کەی یەکێتی ستۆپ بە پارتی دەکات؟

11:10 - 2022-04-18
هیوا محەمەد
463 خوێندراوەتەوە





کاتێکمان زانی لە ژێر ناوی رێکەوتنی ستراژیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بێ ئاگاداریی هیچ لایەنێکی غەیرە پارتی، رێکەوتنێک لەگەڵ تورکیا کرا بۆ 50 ساڵ سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم بەو وڵاتەدا.
تازە ئەوەش کە ئێمە کردمانە هەڵاو هاوار و گازندە و رەخنە، هیچی سوودی نەبوو، پارتییش وتی بەدوای مردوودا شین مەکەن چونکە بەوە زیندوو نابێتەوە.
ئێستا جار جار نەبێت بیرمان دەکەوێتەوە، دەنا دەکرێت چووبێتینە ژێر باری ئەمری واقیع و لێی بێدەنگ بووبین. کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانانی رازی بوون بەوەی ئێمە پشکی سەرەکیمان لە لووتکەی دەسەڵاتدارێتی عیراقدا هەبێت، ئەوەشیان دەزانی کە هەرێمی کوردستان بە هەردوو زۆنەکەیەوە چەندە نەوت و غازی تێدایە.
ئەو رێکەوتنە 50 ساڵەیەی نێوان ئەنقەرە و پارتییش بەشێک بوو لەو بابەتە پلان بۆ داڕێژراوە سەبارەت بە نەوت. بێدەنگیی حزبەکانی هەرێم و خەڵکی هەرێم و حکومەتی بەغدا و خەڵکی عیراق، لەبەرامبەر ئەو رێکەوتنە ژێربەژێرە، وایکرد پارتی بەردەوام بێت لە رادەستکردنی نەوت بە تورکیا بە هەموو نرخە جیاوازەکانییەوە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردووە وە بەسەریدا هاتووە.
ئەمە بووە مایەی نەهامەتی بۆ سەر هەرێم و خەڵکەکەی، کەمترینیان بڕینی بودجەی هەرێم بوو کە پاشەکەوت و لێبڕینی مووچەی لێکەوتەوە، وەک دیوە سیاسیەکەش، ریفراندوم  درزێکی گەورەی خستە نێوان هەرێم و بەغدا و خەڵکی عیراق و کورد و بێمتمانەییەکە زیاتر بوو.
تا ئێستا ئێمە لە زۆنی سەوز باجی ئەم هەڵە گەورانەی پارتی دەدەین، ئێستاش پارتی لە مقۆمقۆدایە بۆ رێکەوتنێک لەگەڵ ئەنقەرە بۆ ناردنی غازی ژێر دەستی زۆنی سەوز بە هەمان دەردی نەوتەکە.


خەڵک دەیانەوێت یەکێتی وەک حزبێکی دەسەڵاتدار و خاوەن هێزی پێشمەرگە و ئاساییش و قورسایی سیاسیی خۆی لە سەر هەرێم و بەغدا و ناوچەکە، (رێکتەی ستۆپ) بەرز بکاتەوە و چیدی نەهێڵێت ئەو مەرام و پیلانانە سەربگرێت کە بەسەر ئەم میللەتەدا دەهێندرێت و بەپارەی نەوت و غاز دەنگ دەکڕن و خەڵکیش چاوەڕوانی مژدەی خۆشی مووچەیە! 
پێویستە یەکێتی بەرنامەیەکی داڕێژراوی تۆکمە لە سوودی خەڵکی هەرێم بخاتە بەردەم حکومەتی عیراق و لە رێیەوە هەماهەنگی بکرێت تا بە شوێنێکی دیکەدا ئەو نەوت و غازەی ناوچەی زۆنی سەوز هەناردە بکرێت و داهاتەکەی بە یەکسانی دابەش بکرێت و بۆ خزمەتگوزارییەکانی هەموو عیراق و زۆنی سەوز بەکاربهێندرێت.
بەو هۆکارەی دەزانین کە هەرێم خۆی دەسەڵاتی لادانی نییە لە بڕیارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت هەندێک جار بەغداش ناتوانێت بڵێت نەخێر، بەڵام چارەسەری دیکە هەیە بۆ رێگریی لەو پلانەی کە دیسان سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئەردۆغان باسی کردووە، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ بەغدا و پێکەوە کارکردن، رۆژێک دێت دەگەینە ئەو باوەڕە کە بەغدا پایتەختی ئێمەی عیراقییەکانە بمانەوێت یان نا، با نەوت و غاز بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی کورد و عیراق بێت، نەک بۆ قووڵکردنەوەی ململانێ و ناسەقامگیریی، کە لەسایەیدا هەر بەرەو دواوە دەچین، بازرگانانی نەوتیش لە رێگەی ئەو رێکەوتنە ژێربەژێرانەوە سوود مەند دەبن.

وتارەکانی نوسەر