مێژووی ئەنفال چۆن دەمێنێتەوە؟

01:46 - 2022-04-18
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
695 خوێندراوەتەوە

هەڵکۆڵین و دیواربەندی، دوو پرۆسەی تۆمارکردنە، یەکەمیان مێژوویەکی گەلێک کۆنتر و دووەمیش بە پێی گەشە و زۆربوونی پێداویستییەکانی مرۆڤ زیادی کردووە، ئەگەرچی ئێستا هۆیەکانی تۆمارکردن زۆربوون و وەک جاران و سەرەتاکانی جووڵە و فرمانەکانی مرۆڤ نییە، بەڵام هێشتا هەڵکۆڵین و دیواربەندی بۆ مرۆڤ و گەل و نەتەوەکان پێویستە و بەشێکی گەورە و گرنگی گێڕانەوەی مێژووە و تۆمارێکی گەورەی مێژووە.

مێژووی دیواربەندی
بەشێکی مێژووی مرۆڤایەتی بە سەرکەوتن و شکستەکانیشەوە، لە رێگای دیواربەندییەوە دەگێڕدرێتەوە، لەسەرەتادا کە هۆیەکانی نووسین کەم بوون، مرۆڤی سەرەتایی سەرکەوتن و تۆمارەکانی لەسەر بەرد و تاوێرەکان هەڵکۆڵیوە و دەماودەم و بە مانای جیاواز گەیشتۆتە مرۆڤی دواتر، ئەم هەڵکۆڵینانەش هەم شێوەی مرۆڤ بووە لە سەرکەوتندا و هەم دەقەکانی خۆشەویستی و هێماکانی گیانفیدایی بووە، هەم دینییش بوو.
بەپێی ئەو بەڵگە و نووسراوانەی باس لە گرنگی و مێژووی دیواربەندی و کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی دەکەن، مێژووی ئەم بابەتە دەگێڕنەوە بۆ پێش ئیسلام، دواتر و بە پێی گۆڕانکارییەکان و پەلهاویشتنی مرۆڤ و داگیرکارییەکان و سەرکەوتنەکان و تۆمارەکانی نێوان مرۆڤ و رێکەوتنەکان،  کاری مرۆڤ و ریکەوتنەکان و زۆر بابەتی دیکە لەسەر بەرد و دیوارە قوڕینەکان هەڵکۆڵراون و تاکە مەبەستیش لەم هەڵکۆڵینە ئەوە بووە کە مێژووی ئەو سەرەتایەی مرۆڤ و کارو فرمان و جەنگەکانی ون نەبێت و بمێنێتەوە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا بەپێی ئەو وێنە هەڵکۆڵراوانەی لەسەر دیوارەکانی نوقتەی پەیکوڵی و نەرامسین و زۆر جێگەی دیکە دەبینرێن، ئەم مێژووە کۆنە و میللەتی کوردیش وەک زۆرێکی میللەت و نەتەوەکانی ناوچەکە و جیهان ویستوویەتی بەشێکی مێژووی خۆی و سەرکەوتنەکانی لە رێگەی هەڵکۆڵینەوە بگێڕێتەوە و بیگوازێتەوە بۆ خوێنەری کورد و نەوەکانی ئێستا و داهاتوی کورد، ئەو هەڵکۆڵینانەیش نەبوایە ئێستا بەشێکی مێژووی کورد فەوتابوو.

دیواربەندی ئەنفال
ئەگەر دیواربەندی بۆ هەر رووداو و کارەساتێکی جیهانی و تەنانەت کوردیش جارێک گرنگی هەبێت، ئەوا ئەم دیواربەندییە بۆ کارەساتی جەرگبڕ و پڕ ئازاری «ئەنفال» چەندینجار گرنگ و پێویستە، لەوانە:
یەکەم: دیواربەندی یەکێکە لە رێگا سەرکەوتووەکان بۆ زانین و تۆمارێکی تەواوی ناو و ژمارەی ئەو کەسانەی کورد کە کەوتنەبەر شاڵاوەکانی ئەنفال و لە بیابانەکانی  ناوەڕاست و خوارووی عیراقدا بێسەر و شوێن کران و کەس ژمارەی تەواویانی نەزانی بەعسییەکان و پیاوەکانی بەعس نەبێت، ئەوەشی دەگوترێت کە ژمارەی قوربانیانی کورد لە شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا 182000 کەس بووە، داتا و زانیارییەکی دروست و ورد نییە و کەس نازانێت راستە یاخود نا.
دووەم: بوونی دیواربەندی بۆ هەر یەکێک لەو ناوچە و گوندانەی کە کەوتووەتەبەر شاڵاوی ئەنفال، بەڵگەیەکی باش و زانستی و راستە کە نەوەی داهاتوو ئاشنای دەبێت، هەر گوند و ناوچەیەکیش تۆمارێکی دروستی ئەو کەسانەی دەبێت کە بەر شاڵاوەکە کەوتوون.
سێیەم: بوونی دیواربەندی لە هەر شوێنێکی کوردستاندا، سوودێکی باشی دەبێت بۆ ئەو کەس و ناوەندە ئەکادیمییانەی کە روو دەکەنە ئەو ناوچەیە و هیچ لە بارەی شاڵاوەکانی ئەنفالەوە نازانن.
چوارەم: بایەخدان و بە گەورە سەیرکردنی کردەوەکەیە بە جۆرێک هەموو کوردێک ئەو تاوانە بە برینێک ببینێت لە جەستەی خۆیدا و لە ویژدانیدا بیهێڵێتەوە و بیپارێزێت.
پێنجەم: ئەم دیواربەندییە ببێتە هۆیەک بۆ ئەوەی کورد ئەزمونی رووداوەکە بکات و هەموو ئەو رووداو و ماڵوێرانییانەی لە مێژوودا بەسەری هاتووە لە بیرنەکات و پەند و ئامۆژگارییان لێوەربگرێت.

دیواربەندی و میدیا
میدیای کوردی میدیایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە بتوانێت تەواوی شاڵاوی ئەنفال وەک خۆی بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، بە بۆچوونی نووسەری دیاری ئەمریکایی «سەمانسا پاوەر»، یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد کە کارەساتی ئەنفال لە پێش چاوی وڵاتانی جیهان بشاردرێتەوە و هیچ وڵاتێک رووداوەکە وەک خۆی نەبینێت، نەبوونی میدیایەکی نیشتمانی کوردی کاریگەربوو، ئەو نووسەرە ئەمریکییە دەڵێت: میدیاکانی عیراق رووداوەکەیان دەشاردەوە، چونکە میدیاکان سەربە بەعس و سەدام حسێن بوون، بۆیە ئێستا دوای 34 ساڵیش لە کارەساتی ئەنفال و وێرانبوونی گوندەکان، هێشتا میدیای کوردی میدیایەکی نیشتمانی نییە و وەک میدیایەکی پڕۆفیشناڵ کار ناکات. بۆیە تاکە شتێک وادەکات کە کارەساتی ئەنفال وەک زمانی گشتی نەتەوەیەک و وەک گەورەترین برینی سەدەی بیست بێتەگۆ، بوونی دیواربەندییە بۆ ئەوەی لە بری میدیا بدوێت و رووداوەکە وەک خۆی بگێڕێتەوە.
بە مانایەکی دیکە ئەگەر کورد میدیایەکی نیشتمانی نییە بتوانێت بە یەکگوتاری و بە گەورەیی ئەم تاوانە پیشانی دەرەوە بدات، ئەوا دیواربەندی دەتوانێت لە رێگەی واقیعی تاوانەکەوە بەناوی یەک گەلەوە بدوێت و هەموو گومانێک لەسەر تاوانەکە بڕەوێنێتەوە و وەک هەر رووداوێکی دیکەی جیهانی ئەنفالیش لە رێگەی دیواربەندییەوە ببێتە زمانی گەلێک و قووڵیی برین و ئازاری نەتەوەیەک بگێڕێتەوە بۆ ئەوانەی دێنە کوردستان و دەیانەوێت لە بارەی تاوانەکەوە شارەزایی پەیدا بکەن و کار لەسەر تاوانەکە بکەن.

دیواربەندی، گوندەکان و یەکێتی
لە دنیابینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، هەمیشە ئەو بڕوایە چەسپیووە کە «گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان» پێویستە و سەرۆک مام جەلال دەڵێت: «گوندەکان بەردی بناغەی شۆڕشن»، بۆیە ئەگەر پڕۆژەی دیواربەندی بۆ قوربانیانی ئەنفال بەلای حکومەتەوە قورسە و بە کارێکی پیرۆز و پێویستی وەک دیواربەندی بۆ گوندەکان ناکات و لە دۆخێکی مادی خراپی حکومەتدا ئەم پرۆژەیە کەنار خراوە، ئەوا بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێویستە وەک خەمخۆرێکی قوربانیانی تاوانەکە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و هاوکات وەک حزبێکی سیاسیش کە بڕوای بە فەلسەفەی خانووە قوڕەکان هەیە، ئەم پڕۆژەیە بگرێتە ئەستۆی خۆی و ئەم تاوانە لە خەیاڵدانی نەوەی کورد و گوندنشیناندا بهێڵێتەوە.
دیواربەندی لە گوندەکاندا و بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بەشێوەیەکی خۆکرد، یان لە رێگەی کەسوکاری قوربانیانی تاوانی ئەنفالەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، بەڵام ئەوەش وەک پێویست نییە و لە لایەک زۆر زانستی و هەندەسی نییە لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی تێچوویەکی زۆری ئابوورییەوە کەسوکاری ئەنفالکراوان دیواربەندێکی ئەوتۆیان دروست نەکردووە کە بە کوالێتێکی باش و شایانی کارەساتەکە بێت.
رێگایەکی دیکە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت بیگرێتە پێش ئەوەیە کە هاووڵاتیانی گوندەکان هان بدات خۆیان پڕۆژەکە بکەن و یەکێتیش تەواوی تێچووی ئابووری و هاوکارییەکان بگرێتە ئەستۆ بۆ خودی هاووڵاتیانی گوندەکان و لە رێگەی لیژنەی پسپۆڕ و شارەزاوە سەرپەرشتی پڕۆژەکان لە گوندەکاندا بکات.

دیواربەندی و مۆنۆمێنت
رەنگە دیواربەندی بۆ تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال بەرکەوتنێکی هەمیشەیی کەسوکاری ئەنفالکراوان بێت و کاریگەرییەکی دەروونی هەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانا نییە کە بگوترێت ئەم پڕۆژەیە بێ ئەنجام و بێسوودە، لەپاڵ پرۆژەی مۆنۆمێنتی ئەنفالدا کە لە بەشێکی شارەکانی کوردستاندا هەیە، دیواربەندی گەلێک باشتر و بەسوودترە بۆ خودی ئەنفال و دۆزی کوردیش.
دیواربەندی ئەگەر لە تەواوی گوند و شارو شارۆچکەکانەدا بکرێت کە قوربانی شاڵاوی تاوانەکەن، ئەوا زیاتر تاوانەکە روونتر دەبێت بۆ پێش چاوی وڵاتانی جیهان و زیاتر کاریگەری دەبێت لەسەر کەیسەکە بۆ بە جینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی جیهان و تەنانەت تێدەگەین لەوەی ئەم تاوانە چەند بە بەرنامە کراوە و چۆن رژێمی بەعس و سەدام حسێن و دارو دەستەکەی خرابوونە خزمەت تاوانی لەو شێوەیەوە.
مۆنۆمێنتەکان ئەگەرچی بۆ ئێمەی کورد هەمیشە بە چاوی پیرۆز لێی دەڕوانین و بەهای گەورەیان بۆ پرسی کورد لەسەر ئاستی جیهان هەیە، بەڵام جیاوازی لەگەڵ دیواربەندیدا ئەوەیە کە پۆلێنی بەرکەوتوانی شاڵاوەکە دەکرێت و هەموو ئەو کەسانەی بەرکەوتووی تاوانەکەن و نەگەڕاونەتەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی بەرکەوتووی تاوانەکە بوون و لەدوای ساڵی 1988 گەڕاونەتەوە کوردستان، لەگەڵ هەر زانیارییەکی دیکە لەسەر شاڵاوەکە، بۆ تاکی کورد دەگێڕێتەوە و هەر یەکێک لەم دیواربەندانەش واقیعی ناوچەیەک دەگێڕێتەوە کە لە ناوچەیەکی دیکە ناچێت.

دیواربەندی، لەنێوان سوود و شکستدا
کورد ئاشنایە بە دیواربەندی و بەشێکی کاروبارەکانی و سەرکەوتنەکانی لە رێگەی هێلکاری دیواربەندی و هەڵکۆڵینەوە ماون، ئەمەش وەک سەرچاوەی مێژووی کورد سوودیان لێوەرگیراوە و لە نووسین و کتێبەکاندا بەکارهاتوون، لەم روانگەیەشەوە دیواربەندی ئەنفال نەک نابێتە گێڕانەوەی جۆرێک لە شکستی کورد لەبەرامبەر بەعس و سەدام حسێندا، بەڵکو دەبێتە مێژوویەک کە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ کەس و دەسەڵات و نەیارێکی کورد لە داهاتوودا ناتوانێت دەستکاری ئەو واقیعە بکات و بیشێوێنێت، بە پێچەوانەشەوە کورد لە داهاتوودا دەتوانێت لەپاڵ نووسین و تەدوینەوە، دیواربەندی پرۆسەکەش ببینێت و بیخوێنێتەوە.
بەو پێیەی مێژووی دیواربەندی لە جیهاندا کۆنە و لێکەوتە ئەرێنییەکانی باشتر بووە لە لێکەوتە نەرێنییەکانی، بۆ کوردم جگە لە تێچووی مادی و ئابووری هیچ لێکەوتەیەکی خراپی نابێت و پێویستە پرسی دیواربەندی وەک پڕۆژە یاسایەک ببرێتە پەرلەمان و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تەنگ ئەم پرسەوە بچن.

وتارەکانی نوسەر