هەر نەبێت ژینگەی کوردستان قەرەبوو بکەنەوە

10:34 - 2022-04-16
کوردستانی نوێ
454 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە رۆژی 5/6ی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک رۆژی جیهانیی ژینگە دیاریکراوە، بەڵام لای گەلی کوردستان رۆژی 16/4 بۆ رۆژی ژینگە دیاریکراوە.
ساڵی 1988 بە ساڵی زۆربەی مەینەتی و کارەساتەکان لە دەفتەری یادەوەریی خەڵکی کوردستاندا تۆمارکراوە، چونکە هەر لە سەرەتای بەهار و جەژنی دارو درەخت و سەوزاییەوە، کوردستان بە بۆردومانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجەی شەهید و سێوسێنان و دۆڵی بالیسان و دۆڵی شێخ وەسانان و دۆڵی جافایەتی پێشوازییان لەو جەژن و بۆنەیە کرد. جگە لەوەی جۆرە جیاجیاکانی چەکی کیمیایی لەو سەروبەندەدا لەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کوردستان تاقیکرایەوە و هیچ زیندەوەرێک بە ئاژەڵ و رووەکەوە لەو ژەهرخواردکردنە بێبەش نەبوون.
ژەهراویکردنی خەڵک و خاک و زیندەوەران لە رێی چەکی کیمیاییەوە، هاوکات بوو لەگەڵ قۆناغی دووەم و سێیەمی جینۆسایدی ئەنفالدا، کە ئەمەش بۆخۆی جگە لە شوێنبزرکردن و زیندەبەچاڵکردنی دەیان هەزار مرۆڤ، هێرشیش بوو بۆسەر ژینگەی کوردستان کە بە هۆیەوە هەزاران گوند و پاوان و دارستان، یان سووتێنران یاخود لەگەڵ گوندەکاندا بوونە وێرانە و بە ملیۆنان درەختی سروشتی و خۆڕسکی ناوچە جیاجیاکان بە پاساوی پشتێنەی ئەمنییەوە لە ریشە هەڵکێشران.
لە رۆژی ژینگەی کوردستاندا چەندە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتییە قەرەبووی خەڵکی ئەو ناوچە کارەساتبارانە بکەنەوە لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە، هێندەی ئەوەش ئەرکی خەڵک و رێکخراوە ژینگەییەکان و هەردوو  حکومەتی هەرێم و بەغدایە قەرەبووی ئەو ستەمە بکەنەوە کە لە ژینگەی کوردستان کراوە، بەتایبەتی لەم دۆخە نالەبارە ژینگەییەدا کە نەک هەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو زۆربەی جیهانی گرتۆتەوە، بۆیە هەر خزمەتێکیش بە خەڵکەکە بکرێت، بەبێ ئاوڕدانەوە لە ژینگە و سروشتی ناوچەکانیان و هەوڵی دەستەجەمعی بۆ سەوزکردنەوەی دارستان و پاوانەکان، سوودێکی ئەوتۆی نابێت و تادێت گۆڕانی کەش و هەوا و بە بیابانبوون زیاتر تەنگ بەو کەسانەش هەڵدەچنێت کە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.

وتارەکانی نوسەر