داهێنانێكی نوێ

11:52 - 2022-04-16
مەهدی ئەحمەد مەحمود
147 خوێندراوەتەوە

یەكێتی هێشتا زیندووترین حزبی كوردییە، بۆیە هەرجارە و بە داهێنانێكی نوێوە دێتەوە ناو كادران و دەنگدەران و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. 
یەكێتی لە مێژووی خۆیدا هەوراز و نشێوی زۆری بڕیووە، بەڵام هەرگیز بۆ ساتێكیش لە فیگەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دانەبڕاوە و هەمیشە رچەشكێن و نوێگەربووە و دونیابینییەكەی وای كردووە لە پێشی پێشەوەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانەوە بێت. 
نایشارینەوە ئەوەی بەسەر یەكێتی هاتووە لە پێش راپەرین و لەدوای راپەرین رووداوگەلێكی كەم نەبوون بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا. 
بەڵام یەكێتی وەك داربەڕووەكانی قەندیل چۆكی دانەدا و بەوپەڕی وزە و توانایەوە وردە وردە بەرەو هەستانەوە هەنگاوی ناو لە داهێنان نەكەوتووە.
 یەكێتی هەمیشە بەرپرسیارانە بۆ ئایندەی كوردستانی روانیووە و پەیامێكی روونی نیشتمانی هەبووە و تاکتیکی نوێی خستۆتە رۆژڤەوە بۆ دەربازبوون لە دۆخە سیاسییە چەقبەستووەكان،  لە دۆخێكی وەك ئێستادا كە  70 ٪ی خەڵكی كوردستان لە دەرەوەی بەشداریی سیاسییە و هیچ ئومێدێكی نەماوە بۆ ژیانێكی خۆشگوزەران و داهاتوویەكی پڕشنگدار و ئینتیما بۆ خاك و نیشتمان، ئەم هاتووە وەكو زیندووترین حزبی كوردی دیداری یەكێتی سازدەكات. 
لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بەشداریكردنی ئەو ژمارە زۆرەی كادران لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە لیژنە جۆراوجۆرەكاندا زۆر گرنگە و زیاتر دەرخەری ئەوەیە كە دیدارێكی مژدەبەخش دەبێت و لەجێی ئەو چاوەڕوانییەدا دەبێت كە نەك هەر جەماوەری یەكێتی، بەڵكو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش چاوەڕێیین. زۆر گرنگە رۆژی دیدار زیاتر تایبەت بكرێت بە ئۆرگان و پلەكانی خوارەوەی ناو یەكێتی، چونكە زۆرترین تێبینی و سەرنج لەلایەن ئەو هەڤاڵانەوە خراوەتەڕوو، كە نزیكن لەناو كۆمەڵگە و لە ئێش و ئازارەكانیان تێدەگەن، بەو ئومێدەی  تێڕوانین و گلەییەكانی بەشداربووانی دیدار بەهەند وەربگرێت بە ئامانجی نوێبوونەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی سیاسی و ئامادەسازی بۆ داهاتوو.
 لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتی بە بەستنی دیداری یەكێتی، پێداچوونەوە بۆ كاری رێكخراوەیی و نوێبوونەوە و خۆئامادەكردن بۆ داهاتوو دەكات و بەو كارەش داهێنانێكی نوێ بۆ بەخۆداچوونەوەی كاری رێكخراوەیی دەکات.

وتارەکانی نوسەر