بەرەو گێڕانەوەی ستراتیژ

12:30 - 2022-04-16
وتار
285 خوێندراوەتەوە

جەبار عەزیز
لەدوای هەرەسەوە مەیدانی ململانێ لە رووی سیاسییەوە سەرکردایەتی یەکێتی و لە سەرووی هەمووشیانەوە، کاریزمایەکی بەدیقەت و فیگەرێکی پڕاگماتی وەک جەنابی مام جەلال رەنگڕێژی دەکات، لەڕووی سەربازیی و شەڕی سەنگەر و بەرخودانی زیندان، کادر و پێشمەرگەی یەکێتی نەخشی گەورەی تێدا دەهەێنن و ئومێدێک کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە کورد سەندرا، جارێکی تر یەکێتی بە هۆشیارییەکی نوێ و دیقەتێکی کوردانە و کرانەوە و بیری نوێ و هێزی نوێ گوڕدەداتەوە خەباتی نەتەوایەتی و تائێستاش ئەو چاوگە هەر گەش و جێگای ئومێدە، بەڵام... 
لەدوای ئەو بەڵامەوە، ئەگەر بە گێڕانەوەی دۆخی 20 ساڵی رابردووبێت، بەو هەڵبەز و دابەزە سیاسی و ئیداریی و ململانێ سەختانە بێت کە یەکێتی پێیدا تێپەڕیووە، رەنگە وتارێکی رۆژنامەوانی دەرەقەتی نەیەت، بۆیە درشت لەسەر شتەکان دەوەستم.
ئەو دۆخەی کە یەکێتی گەیاندە ئەمڕۆ مەحەکی ئەو جوگرافیایەی یەکێتی سیاسەتی تێدا دەکرد و ئەو ململانێ تاقەت پڕوکێنانەی کە کۆی ئۆرگانەکانی یەکێتی پێیدا تێدەپەڕین و جیابوونەوەی هەندێک کەسایەتیی دیار، یەکێتی لە هێزێکی ستراتیژیی خاوەن روئیای روونەوە، گۆڕی یان ناچار بە دۆخێکی تاکتیکی و تێپەڕاندنی دۆخەکە کرد.
بەداخەوە ئەم دۆخی تاکتیکی و راگوزەرە زۆر درێژەی کێشا و هێشتا هەنگاوی راستەقینە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژێکی کاریگەر نەنراوە.
لە 20  ساڵی رابردوودا بە قبووڵکردنی ئەوەی کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکنەچێت، بەوەی کوردستان قۆناغە هەستیارەکانی تێپەڕێنێت، لەسەر حیسابی یەکێتی درێژە بەم دۆخە سیاسی و ئیدارییە درا، کە بەسەر کوردستاندا سەپاوە، گەیشتووینە شوێنێک ئەو داستان و چالاکییانەی پێشمەرگەکانی یەکێتی بە خوێنی خۆیان نووسیویانن، ئێستا بێشەرمانە هێز و لایانی تر دەیانکەن بە سەروەریی خۆیان. 
ئێمەی یەکێتییەکان و ئەو سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتی بەرپرسیارین بەرامبەر بە مێژووی یەکێتی و جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی زۆر ناڕەزایی بەرامبەر بە  یەکێتی هەیە، وەک بەشێک لە ئیدارەدانی کوردستان، بەڵام هێشتا یەکێتی تاکە سەرچاوەی ئومێدی هەموانە و هەموانیش چاویان لەو تروسکاییەیە کە دووبارە لە مەیدانی ململانێکلاندا جارێکی تر نوێنەرایەتی دەنگی هەمووان بکات. هیوا ئەوەیە کە دیداری یەکێتی گێڕانەوەی ناوەندێتییەک بێت بۆ سیاسەتی یەکێتی کە ئێستا دەستی پێکردووە، تا ببێتە ئەو سەرەتا نوێیە.
پێویستە دیداری یەکێتی وەرچەرخان دروست بکات، لە دۆخی قسەوە بمانگوازێتەوە بۆ دۆخی کردار، جەماوەی کوردستان و جەماوەری یەکێتی چاوەڕێی کردە و هەنگاوی جدین، هەنگاوێک کە هەم دۆخی رێکخراوەیی بە ئاقارێکی تردا ببات و ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتی و کادرەکانی بە جۆرێک رێکبخرێنەوە کە سەردەم و قۆناغەکە دەیخوازێت، هەم دۆخی ئیداریی و خزمەتگوزاری گۆڕانکارییان تێدا بکرێت و لەو پاشاگەردانییە رزگار بکرێن و ستراتیژ و ئاراستەی سیاسیی یەکێتی روون و رەوان گوزارشت لە ئێستامان بکات و لەئاست تەحدیات و ململانێ نوێیەکاندا بێت. 
ئاڵنگارییەکانی بەردەم دووبارە گوڕدانەوە یەکجگار زۆرن، تێپەڕاندنیان پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز و بڕیاری راستەقینە و دروستە، بەڵام هەنگاوی پێویستن و دەبێت بنرێن، هەم یەکێتی و هەمیش جەماوەرەکەی پێویستیان بەوەیە بۆ قۆناغی نوێ بە ‌هێزی نوێ و رێکخستنی نوێ و ستراتیژ و ئیرادەی نوێوە، دووبارە بە ئیرادەی سەرەتاوە هەموومان دەست لەناو دەست دەست پێبکەینەوە. 
دیداری یەکێتی بۆ گرنگە؟ 
ئەم دیدارە لەکاتێکدایە کە دۆخی کوردستان و عیراق بە داڕشتنەوەی نەخشەیەکی  نوێی سیاسیدا تێدەپەڕێت، کە بێگومان ئەم نەخشە نوێیە کاریگەریی دوورمەودای دەبێت بەسەر ئایندەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراقەوە، کە بەدڵنیایی ئەم دۆخە نوێیە پێویستی بە داڕشتنەوەیەکی نوێ و پلانی نوێی کارکردنە، کە خۆشبەختانە هەنگاوەکانی دیداری یەکێتی کەوتوونە ناو ئەو سەرەتا نوێیەوە کە بۆ یەکێتی و یەكیێتییەکان دەستپێکێکی نوێ و هیوا بەخشە. 
ئەم دیدارە گرنگە چونکە شێوازی  بەشداریی و هەنگاوەکانی ئامادەکاریی سەرجەم ئۆرگان و کادر و دۆستان و لایەنگرانی یەکێتی تیایدا بەشدارن و قسەی خۆیان دەبێت لەسەر پلان و بەرنامە و نەخشەی نوێی کارکردن تا وەڵامدەرەوەی ئەم قۆناغە بێت.

وتارەکانی نوسەر