بچوکەدا سەرتان بە لێدانەوەی قەوانە سواوەکان دەربارەی پرۆسەی بەجینۆسایدکردنی کورد بیەشێنم، ناشمەوێت لە ساڵیادی ئەم تاوانە گەورەیەدا کار لەسەر ژێی هەست و سۆزتان بکەم، بەڵکو گەرەکمە لێرەدا تەنها چەند راستییەکی تاڵ بخەمەڕو.
‎پاش تێپەڕبونی ۳٤ ساڵ بەسەر پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەنفال و پاکتاوی نەژادیی کورد، لەو مێژوەش، دوای ۳۱ ساڵ لە ئازادیی و حوکمڕانیی کوردیی، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا نەمانتوانیوە لە ئاست گەورەیی کارەساتەکەدا بین.. چونکە:
‎- وەک پێویست و لەسەر ئاستی جیهان ئەنفال بە جینۆساید نەناسێنراوە! (دیارە ناساندن بریتییە لە بە رەسمیی ئاگاداربون، دانپیانان، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی، رێگرتن لە دوبارەبونەوە)، لەمڕوەشەوە لێپرسراوێتیی یەکەم دەکەوێتەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 ‎- گوتاری سیاسیی کوردیی روبەڕوی دەرەوەی خۆی ئەوەندەی گریان و کروزانەوە بوە لە پێناو بەزەییپێداهاتنەوە و راکێشانی هەست و سۆز بە قەد ئەوە کاری جددیی و شێلگیرانە نەبوە لەپێناو دروستکردنی تێگەیشتنێکی لۆژیکیی لە بەرژەوەندیی تاوانەکەدا.
‎- تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم و حزبەکانی کوردستان، نەک جاش و مستەشارانی تۆمەتبار بە هاوکاریی بەعس لە پرۆسەی ئەنفال-یان نەداونەتە دادگا، بەڵکو هەندێکیشیان داڵدەداون!
 ‎- ئەو ناوچانەی هەڵمەتە جیاوازەکانی ئەنفال گرتبونیەوە، هێشتا وەک پێویست خزمەتگوزاریی و پێداویستیی ژیانێکی شایستەیان نەگەیەندراوەتێ و شوێنەواری کاولکاریی و ماڵوێرانیی بە سیمایانەوە دیارە.
‎- دۆخی بەجێماوانی ئەنفال تا بە ئێستاش دەگات بارودۆخێکی ناهەموارە و کەسوکاری ئەنفالکراوان پێویستییان بە دەستگیرۆیی زۆری مادیی و مەعنەویی و دەرونیی هەیە.
 ‎- لە روی ئەکادیمیی و زانستییەوە، هێشتاش وەک ئەوەی پێویستە توێژینەوە و بەدواداچونی جددیی لەسەر ئەنفال و رەهەندە جیاوازەکانی نەکراوە.
‎- کایەی پەروەردەمان، تا هەنوکەش لە ئاست پێویستیی ناساندن و بەرجەستەکردنی کارەساتەکە بۆ نەوە یەکلەدوایەکەکانی کورددا هەنگاوی ئەوتۆی نەناوە و نەیتوانیوە رۆڵی راستینەی خۆی بگێڕێت.
 ‎- بواری هونەر و رۆشنبیریی کوردیی نەکاراوە ببێتە نمایندەی شارستانیی گەیاندنی واقیعی تاڵی ئەوێ رۆژێی کورد، تاکو دنیا لە رێگەی شاکارە سینەمایی و درامیی و ئەدەبیی و ... یەکانەوە ئاشنای کورد و دۆزەکەی بێت.
‎- راگەیاندنی کوردیی تا ئێستاش نەیتوانیوە کاری جددیی لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە بکات و لە رێگەی راپۆرت و بنکۆڵکاریی و بەڵگەفیلم و بابەتەکانی ترەوە ئەنفال و تراژیدیاکانی دیکەی کورد لە یادەوەریی و خەیاڵدانی تاکی کورد لە کاڵبونەوە بپارێزێت.

وتارەکانی نوسەر