لەناو رووداوەکاندا

غازی هەرێم، لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا

11:11 - 2022-04-18
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
650 خوێندراوەتەوە

(11)

ئێستا بابەتی هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستان بۆتە رۆژەڤی گەرمی میدیای کوردی، لە ناوخۆی کوردستاندا زۆرینەیەک لەگەڵ ئەوە نین غازەکەشمان بە دەردی نەوتەکە بچێت، ئەو زۆرینەیە لەگەڵ ئەوەدان دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز لە رێگەی بەغداوە غازەکە هەناردە بکەن، وڵاتانی ناوچەکەش چاویان لەسەر پرسەکەیە، وڵاتێک بۆ خێرەکەی چاوی لێیەتی کە تورکیایە، وڵاتێکی دیکەش وەک شەڕ و نەهامەتی بۆ هەرێم دەیبینێت کە ئێرانە، لە رابردووشدا دەرەنجامی ئەم تێڕوانینەیانمان بینی بۆ سەر هەولێر.
غازی هەرێم لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا، بۆ هەر کامیان بنێردرێت، ئەگەر تەنها بکرێتە هێزێکی ئابووری و بۆ دەستکەوتنی داهات بێت، ئەوە کارێکی هەڵەیە، رێگا راستەکە ئەوەیە کورد و بەتایبەتتر دەسەڵاتی زۆنی سەوز بەغدا هەڵبژێرێت لەپێناوی زۆرترین سوود بۆ هاووڵاتیان و کوردستان، ئەمەش بە دوو رێگا:
یەکەمیان: حکومەتی ناوەندی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی دابین بکات و پشکی هەرێم لە بودجەی عیراقدا جێگیر بکات، پاشان زەمانەتی ئەوە لە بەغدا وەربگیرێت لەبەرامبەر غازەکەدا جارێکی دیکە مووچەی موچەخۆران ناکەوێتە مەترسییەوە.
دووەم: رادەستکردنی غاز بە بەغدا بکرێتە مەرجی هەرێم بۆسەر بەغدا کە دۆخی ئەمنی کوردستان بپارێزێت و داگیرکاری خاکی هەرێم لەهەر لایەنێکەوە بێت کۆتایی پێبهێنێت، هەموو ئەو هێزانەی لەناو خاکی هەرێمدان بەیاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت و بخرێنە دەرەوەی هەرێم.
وەک لە دەرەنجامەکەیەوە دەبینرێت، لە پرسی نەوتدا هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەی کردووە، نە داهاتی نەوتەکەی ئاسان دەگاتە دەست حکومەتی هەرێم نە هاووڵاتیانی کوردستانیش دەتوانن سوودمەندبن لە داهاتی نەوت. 
لە پرسی نەوتدا نەک دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان لەپێش چاو نەگیراوە، بە پێچەوانەوە تورکیا درێغی نەکردووە لە بۆردومانکردنی خاکی هەرێم و چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان، ئەوەی لە بابەتی نەوتی هەرێمدا دەخوێنرێتەوە، پڕۆتۆکۆڵی نەوت لەگەڵ تورکیا، هەمان شێوەی پڕۆتۆکۆڵی نەوتی نێوان ئەمریکا ــ سعودیەیە کە تاکو ئەو رێکەوتنە بەردەوام بێت، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە بنەماڵەی ئال سعود بپارێزێت و بەرگرییان لێ بکات.
لە پرسی غازی هەرێمدا چەندە دیوە مادی و ئابوورییەکەی گرنگە، دوو هێندە بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری خاکی هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە بابەتی غاز و نەوت دوو پرسی جیاوازن و بەو پێیەی روسیا غازی هەرێم بە مەترسی بۆسەر پێگەی خۆی دەزانێت لە ئەوروپا و جیهاندا، ئەوا رەنگە دۆخی ئەمنی هەرێم بخاتە مەترسییەوە، پێش ئەوەی غاز ببێتە مەترسی بۆسەر هەرێم دەبێت هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندی رێکبکەوێت و پرسی ناردنە دەرەوەی غازی هەرێم لە رێگەی بەغداوە بێت، بەمەش مەترسی کەمتر و یاساییتر دەبێت.
بۆئەوەی هەمان هەڵەکانی نەوتی هەرێم دووبارە نەبنەوە، دەبێت هەر رێکەوتنێک لەگەڵ بەغدا لە بواری غازدا دەکرێت، پێش هەر شتێک، ماوە کورت بێت لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە مەرجدار بێت و پاراستنی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان بخرێتە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنەوە.

وتارەکانی نوسەر