سەروتار

ئەنفال

02:10 - 2022-04-18
وتار
621 خوێندراوەتەوە

بەخۆشحاڵییەوە وا ژمارە (10)ی زاخاوی زاراوەكان دەكەوێتە بەردەستی خوێنەرانی كوردستانی نوێ. وەكو لە ناونیشانەكەدا دیارە ئەم ژمارەیەمان تەرخانكردووە بۆ ئەنفال، یانی ئەو زامەی (34) ساڵە لە ویژدانی گەلەكەماندایە و بەداخەوە هەتا ئێستاش سارێژ نەكراوە. نووسەران و بەڵگەنامەكانی دووتوێی ئەم ژمارەیە لە زۆر رووەوە لە ئەنفال دەدەوێن و زۆر شت سەبارەت بەم كارەساتە روون دەكەنەوە. ئەوەی حاشا هەڵنەگرە و نكۆڵی لێناكرێت ئەوەیە كە بەپێی هەموو پێناسەكانی جینۆساید چ ئەنفال و چ كیمیابارانی هەڵەبجە جینۆسایدن، بەڵام بەداخێكی زۆرەوە هەتا ئێستاش ئەم دوو كارەساتە بەشێوەیەكی رەسمی نەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی دەوڵەتی عیراقیش بە جینۆساید نەناسێنراون، ئەمەش بە پلەی یەكەم بۆ كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و خەڵكی دەستەبژێری ئەم كوردستانە دەگەڕێتەوە. رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەوەبێت هەتا ئێستاش ئێمەی كورد تەنیا لە ساڵیادی ئەنفالدا ئەنفالمان بیردەكەوێتەوە و بە هەندێ پەخشانی دووبارە و كولاندنەوەی برینی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كۆتایی بە مەسەلەكە دێنین و بە ساڵی داهاتووی دەسپێرین. ئەمەش لە كاتێدایە كە ئەگەر بمانەوێ رێگا راستەكە بگرینەبەر و ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە بە رەسمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسێنین و وابكەین حكومەتی فیدراڵ بەو پێیەی میراتگری حكومەتی پێشووی عیراقە كەسوكاری ئەم دوو كارەساتە قەرەبوو بكاتەوە. پێویستە پێش هەموو شتێك ئەم دوو بابەتە بكەین بە كەیس و بە بەردەوامی ئیشیان لەسەر بكەین نەك تەنیا رۆژێك بیرمان بكەوێتەوە. ئەگەر سەیری كەیسی هۆڵۆكۆست بكەین دوای نزیكەی هەشتا ساڵ هێشتا لای جولەكە كەیسێكی گەرمە و ئیشی لەسەر دەكەن، بەڵام لای ئێمە هەتا ئێستا ئەنفال نەبۆتە كەیس. راستە سەرە زلەكانی تاوانی ئەنفال بە سزای خۆیان گەیشتن، بەڵام زۆر لەوانەی دەستیان هەبووە لەم تاوانەدا هەتا ئێستا دەستی دادگایان پێنەگەیشتووە و كەس و لایەنی واش هەیە داڵدەیان دەدات! 
كەواتە بۆ ئەوەی زامی ئەنفال و هەڵەبجە ساڕێژ بێت، ئەركێكی ئەخلاقی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان و هەموو كوردێكە بەپێی توانای خۆی بەبێ ماندووبوون ئیش لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە بكات و بیكاتە كەیسی هەمیشەیی. تەنیا لەم رێگایەوە دەتوانرێت كەیسی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە بەڕەسمی بە جینۆساید بناسێنرێن و قەرەبووی كەسوكاری ئەم دوو كارەساتە بكرێتەوە و باقی تاوانبارانی تر بەسزای عادیلانەی خۆیان بگەیەنرێت.

سەرنووسەر

وتارەکانی نوسەر