خۆڕاگر وەك چیا، گەنج وەك بەیانی!

12:31 - 2022-04-16
ئەرسەلان مەحمود
300 خوێندراوەتەوە

فەلسەفەی یەكێتی، تیۆرەكەی لەسەر وەڵامدەرەوەی واقیع داڕێژراوە، هەر ئەم بنەما رووناك و بەهێزەشێتی وایكردووە بۆ هەر قۆناغێك لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و تێكۆشان، سەرەڕای ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی، وەڵامی واقیعبینانەی خۆی هەبێ‌ و بە تفەنگێكی ژەنگاوی و سەمینۆفێكی كورتەوە، یەك پشوو شۆڕشە خوێناوییەكەی رابەرایەتی بكات و سەربخات.
ئەمڕۆ، رۆژی كورد و كوردستانەكەی لە بوارە جڤاكی و سیاسییەكەدا كاتێك دەبیندرێ‌ بەم رۆژە تەمومژاوی و نەخوازراوە گەیشتووە، هەڵبژاردنی بێدەنگی و خۆهەڵواسین بە دۆخەکەوە، بە تایبەتی بۆ حزبێكی زیندووی خاوەن نەخش و خاوەن سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نەك هەر خوكوژییە لەخۆیدا، بەڵکو كوردكوژیشە.
هێشتا خەڵكی كوردستان، ئازادیخوازان، هیوایان بە یەكێتی زۆرە و چاویان لە هەوڵ و هەنگاوەكانێتی، بە ئەزموونیش دەركەوتووە لەهەر كوێ‌ یەكێتی گەمارۆدرابێ‌، دۆسێی كورد و پرسەكەی گەمارۆدراوە، لەهەر كوێش پاشەكشە بە پێگە و رۆڵی یەكێتیی كرابێ‌، لەو شوێنەش پاشەكشە بە پێگەو رۆڵی كورد لەسەر ئاستە ناوخۆیی و عیراقی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکە كراوە.
یەكێتیی، بە مۆدێلێكی تەواو نوێ‌ و داهێنەرانە لە ژیانی حزبیدا، لە رێگەی بەشداریپێكردنی هەموان و یەكە پێكهێنەرە ئۆرگانیكییەكەی، حزبایەتی لە خۆیدا بە كۆمەڵایەتی كردووە و دەیەوێ‌ ئەم نا هاوسەنگییە سیاسییە هەم لەخۆی و هەم لە دەرەوەی خۆی و لە گۆڕەپانەكەدا، لە دیداری یەكێتیدا، هاوسەنگ بكاتەوە.
دیداری یەكێتی وێستگەی داڕشتنەوە و نوێكردنەوەی هزر و هێز و ئاڕاستە كردنەوەی یەكێتی دەبێت.
دەستپێشخەرییەكەی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئەركداركردنی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، هەوێنەكەی لە ئایدیاكانی هەڤاڵ «مام جەلال»ـەوە وەرگیراوە و سەرچاوەی وزەكەشی دیدگا فراوانەكەی هەڤاڵان و بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان و چاوەڕوانییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، ئەركی یەكێتییەكانە بەوپەڕی دڵسۆزی و هەستیاری و نوێگەری و پەرۆشییەوە، ئەم وێستگەیە بكەنە كەرنەڤاڵی نۆژەنكردنەوەی شاڕێگەی حزب و حزبایەتی و بووژاندنەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵك.
ئەمڕۆ نزیك بە نیو سەدە بەسەر بەرپاكردنی شۆڕش و زیاتر لە 31 ساڵ بەسەر راپەڕینی بەهاری 1991دا تێدەپەڕێ‌ت، ئەو راپەڕینەی لە ڕانیەی دەروازەی راپەڕین و پایتەختی ئازادییەوە چەخماخەی داو بەغدای هەژاند، نەنگییەكی گەورەیە دۆخی خەڵك و هەرێمەكەمان بەم جۆرە نەخوازراوە بێت، ئەركمانە بە گیانی راپەڕینسازییەوە، بكەوینەوە رێكخستنەوەی یەكێتیەكەمان تا لە رێگەیەوە كوردستانەكەمان ببووژێنینەوە و مەترسییەكان بەڕەوێنینەوە.
هەموان لەسەر ئەوە کۆکن، گۆڕانكاری گەورەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری روویداوە، ئەم پێشهات و ئەم واقیعە نوێیە، بەهزر و كەرەستەی كۆنینەوە وەڵام نادرێتەوە، پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی بابەتیانە و زانستیانەی هاوچەرخ و خوێندنەوەی نوێیە، دەبێ‌ بەدوای وروژاندنی پرسیارە جددییەكاندا بگەڕێین و ئازایانە و یەكێتییانە وەڵام بدۆزینەوە، دەبێ‌ تەواوی توانستەكانمان لە پێناوی هێنانەئارای تێكستی زیندوو دیدگای نوێدا تەرخان بكەین، ئەو تێكستە زیندووانەی خواست و گەڵاڵەنامەی ئەمڕۆی تەواوی چین و توێژە كۆمەڵایەتی و مافە رەواكانی خەڵك لەخۆ دەگرن، ئەو دیدگا نوێیانەی دەبنە مایەی هەبوونی حوكمی رەشید و پەروەردەی تەندروست، ساغڵەمیی كۆمەڵایەتی و هاوسەنگیی جێندەری، نەوەیەكی هۆشیار و ئامادە.
با دیداری یەكێتی بكەینە دیداری ساڵانەی پێداچوونەوە و گوێگرتن لە گەنجان و پشتیوانیكردنی پڕۆژەكانیان. پێویستە تێڕوانیمان بۆ حزبایەتی بگۆڕین، هەر ئەوانە یەكێتی نین کە ئەندامی رێكخستن و ئۆرگانە پێكهێنەرەكانی یەكێتین، هەموان مافیان بەسەر یەكێتییەوە هەیە و هەر كەسێكیش دژبەری فەلسەفە و ئایدیاكانی یەكێتی نەبوو، با ئەندام و هیچ پابەندییەكی ئۆرگانی و حزبیشی نەبێت، یەكێتییە، هەتا ریفۆرم لە بیركردنەوە و ژیانی حزبیماندا نەكەین، ناتوانین لە واقیعدا ئەمە بەمانا بكەین.
زۆر گرنگە دیداری یەكێتی یەكێتیانە و ئازایانە تیشك بخاتە سەر قۆناغەكە، ئێمە دەبێ‌ یەكێتی بۆ یەكێتی و یەكێتیی بۆ خەڵك ئامادە بكەینەوە، ئەمەش تەنها بەوە دەكرێ‌ت یەكێتی بۆ قۆناغەكە ئامادەبكەینەوە نەك گونجاندنی قۆناغەكە لەگەڵ یەكێتییدا.
خۆشحاڵم لە یەكەم هەنگاودا، ئەگەر بە پۆینتێكیش بوو بێت، پشك و پێشنیازم لەم پڕۆژەیەدا هەیە، جێگەی شانازیمانە پێکەوە ئەم دیدارە بكەینە وێستگەی بیناكردنەوەی یەكێتی لە سەرجەم بوارەكاندا، بیكەینە دەرچەی گەشەپێدانەوە و پراكتیزەكردنی سەردەمییانەی ئایدیاكانی سەر‌ۆك «مام جەلال»‌، چونكە‌ نوێكردنەوە و بەهێزبوونەوەی یەكێتی، تاكە زامنی سەرەكیی گەڕانەوە و دەستەبەری مافە زەوتكراوەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەك بەیەكی ئێمەیە، با یەكێتی خۆڕاگر وەك چیا، گەنج وەك بەیانی بهێڵینەوە.

وتارەکانی نوسەر