دیدار بۆ هەڵسانەوەی یەکێتییە

12:18 - 2022-04-16
د.ئاراس عەبدولڕەحمان
391 خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە تائێستا، ئەم حزبە بە چەندین هەوراز و نشێوی زۆر سەخت و دژوار و پڕ قەیران و ئاستەنگدا تێپەڕیووە، رۆژگارێک لە خەباتی شاخدا لەناو بێئومێدی خەڵکدا بۆ خەبات و تێکۆشان لەدایک بوو، رۆژگارێک سەرکردە و پێشمەرگە و کادرەکانی لە شەوەزەنگی رەش و تاریکی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ئومێدیکی گەورەیان بەبەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کردەوە و جارێکیتر تاک بەتاکی کومەڵگەی کوردییان لە خەوی زڕاوی شکست و هەرەس راچڵەکاند و لە رۆژێکی رووناکدا بە دروشم و پەیام و بیروباوەڕێکی نوێی و سەردەمیانە و فرە باوەڕی کوردایەتی جاڕی هەڵسانەوە و سەرکەوتنی بە سەرجەم گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا پەخشکرد و هێزێکی بەهێزی تۆکمەی بە بیروباوەڕی بیرو بازوو هێنایە مەیدانی خەبات و تێکۆشانەوە، هەرزووش ئەم هێزە توانی کاریگەرییە گەورەکانی لە بزووتنەوەی چەکداری و سیاسی خەڵکی کوردستاندا بەدیار بخات و رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر خەباتی کوردایەتی دانا.
یەکێک لە جوانترین و باشترین و سەرکەوتووترین پلان و ستراتیژی یەکێتی لە رۆژە سەختەکاندا گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شاربوو، هەروەها بەشداریپێکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بوو لە خەباتکردن، بەتایبەتی خوێندکاران و مامۆستایان و پزیشک و ئەندازیار و فەرمانبەران، هەروەها بەشداریپێکردنی چینە گرنگەکەی کۆمەڵگە کە بریتیبوون لە عەشیرەت و خێڵەکان و دەرەبەگەکان، ئەمەش بەو مانایەی کە پێویستە لە خەباتکردندا بەبێ جیاوازی سەرجەم چین و توێژەکان بەشداریی بکەن، ئەمەش هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنی خەباتی یەکێتی بوو بەتایبەتی دەرئەنجامەکەی سەرهەڵدانی راپەڕین و رزگارکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بوو کە بۆ یەکەم جاربوو لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی کوردا ئازادی و رزگاری بەشێکی گەورەی کوردستان بەدیبێت.
دیارە دوای راپەڕین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی دەستکەوتی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان بەدی بهێنێت، بەڵام ئاڵۆزیی بارودۆخی عیراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی  وایکرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەردەم دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی و جیهاندا، دووچاری کێشە و قەیرانی ناوخۆیی حزب ببێتەوە و کاریگەریی زۆر خراپیش بەدوای خۆیدا بهێنێت، یەکێک لەو گۆڕانکارییە گرنگانەی کە یەکێتیی نەیتوانی لەگەڵیدا خۆی بگونجێنێت، هاوسەنگ رانەگرتنی بەرژەوەندییەکانی هەندێک دەوڵەت و وڵاتانی هەرێمی بوو بەتایبەتی تورکیا و ئێران، هەروەها لە ناوخۆی حزبیشدا ناکۆکی و ململانێی سەرکردەکانی یەکێتی لەسەر شێوازی کاری حزبایەتی و حوکمڕانی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان، وایلێهات گەیشتە رادەیەک کە بەتەواوی باڵ و کوتلەی جیاواز بە ئاشکرا دەربکەون و هەوڵبدەن کە یەکێتی بەرەو ئاقاری کەرتبوون بەرێت، دیارە دوای رزگارکردنی عیراق و رووخانی رژێمی بەعس، بارودۆخێک هاتە پێشەوە کە تەواو لە بەرژەوەندیی یەکێتی و خەڵکی کوردستاندا بوو، بەڵام بە بۆچوونی من تاکە هۆکاری لاوازیی سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەبوو کە داهات و پارەیەکی زۆر کەوتە بندەستی بەرپرسە باڵاکانی حزب و یەکێتی لە دامەزراوەیەکی بە دیسپلینی حزبیدا بۆ کۆمپانیایەکی سەرمایەگوزاریی و کۆمپرادۆری راکێش بکات، نەتوانرا حزبی پێ بەهێز بکرێت و نەتوانرا خزمەتگوزاریی وای پێ بکرێت کە جێگای رەزامەندی خەڵک بێت.
 لەلایەکی ترەوە یەکێک لە هەڵە هەرە گەورەکانی یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی ئەوەبوو کە بابەتی سزاو پاداشتیان لەبیرکرد و ئەوەی لە سەرکردایەتی و بەرپرسە ئیدارییەکانی ناو حکومەت نزیکبوو، لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی بوو بە خاوەن سەرمایە و کۆمپانیای گەورە، لە بەرامبەریشدا رۆژ بەڕۆژ بیرو باوەڕ و ئایدۆلۆژیای حزب لە بەرز راگرتن و هێشتنەوە و گرنگیدان بە بەها پیرۆزەکان لە دەم و دەست و داوێن پاکی دواتر پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی حزب، بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەی سەرمایەی کەڵەکەبوو پێچەوانە بۆوە.
ئەوە جگە لەوەی ئەو جیاوازییە زۆرەی کە پێش رووخانی رژێمی بەعس لە کوردستاندا لە بیروباوەڕی دیموکراسیخوازی و ئازادیخوازی و پێشکەوتنحوازی یەکێتیدا هەبوو لەچاو حزب و رێکخراوەکانی تردا، لە ماوەی چەند ساڵێکدا هاوسەنگ بۆوە، ئەمەش زۆرترین کاریگەریی خراپی لەسەر کادر و ئەندام و دۆست و هەوادارانی یەکێتی دروستکرد، تەنانەت وایلێهات زەمینەیەکی زۆر باشی دروستکرد بۆ جیابوونەوە و دامەزراندنی حزبی جیاجیا لە هەناوی یەکێتییەوە، بەمەش لەلایەک ژمارەیەکی زۆر لە جەماوەری یەکێتی هەم بوونە نەیاری یەکێتی و هەم بوونە هۆی تێکچوون و ئاڵۆزبوونی دۆخی زۆنی سەوز.

*یاریدەدەرى
پرۆفیسۆر لە زانکۆى راپەڕین   

وتارەکانی نوسەر