یاداشته‌كانی شۆفێرێك

خانمان و ئۆتۆمبیلی گونجاو

11:27 - 2022-04-20
وتار
406 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

لە چەند ساڵی رابردوودا، خواست لەسەر هەردوو جۆری ئۆتۆمبیلی كرۆس ئۆڤەر و SUV لە بازاڕەكانی جیهاندا زیادیكردووە، ئەم خواستەش لە كوردستان و عیراقیش بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت. ئایا هۆكاری ئەمەی روودەدات چییە؟ چی و كێ وادەكەن خواست زیاد بێت و فرۆشی كۆمپانیاكانیش بەرزبوونەوەی بەرچاوە بەخۆیەوە ببینێت.
دیارە مەبەست لە ئۆتۆمبیلی كرۆس ئۆڤەر ئەو ئۆتۆمبیلانەیە كە تێكەڵەیەكن لە مواسەفات و خاڵە بەهێزەكانی ئۆتۆمبیلەكانی سیدان، وەرزشی، SUV و ئەوانی تر، زیاتر خواستی ئەو كەسانەی رەچاوكردووە كە دەیانەوێت یەك ئۆتۆمبیلیان هەبێت و لە هیچ رێگەیەك پەكینەكەوێت. لە بارەی ئۆتۆمبیلی SUV، دیارە كورتكراوەی ئۆتۆمبیلی وەرزشیی بەكارهێنانی جۆراوجۆرە، توانایەكی باشتری هەیە بۆ رێكردن لەسەر رێگەی رێكنەخراو و شاخاوی، دیارە لە كوردستانیش، بەتایبەتی بەگوزارشتە میللەیەكەی، پێی دەوترێت ئۆتۆمبیلی بەرز.
لەوەتەی ئەو دیاردەیە سەریهەڵداوە، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئۆتۆمبیل و پیشەسازی و بازرگانی لێكدانەوە دەكەن و بۆچوونی جیاواز دەخەنەڕوو، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی تەماشای دۆخەكە بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە لە هەموو خاڵ و بابەتە ئاماژە پێكراوەكان گرنگتر ئەوەیە كە دیاردەكە جیهانییە و خانمانیش رۆڵی یەكلاكەرەوە لەو پرسەدا دەگێڕن.
لەو بارەیەوە، سیمۆن سپرۆل بەڕێوەبەری فرۆشتنی لقی ئوسترالیای كۆمپانیای ئەستۆن مارتنی بەریتانی دەڵێت، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر ئۆتۆمبیلی كرۆس ئۆڤەر و SUV ئەوەیە كە ئیتر خانمان بوون بەبڕیاردەری سەرەكی كە چارەنووسی هەموو كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیل و تەواوی پیشەسازیی ئۆتۆمبیل یەكلایی دەكەنەوە.
ئەو لێدوان جێگەی سەرسامییە و وەڵامێكی سەرنجڕاكێشە بۆ ئەو دۆخەی هاتۆتە پێشەوە. بەڕاستی دەبێت هۆكار چی بێت؟ سیمۆن قسەكانی درێژە پێدەدات و دەڵێت، لەم ساڵانەی دواییدا، خانمان خواستی خۆیان لە ئۆتۆمبیلی سیدان و بچوكەوە، هەروەها لە ئۆتۆمبیلی گرانبەها و گەورەوە گۆڕیوە بۆ ئۆتۆمبیل مام ناوەندیی، هەم بەهێز بێت، هەم هەرزان بێت، هەمیش بۆ ناوشار و بۆ رێگەوبانی دەرەوە بشێت و سووتەمەنی كەم بەكاربهێنێت.
گۆڕانكاری لە خواستی خانمانیشدا هەر لە خۆیەوە نەهاتووە، ئەوان پێیان وایە، پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و جۆراوجۆربوونی بەرهەمی كۆمپانیاكان، بەتایبەتی كۆمپانیا نوێیەكانی چین، هەروەها بەردەستبوونی چەندین جۆر و مۆدیل و مواسەفات، ئاسانكاریی بانكی و گۆڕانكاری لە نرخدا، دەرگای بۆ خانمان كردۆتەوە خواستەكانیان بگۆڕن، تەنانەت كاریگەری لەسەر خواست و بڕیارەی پیاوان، بەتایبەتی هاوسەرەكانیان بدەن كە سیمۆن دەڵێت، 80% لەسەدی هەموو پرۆسەی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە لایەن خانمانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

وتارەکانی نوسەر