تارمایی دیدار

09:50 - 2022-04-20
ستران عەبدوڵڵا
552 خوێندراوەتەوە

دیداری یەکێتی دوا دەرفەت نییە، چونکە تا سبەی و تا دوا رۆژ مابێت هەموو کات دەرفەت هەیە، بەڵام دیداری یەکێتی دەتوانێت وێستگەیەکی چۆنایەتی بێت لە رەوتی تێکۆشانی حزبیدا. بۆیە باسی دیدار لە کوردستانی ئەمڕۆ وەک باسی تارماییەکەی مانفێستە لە ئەوروپای سەدەی نۆزدەدا. دەپرسن داخۆ ئەم تارماییە دەبێتە واقیع یان هەر ئاهەنگێکی تەنەکورییە؟
زۆر سەیرە لەم وڵاتەدا کە جێی پێشبڕکێی شاجوان و ڤێستیڤاڵی ئەحباب و خزمان و سەت ساتوسەودای تیا دەبێتەوە جێی دیدارێکی تیا نەبێتەوە؟ حزبێک ئەم هەموو خوێن و فرمێسکەی بەخشیووە و ئەم هەموو رەنجەی کێشابێت کەچی لێی قاتی بێت کە گردبوونەوەیەک بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی خۆی بکات.
بۆچی سەکۆ و کورسی و گردبوونەوە بەشی هەموان دەکات کەچی بۆ یەکێتیی دەبێتە جێی پرسیار و گوناح و عەجایەب؟
بەشێکێ زۆری ئەم دیاردەیە رەنگە لەبەر ئەوە بێت هەموو شتێکی یەکێت بەناڤ و دەنگە و پرسیار و کاریگەری لە شوێنی خۆی بەجێدێڵێت. بەشێکی کەمیشی لەبەر ئەوەیە چەند ساڵ لەبەر دووری و دوورەپەرێزیی یەکێتی وا بوو کە بێ یەکێتی خۆشتر بێت بۆ هەوەسبازان و هەن خۆیان لەگەڵ غیابی یەکێتی راهێنابێت و ئێستا لەم راسانە ئاساییەشی رادەچڵەکێن و کەیفیان پێ نایەت، یان خۆیان بۆ مامەڵەی ئامادە نەکردبێت.
ئێ بەڵام ئەوە کێشەی یەکێتیی یان بگرە کێشەی کوردستانیش نییە، بەڵکو کێشەی غەفڵەتزەدەکانە کە باوەڕیان بە سێبەری گەورەی خۆیان کرد. 
لە رابردووی نزیکدا ئەوانە مەودای زۆریان وەرگرت و موعجیزەیان دیار نەبوو، جێیان لە یەکێتیی گرت و ئیشی یەکێتییان مەعتەل کرد و هیچیشیان لە هیچەوە دیار نەبوو، وا ئێستا یەکێتی خۆی دێتەوە کایە. ئێ حەتمەن ئەمانە دیدار و جێژوانیان پێ ناخۆشە نەکا یەکێتییەکان لەوێوە بە سەنگ و دەنگی خۆیان شاد ببنەوە.
بەڵام ئێستا ئیتر یەکێتی بڕیاری خۆی داوە و دیدارەکەش یەکێک لە سیماکانی راسانی یەکێتییە.

وتارەکانی نوسەر