مۆدێلین پیشەیە نەک تایبەتمەندی

09:23 - 2022-04-16
رۆزا دڵشاد مەریوانی
318 خوێندراوەتەوە

ڤیدیۆیەکی تەنزئامێزم بینی، گەنجێک گاڵتە بە کچێک دەکات لەوانەی ناوی مۆدێلیان لێنراوە، تێیدا باس لەوە دەکات کە ئێمەی کەسانی ئاسایی بەلامانەوە گرنگ نییە لە ژیانی تایبەتیدا ئەو مۆدێلە چیدەکات و چی ناکات، راستە ڤیدیۆکە پێکەنیناوی بوو، منیش یەکێکم لەوانەی ناوی ئەو بەناو مۆدێلانە نازانم و ژیان لەوە ئاڵۆزترە بەدوای وردەکارییەکانی ژیانی ئەو جۆرە کەسانەوە بم، بەڵام کەسانێک هەن بەتایبەتی بەشێکی زۆری توێژی گەنجان و هەرزەکاران، فۆڵۆیان دەکەن و بەدوای هەواڵەکانیانەوەن، بۆیە ئەوەیە وادەکات ناوبانگیان بمێنێتەوە، جگە لەوەی پشت و پەنای تایبەتیان هەیە و رۆژ بە رۆژ قەبارەیان گەورەتر دەکرێت.

 

سروشتی کۆمەڵگەکەمان و زۆربەی زۆری خێزانی رەسەنی کوردی قبووڵی ناکەن کچەکەیان ببێتە مۆدێل و ئەو ناوەیان 
لێبنرێت
 رەنگە زۆرمان ئەو پرسیارە بکەین ئایا دروستکردن و هێنانی زۆرێک لەو مۆدێلانە وەکو کاڵایەکی بیانیی بۆ نێو کۆمەڵگەی ئێمە چ  سوودێکی هەیە؟ مەبەست لەوە چییە وەکو دیاردە بخرێنە نێو وڵاتی ئێمەوە؟ کە سروشتی کۆمەڵگەکەمان ئەو جۆرە شتانەی پێ قبووڵ نییە و زۆربەی زۆری خێزانی رەسەنی کوردی قبووڵی ناکەن کچەکەیان ببێتە مۆدێل و ئەو ناوەیان لێبنرێت. 

بێگومان زۆربەمان لەسەر ئەوە کۆکین وەڵامەکەی ئەوەیە دیاردەی ئەم کچە مۆدێلانە و ناوە ناوە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیان بە مەبەست دەکرێت بۆ سەرقاڵکردنی گەنجانی ئەم وڵاتە تا بە دوای کێشە سەرەکییەکان و ئەو قەیرانە جۆربەجۆرانەی رۆژانە یەخەی هەر یەکێکمانی گرتووە نەچن.
تووشی شۆک دەبین
من کە هەرگیز بەلامەوە گرنگ نەبووە و رام وابووە ژیان لەوە کورتترە بە دوای هەواڵی ئەو کچە مۆدێلانەدا بچم، بەڵام کاتێک لێرەو لەوێ دەبینیت و دەبیستیت فڵانە مۆدێل لە سفرەوە بووە بە خاوەنی «بزنسی» خۆی، تووشی شۆک دەبیت، ئێمەمانانیش  خوێنمان بۆ ئەم وڵاتە رشتووە، کەچی هەموو مانگێک بە ترس و دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەغدا دووسەد ملیارەکە بنێرێت و مووچەکەمان وەربگرین و دەترسین دیسانەوە دوابکەوێت یان بە نیوەناچڵ وەریبگرین..هتد.  هەروەها ئەوان بە ئۆتۆمبێلی رانج رۆڤەر و نازانم بەرزترین مۆدێلەکان کە ناوی زۆربەیان نازانین بە پۆزەوە لەم وڵاتەدا دەسوڕێنەوە و حیساب بۆ کەس ناکەن، تۆیەکیش خوێنت بووە بە ئاو تا بوویت بە خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی، ئەگەر خوانەخواستە تووشی رووداوێکی قورس بێت، نیتە بیگۆڕیت، ئەوانە و زۆر کێشەی ژیانی رۆژانە ئەوەی پێی دەوترێ چینی ناوەڕاست و مووچەخۆری ئەم وڵاتە بەدەستییەوە دەناڵێنن.
 لەو ساتانەدا ئەو جۆرە بابەتانە دەبیستیت قێز لە مرۆڤبوونی خۆت دەکەیتەوە، ئاخر لە چ وڵاتێکدا بووە ناوی «مۆدێل» لەو جۆرە کەسانە بنرێت؟!
مۆدێلین پیشەیە
مۆدێل و مۆدێلین پیشەیەکە وەکو هەر پیشەیەکی دیکە و لە دونیادا نموونەکانی وەکو ناعومی کامبڵ و هایدی کلوم و ...هتد وەکو ئەفسانە و بەڕێزەوە تەماشا دەکرێن و بەرامبەر پارەی خەیاڵی داوایان لێدەکرێت ریکلام بۆ براندێکی جیهانیی بکەن یان میوان و دادوەر بن لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، بێگومان لەبەرئەوەی مۆدێلەکانی ئەوێ بە راستی ئەو کارە دەکەن و پەیوەندییە تایبەتییەکانیان هۆکار نەبووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو سامانەی هەیانە و دەوڵەمەندبوونیان، بەڵکو بەهرە و تواناکانیان لە بوارەکەی خۆیاندا وایلێکردون لە ژیانیاندا پێشبکەون، بۆیە لەوێ کەس بە نمایشکارێکی جلوبەرگ و مۆدێلێک ناڵێت ئەو سامانەت لە کوێ بوو؟ نیشانەی پرسیاریان ناچێتە سەر جگەلەوەی وەکو هەر تاکێکی دیکە لەو وڵاتانە تا دەوڵەمەندتر بیت زیاتر باج دەدەیتە حکومەت، بەڵام بەناو مۆدێلەکانی ئێرە جگە لەوەی زۆربەیان خەڵکی ئەم وڵاتە نین و ناوی مۆدێلیان لێنراوە، بەهۆی پەیوەندییە تایبەتییەکانیانەوە بوونەتە خاوەنی ئەو سامانە و چەندان نیشانەی پرسیاریان لەسەرە کە بە کەسانێکی وەکو ئێمەی چینی ناوەڕاست و مووچەخۆر وەڵام نادرێتەوە و بگرە زۆربەمان ناوێرین ئەو پرسیارەش بکەین، چونکە ئەوان پشت و پەنایان هەیە و ئێمەش تاکە پشت و پەنامان بڕوانامە و هەوڵ و ماندووبوونی رۆژانە و خوێنی شەهیدەکانمانە. 

 

وتارەکانی نوسەر