ئەگەری گەڕێکی تری رووبەڕووبوونەوەی رژێمی سوریا و رێڤەبەری خۆسەر نزیکە

04:30 - 2022-04-14
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
359 خوێندراوەتەوە

 بەهۆی ئابڵوقەدانی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودو ناوچەى (شەهبا)وە لەحەلەب، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بنکەو بارەگاکانی رژێمی سوریایان لەناوەڕاستی قامیشلۆ ئابڵوقە داوەو ئەگەرى روبەڕووبوونەوەى چەکداریش هەیە.
چەند رۆژێکە بارەگاکانی رژێم لە ناوەڕاستی قامیشلۆ کە بەچوارگۆشەى ئەمنی ناسراوە بەتەواوی ئابڵوقە دراون و رێگاى هاتن و چوونیان بەتەواوی لێگیراوە، ئەم هەنگاوەى رێڤەبەرى بەرامبەر ئابڵوقەدان و ئاستەنگ دروستکردنە بۆ کوردی نیشتەجێى پارێزگاى حەلەب لەلایەن رژێمی سوریاوە کە چەند مانگێکە بەردەوامە.
ئەمە جارى یەکەم نییە گرژی و رووبەڕووبونەوە لەنێوان ئاسایشی رێڤەبەرى خۆسەرو رژێمی سوریا لەناوەڕاستی قامیشلۆ رووبدات، بەڵام هەر جارێک روویدابێت سنوورى بوونی رژێم بەرتەسککراوەتەوە و ناوچەى زیاتریان لێ وەرگیراوەتەوە. بۆیە ئەگەر ئەمجارە روبەڕووبونەوە ببێت ئەوا یان سنوورەکەیان بەتەواوی لێ بەرتەسکدەکرێتەوە، هەروەکچۆن لە 2021 لەگەڕەکی (تەى) کە دەکەوێتە ناوەڕاستی قامیشلۆوە بەیەکجار وەدەردەنران.
ئێستا رژێمی سوریا لەسنوورى شاری قامیشلۆ لەناوەڕاستی شار لەناوچەیەکی بەرتەسکی دیاریکراو و لەناو فڕۆکەخانەى قامیشلۆ هەن. 
خۆ ئەگەر روبەڕووبونەوە لەنێوان رژێمی سوریا و هێزەکانی ئاسایش و سوریاى دیموکرات رووبدات چەند ئەگەرێک هەیە:
لەلایەن رێڤەبەرى خۆسەر لەقامیشلۆوە سنوورى بارەگاکانی رژێم زۆر بەرتەسک دەکرێنەوە یاخود لەناو شار بەتەواوی وەدەردەنرێن و هێزو دامودەزگاکانی رژێمی سوریا تەنها فرۆکەخانەى لە قامیشلۆ دەمێننەوە.
لەبەرامبەردا ئەگەر رژێمی سوریا لەناو قامیشلۆ وەدەربنرێت ئەوا، ئەگەری بەهێز ئەوەیە رژێمی سوریا فشاری زیاتر بخاتە سەر کورد لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و شەهبا) لەبەرى رۆژئاوای فورات، لەوانەیە کورد روبەڕووی گرتن و راگوێزان و فشاری دیکە بکاتەوەو ئازاریان بدات. 
پرسیاری گرنگ بۆ ئێمەمانان ئەوەیە بۆچی رژێمی سوریا لەم کاتەدا لەناوچەکانی ژێر رکێفی خۆی فشاری لەسەر کورد دروستکردووە؟ هیچ ئەجێندایەکی دەرەکی لەپشت ئەو جموجۆڵانەى رژێمی سوریاوە هەیە؟ یاخود رژێمی سوریا هەست بەدۆخێکی نوێ لەناوخۆ و ناوچەکە دەکات بۆیە دەیەوێ گۆمەکە بشڵەقێنێت!
یەکێک لەئەگەرەکان ئەوەیە کە رژێمی سوریا دواى ئەو نزیکبوونەوانەى لەئیماراتی عەرەبی و هەوڵدانی چەند وڵاتێک بۆ گێڕانەوەى رژێمی سوریا بۆ نێو کۆمەڵەى وڵاتانی عەرەبی و جۆرێک لەپەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، دیمەشق هەست بەدەرفەت دەکات بۆ فشار دروستکردن لەسەر ئەمریکا و کورد لەرۆژئاوای کوردستان و لەڕێگەى روسەکانەوە.
ئەگەرێکی دیکە بریتیە فشاری ئێران یان روسیا لەڕێى رژێمی سوریاوە بۆ سەر ئەمریکا، چونکە هەم ئێران لەعیراق خەریکی جموجۆڵی نوێیە بەهۆی چەقینی حکومەتی عیراق، هەمیش روسیا لەشەڕێکی تونددایە لەگەڵ ئۆکراین کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات، بەڵام بەپێى لۆژیک و ئەزموونی چەند ساڵە، ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون چەند جارێک تاقیکراوەتەوە. هەرجارێک گرژی دروستبووبێت رژێمی سوریا لەناو قامیشلۆ و حەسەکە ناوچەکانی زیاتر لێ کۆنترۆڵکراوەو دوورخراوەتەوە، بۆیە ئەمجارە هەم ئێران و هەمیش روسەکان ترسیان هەیە رژێمی  سوریا لەناو قامیشلۆ بەتەواوی وەدەربنرێت! خۆ ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا هەم کارتی فشاری رژێمی سوریایان لەدەست دەچێت و هەمیش روسەکان گرفتی دیکەیان بۆ دروستدەبێت ئەویش مەسەلەى مانەوەیانە لەبەری رۆژهەڵاتی فورات کە ئێستا تا مەفرەزەکانیان بەناوی چاودێری سنوور تا قامیشلۆ دەتوانن جموجۆڵ بکەن.
یەکێکی دیکە لەئەگەرەکان ئەوەیە کە رێڤەبەرى خۆسەر نەوت یاخود سووتەمەنی نانێرێت بۆ بەرى رۆژئاوای فورات یان ئەو ناوچانەى ژێر رکێفی رژێمی سوریا، بۆیە دیمەشق لەڕێى دروستکردنی فشار لەسەر کوردەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی دەیەوێت فشار لەسەر رێڤەبەرى خۆسەر دروستبکات.
ماوەتەوە بڵێین لەدوێنێوە فشارو ئابڵوقەى سەر هاتن و چوون و مانەوەى سەر بنکەو بارەگاو هێزەکانی سوریا لەناوەڕاستی قامیشلۆ زۆر زیاترکراوە، تاکە لایەن کە بتوانێت نێوانگری رژێمی سوریاو رێڤەبەرى خۆسەر بکات روسەکانن لەسوریا، هەر ئەوان پەیوەندیان لەگەڵ هەردولایەن هەیە. ئەگەر روسەکان نەتوانن گفتوگۆ رێکبخەن و چارەسەرى ئەم گرفتە بکەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمجارە رژێمی سوریا لەناو قامیشلۆ رووبەڕووی بەرتەسککردنەوەى زیاتری جموجۆڵ دەبێتەوەو کوردیش لەناوچەکانی حەلەب روبەرووی گرفت دەبنەوە.

وتارەکانی نوسەر