دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی ئابووریی کوردستان

12:13 - 2022-04-16
وتار
565 خوێندراوەتەوە

پ.ی. د.پەیمان رەمەزان* 
وەک دیارە کە  ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014-ەوە بە چەند سەختییەکی بەردەوامدا تێدەپەڕێت و هەمان قەیرانی دارایی  دووبارە دەبێتەوە. جگە لە دەوڵەمەندبوون بە نەوت، سیستمی دارایی هەرێمی کوردستان پشت بەستە بە داهاتی نەوت وەک تاکە سەرچاوەی سەرەکی هەرێم، ئەوەش وایکردووە کە ئابووریی هەرێمی کوردستان هەستیاربێت بەرامبەر بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان.
 سیستەمی ئابووریی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت و  غاز بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا بەگشتی ئابووریی شلۆقن و بە بەردەوامی لە بەرزبوون و نزمبوونەوەدان.
نەوت وەک سەرچاوەیەکی داهات هەمیشە ئابوورییەکی ناسک دروست دەکات کە تێیدا نەک تەنها گۆڕانکارییەکان لە ئابووری جیهان و قەیرانەکان، بەڵکو رۆڵی کۆمپانیاکانی نەوت کاریگەریی نەرێنیی هەیە لەسەر گەشەسەندنی ئابووری. 
لە ساڵانی حەفتاکانەوە عیراق و زۆرینەی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت رووبەڕووی قەیرانی ئابووری دەبنەوە کەچی نەیانتوانیووە لە نەفرەتی نەوت رزگاریان ببێت.
 چەند خاڵێکی گرنگ هەن کە دەبێت لە بەرچاوبگیرێن وەک نرخی نەوت کە لە بازاڕەکانی جیهاندا دیاریدەکرێت، خواستی وڵاتان بۆ نەوت، لەگەڵ ئەوەشدا نەوت سەرچاوەیەکە کە دووبارە بەکارهێنانەوەی نییە، بۆیە دەبێت داهاتی نەوت لە پڕۆژەی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی و پەرەپێداندا بە کەرتەکانی تری ئابووری خەرج بکرێت.
 چەند فاکتەرێکی سەرەکی هەن بۆ پاشەکشەی ئابووریی حکومەتی پشت بەستوو بە نەوت، هەروەک حکومەت سوود وەرناگرێت لە دەرفەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، سیاسەتی نەختینە گونجاو نییە، لەگەڵ پێکهاتەی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت کار لەسەر ریکخستنی داهاتی نەوت بکات، بۆئەوەی دارایی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی باشتر ئاراستە بکرێت. 
پرسیارە سەرەکی و هەستیارەکە ئەوەیە: لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هەمان قەیران پێویستە چی بکرێت بۆ رێگریی لە دووبارەبوونەوە و کەمکردنەوە زیانەکانی ئەو قەیرانە داراییانە لە هەرێمی کوردستان؟ بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێمی کوردستان پێویستە سیاسەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بگونجێنرێت لەگەڵ نوێگەرییەکان لە ئابووریی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غازدا.
 حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرەپێدان بە ئابووری هەمەجۆر، گرنگە ساڵی 2022 بە ساڵێکی هاوشێوەی 2020 بچوێنێت لە رووی قەیرانەکانەوە و بە ساڵی 2022 لەڕووی  ئابوورییەوە هەمان شێوەی 2020 و 2014، بگرە ساڵەکانی تریش ساڵێکی دارایی هەستیار و سەخت بوون بۆ هەرێمی کوردستان، بەهۆی تەنگژە سیاسییەکانی ناوخۆی عیراق و کێشە دەرەکییەکانیشەوە، هەروەک جەنگی روسیاو ئۆکرانیا کە ئەویش کاریگەریی ئابووریی خۆی هەبووە لەسەر هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ بەردەوامبوونی دیداری یەکێتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دووبارە دڵسۆزانی یەکێتی بە پەرۆشەوە لەو هەوڵە دەڕوانن کە دەرفەت بێت بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

کاتی ئەوە هاتووە بیر لە پەرەدان بە سێکتەرەکانی تری ئابووریی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ، لەکاتێکدا کە هەرێمی کوردستان خاکەکەی بە پیت و گونجاوە بە جۆرێک کە لە ماوەی 10 ساڵی کارکردن لەو سێکتەرەدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ عیراق و لە ساڵانی دواتریشدا بۆ وڵاتانی دراوسێ.
 گرنگە کە دەرفەت بدرێت بە کەرتی تایبەت و لە رێگەیەوە پەرە بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت، چونکە کەرتی گەشتوگوزار داهاتێکی بەردەوام دەهێنێت بۆ هەرێم و شارەکان، و هەلی کار هەم لە کەرتی کشتوکاڵ و هەم لە گەشتوگوزاردا زیاترە بەرواورد بە نەوت و غاز. 
بەمەش هەرێمی کوردستان دەتوانیت دەرفەتی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان بڕەخسێنێت.  
حکومەت دەبێت هۆشیارانە مامەڵە بکات لەگەڵ پرسی گەنجان و هەژاریی و بێکاریدا، چونکە گەنجان سەرمایەی مرۆیی هەرێمی کوردستانن، دەستی کاری داهاتوون، دەبێت کاربکرێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و هەژاری بە پلان. 
گرنگە بزانین کە هێزی کاری گەنج بەبەهاترین سەرچاوەی ئابوورییە و کۆچی گەنجان بۆتە مایەی بەهەدەردانی ئەو سەرچاوەیە. لەو گرفتەشدا ئیدارەی راپەڕین پشکی شێری بەرکەوتووە بەراورد بە شارە گەورەکان لە کۆچی بەلێشاوی گەنجان بەتایبەتی لە ساڵی 2021 دا.
لەگەڵ بەردەوامبوونی دیداری یەکێتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دووبارە دڵسۆزانی یەکێتی بە پەرۆشەوە لەو هەوڵە دەڕوانن کە دەرفەت بێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.  کارکردن بە میکانیزمی گونجاو و جدی بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە داراییە چەقبەستووانە و کارکردن بۆ پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان.
*دکتۆرا لە کارگێڕی گشتی، مامۆستای زانکۆی راپەڕین

وتارەکانی نوسەر