چارەسەرەكە لە سلێمانییە

10:46 - 2022-04-19
ئیدریس جەبار
476 خوێندراوەتەوە

وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، هێشتا هەنگاوی راستەقینە بەرەو پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە عیراق هەڵنەنراوە، هۆكاریی سەرەكی تەواونەبوونی پرۆسەكەش، بۆ ناكۆكی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگەڕێتەوە كە بەسەر بەرەكانی «زۆرینەی نیشتمانی» و «تەوافوق»دا دابەشبوون. 
ئەنجومەنی نوێنەران، لەماوەی رابردوودا چەند هەوڵێكی بۆسازدانی كۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سازكرد، بەڵام هیچ كام لەو هەوڵانە بەهۆی بایكۆتی بەشێك لە هێزە سیاسییەكان  كە بووە مایەی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادبوان، سەریاننەگرت .
كێشمەكێش و ناكۆكی نێوان سەدرییەكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر شێوازیی حكومەتی داهاتوو، ماڵی شیعەی كردووە بە دوو بەشەوە، لە سایەی ئەم ناكۆكی و دابەشبوونەشدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك نەریتی پێشینەی خۆی لە پاراستنی یەكێتیی ریزەكان و دەستكەوتەكانی دوای روخانی دیكتاتۆری بەعس، سیاسەتێكی هاوسەنگی پیادەكردووە، ئەم سیاسەتەش سەنگی یەكێتی لەنێو گۆڕەپانی عیراقدا هێندەی تر قورسكردووە.
یەكێتیی لە هەموو حزب و لایەنەكانی تر زیاتر، خۆی بە خاوەنی سەروەییەكانی عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی دەزانێت، بەوپێیەی بەردەوام لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و دواتر لە بنیاتنانی پرۆسەی سیاسیشدا، پێشەنگ بووە و رۆڵی سەرەكی لە یەكلایی كردنەوەی كێشە و ناكۆكییەكاندا هەبووە، نەك بوبێتە مایەی لەتكردن و دابەشكردن.
پێگەی ئێستای سلێمانی لە هاوكێشەی سیاسەتی عیراقدا، پێگەیەكی قورس و یەكلاكرەوەیە، رووی لە راستكردنەوەی هەڵەكان و یەكخستنەوەی ریزی لایەنە سیاسییەكانە، بەبێ‌ ئەوەی لەسەر حیسابی لایەنێك پشتگیریی لە لایەنێكی تر بكات. 
لە سلێمانییەوە  قەیرانی چەقبەستنی سیاسی لە عیراقدا چارەسەر دەبێت و پرۆسەی سیاسی دەچێتەوە سەر ئەو  رێچكە دروستەی پێشتر لەسەری رۆیشتووە ، لە سلێمانییەوە ناكۆكی نێو ماڵەكان دەڕەوێتەوە و رەوشەكە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوەی بە تەنگ یەكخستن و یەكڕیزی ماڵی كوردەوەیە، لە هەمان كاتدا دەیەوێت ماڵی پێكهاتەكانی تر لە عیراقدا یەكگرتووبێت و هەموان پێكەوە كار بۆ بنتنانی ئەو عیراقە بكەن كە لە دوای ساڵی 2003وە خەونی رەنگاڵەیی هاووڵاتیان بوو. 
سلێمانی وەك چۆن لە رابردوودا لانكە و پێگەی هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی دژ بە بەعس بوو، دەكرێت لەئێستاشدا ببێتەوە بە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئاسایی كردنەوەی ماڵی عیراق و چارەسەركردنی تەنگژەی چەقبەستنی سیاسی ئێستای وڵات.

وتارەکانی نوسەر