هەڵسەنگاندنێکی یاسایی بۆ تاوانی ئەنفال

02:03 - 2022-04-18
د. ئاوارە حسێن
327 خوێندراوەتەوە

لە سەرەتادا دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو کە لەم وتارەدا نامەوێت لەبارەی مێژوو، قۆناغەکانی ئەنفال، زیانە جەستەیی، ماددی و دەروونییەکانەوە بدوێین، بەڵکو ئەوەی بابەتی ئەم وتارەیە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەکی جیاوازی یاساییە بۆ تاوانەکە.
وا پێویست دەکات لە یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا پێناسەی جینۆساید بکەینەوە بۆ ئەوەی تێبگەین و تاوانەکە بە جینۆساید بناسینەوە و پێناسەی بکەینەوە.
جینۆساید بریتییە لە هەریەک لەم کردارانەی خوارەوە، کە کرابێت بە نیازی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی، رەگەزیی، نەژادیی یان ئایینی، ئەو کردارانەش:
(1) کوشتنی ئەندامانی گروپەکە؛
(٢) ئازاردانی سەختی جەستەیی یان هزریی ئەندامانی گروپەکە؛
(٣) دانانی ئەندامانی گروپەکە لەژیانێکی ناهەمواردا بە نیازی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکیان؛
(٤) سەپاندنی رەوشێک بە نیازی رێگریکردن لە لەدایکبوون لەناو گروپەکەدا؛
(٥) بەزۆر راگواستنی منداڵانی گروپەکە بۆ گروپێکی تر.
لەم پێناسەیەوە کە لە ماددەی دووەمی پەیماننامەی جینۆساید، ماددەی شەشەمی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی و ماددەی یانزەی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگای باڵای تاوانکاری عیراقدا جێگیرکراوە، ئەوە روون دەبێتەوە، کە جینۆساید پێویستە سێ مەرجی تێدابێت، ئەوانیش:
(ا) قوربانییەکان پێویستە سەر بە یەکێک لە گروپە بە ئامانجکراوەکان بن؛
(ب) کوشتن، ئازاردانی سەختی جەستەیی یان هزریی، دۆخێکی ژیانیی، رەوشی رێگریکردن لە لەدایکبوون یان بەزۆر راگواستنی منداڵان پێویستە لەچوارچێوەی شێوازێکی ئاشکرای کردارێکی هاوشێوەی ئاراستەکراو کرابێت دژ بەو گروپە یان کردارەکە توانیبێتی کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو لەناوبردنە؛
(ج) پێویستە ئەنجامدەری کردارەکە بیەوێت هەموو یان بەشێکی گروپە بە ئامانجکراوەکە لەناوبەرێت.
لەپاش تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ئەرکی یاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی تایبەت بە دادگایکردنی بەرپرسانی حکومەتی ئەوکاتی عیراقی دامەزراندایە، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش ئەوەی نەکرد، هەرئەوەش بوو لە پاش رووخانی حکومەتی بەعسی عیراقی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بیری لە دامەزراندنی دادگایەکی ناوخۆیی کردەوە بۆ دادگایکردنی بەرپرسانی حکومەتی بەعس، ئەو دادگایەش دادگای باڵای تاوانکاری عیراق بوو. کە بەگوێرەی یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٥) دامەزرا.
ئەنفال وەک یەکێک لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاری عیراقدا لە پاش (٦١) دانیشتنی دادگا لە (٢٤/٦/٢٠٠٧) بە تاوانەکانی (جینۆساید، دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ ناسێنرا) و هەریەک لە (عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم ئەحمەد و حسەین رەشید محەمەد) سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، هەروەها هەریەک لە (فەرحان موتڵەگ ساڵەح و سابیر عەبدولعەزیز حسەین) بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادران. 
سەدام حسێن یەکێک بوو لە تۆمەتبارەکانی کەیسی ئەنفال و لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی (٢٠٠٦) دادگایکرا، دادبینی لەگەڵ سەددام لەسەر کەیسی ئەنفال کۆتایی نەهاتبوو کە لە (٣٠/١٢/٢٠٠٦) لەسەر کەیسی دوجەیل لە سێدارەدرا، هەر ئەوەش بوو دادگای باڵای  تاوانکاری عیراق لە کۆتایی بڕیارەکەیدا لەسەر کەیسی ئەنفال دەڵێت ‹›لە بەرواری (٨/١/٢٠٠٧) رێوشوێنی یاسایی لەدژی تاوانبار سەددام حسەین مەجید راگیرا، لەبەر دڵنیابوون لە مردنی بەهۆی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان کە تاوانبار بوو لەسەر کەیسی دوجەیل بە پشتبەستن بە ماددەی (٣٠٠) لە یاسای بنەماکانی دادگایکردنی سزایی، ژمارە (٢٣)ی ساڵی (١٩٧١).
 ئەوەی بابەتی ئەم وتارەیە ئەوەیە، کە دەیەوێت بیسەلمێنێت بۆچی ئەنفال جینۆساید بوو؟ تەرخانکردنی ئەم وتارە بە تەنها بۆ ئەنفال وەک جینۆساید، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە جینۆساید لە ریزبەندی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا یەکەم و ترسناکترین تاوانی نێودەوڵەتییە. 
پێوەری ناساندنی ئەنفال وەک جینۆساید، ئەوەیە کە ئەنفال وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی لە دژی کورد کراوە کە هەردوو پێوەری جیاوازیی نەتەوە و رەگەزی تێدایە، بەڵام دادگای باڵای تاوانکاری عیراق ئەگەرچی کوردی وەک گروپێکی نەتەوەیی و رەگەزیی ناساندووە، بەڵام ئەوە دەخاتەڕوو کە جینۆسایدەکە لەدژی کورد بەهۆکاری رەگەزیی بووە.
ئەو دوو گروپەش لە دادبینییەکانی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی رواندادا پێناسەکراون، گروپی نەتەوەیی بریتین لە ‹›کۆمەڵە کەسێک، کە گرێبەندێکی یاسایی هاوبەش و رەگەزنامەیەکی هاوبەشیان هەیە و ماف و ئەرکەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن››.

هێرشەکانی ئەنفال لە دژی کورد هەموو پێوەرەکانی ناساندنی جینۆسایدی تێدایە، هەر لەو روانگەشەوە بووە کە ئەنفال وەک کەیسێکی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان لە دادگای باڵای تاوانکاری عیراق بە جینۆساید ناسێنراوە

 


هەرچی گروپی رەگەزیشە بەوە ناسێندراوە و پێناسەکراوە و جیادەکرێتەوە، کە ‹›ئەندامانی گروپەکە هاوبەشن لە زمان یان کەلتوردا››. دادگای باڵای تاوانکاری عیراق لە بڕیارەکەیدا سەبارەت بە ناساندنی ئەنفال بە جینۆساید ئەوە دەخاتەڕوو کە ‹›بەدڵنیاییەوە کوردەکان لە مێژوودا و هێشتاش بە گروپێکی رەگەزیی نەتەوەیی ناسراون و لەلایەن رژێمی پێشووی بەعس و سەددام حسێن-ەوە کراون بە ئامانج بەهۆکاری رەگەز و نەتەوەیان و مەبەستێکی لەناوبردنی گشتی یان بەشەکی کوردە سڤیلەکان هەبووە بەهۆکاری رەگەزیی و لەبەر رەگەزیان کراون بە ئامانج. هێرشی ئەنفال بە تایبەتی لەدژی جەنگاوەرە کوردەکان (پێشمەرگە) نەبووە، بەڵکو هەموو گوندە کوردییەکانی گرتووەتەوە، چەکی کیمیایی هەمەجۆری تێدا بەکارهاتووە، ئەوانەی دەرئاسا (سەرسوڕهێنەرانە) رزگاریان بووە لە کۆمەڵگە تایبەتەکاندا راگیراون، ئامادەکراون بۆ هەمان مەبەست، دواتر براون بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان (منداڵان، ژنان، گەنجەکان و پیاوە بە تەمەنەکان). کوردەکان رووبەڕووی کوشتن، راگواستن، لەبرسا مردن و زەبوونکردن بوونەتەوە بە تەنها لەبەر کوردبوونیان. ئەمەش بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی کە مەبەستێکی تایبەت هەبووە بۆ لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی ئەو رەگەزە، لەبەر فەرمی بوونی کوردبوونیان رووبەڕووی جینۆساید و ئازارێکی سەخت بوونەتەوە، ئەم کردارانەش لەگەڵ ماددەی (١١)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگاکە یەکدەگرێتەوە).
لەمەشەوە گەشتینە ئەوەی کە هێرشەکانی ئەنفال لە دژی کورد هەموو پێوەرەکانی ناساندنی جینۆسایدی تێدایە، هەر لەو روانگەشەوە بووە کە ئەنفال وەک کەیسێکی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان لە دادگای باڵای تاوانکاری عیراق بە جینۆساید ناسێنراوە. 
هەریەک لە وڵاتانی نەرویج لە (٢١/١١/٢٠١٢)، سوید لە (٥/١٢/٢٠١٢)، بەریتانیا لە (١/٣/٢٠١٣) و کۆریای باشوور لە (١٣/٦/٢٠١٣) پەسنی جینۆسایدیان بە تاوانەکانی ئەنفال بەخشیووە بە بڕیار نەک بە یاسا، بەڵام تا ئێستا لە پەرلەمانی عیراق و پەڕلەمانی کوردستان نە ئەنفال و نە کەیسەکانی تری جینۆسایدی خەڵکی کورد بە یاسایەک بە جینۆساید نەناسێنراوە و پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەکە وەک تاوان ئەژمار نەکراوە.

وتارەکانی نوسەر