ئه‌نكه‌ره و هه‌ولێر پڕوپاگه‌نده‌ی زۆریان كرد‌و ده‌هۆڵیان زۆر كوتا بۆ هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی سوریا، گوایه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نه مه‌ده‌نییه‌كان و سه‌رجه‌م گروپه چه‌كداره‌كانی ناو خاكی سوریا ده‌كات، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تیش شكستی هێناو ده‌ركه‌وت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له باوه‌شی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا سه‌ری هه‌ڵدا، ته‌ژییه له گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و سه‌ره‌نجامه‌كه‌یشی گرژی و كێشمه‌كێش له ناو خودی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا دروست بوو، ئه‌و هاوپه‌یمانییه دوا كارتی ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی بوو، به‌ڵام كارتێكی بێبه‌ها بوو، جگه له روو زه‌ردیی خۆیان هیچی دیكه‌ی لێ سه‌وز نه‌بوو.
له چوارچێوه‌ی ناكۆكییه‌كانی ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا، به‌م دواییانه چوار پێكهاته كرانه ده‌ره‌وه، ئه‌وانیش بزوتنه‌وه‌ی كاری نیشتمانی، كوتله‌ی نیشتمانیی دامه‌زراوه‌یی، كوتله‌ی بزاوتی شۆڕشگێڕانه، بزوتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردی، هه‌روه‌ها 14 ئه‌ندامیش ده‌ركران كه كه‌سێتی وایان تێدا بوو كه له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنه‌وه له‌گه‌ڵیاندا بوو، به‌ڵام ده‌ركرا به تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی به دیمه‌شقه‌وه، ئه‌وجا بیهێننه پێش چاوی خۆتان، كه‌سێك سه‌ر به ئۆپۆزسیۆن بێت و بیه‌وێ رژێم بڕوخێنێت، له هه‌مان كاتدا سه‌ر به رژێمیش بێت.
گه‌لی سوریا ته‌نیا بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ پشتیان به ئۆپۆزسیۆن به‌ست، دوای ئه‌وه هه‌موو خراپییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه چوونه پاڵ ئه‌م قه‌واره نوێیه‌وه كه خۆی ناوناوه ئۆپۆزسیۆن و له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌ر به ئیخوانه، پاشان بوونه به‌شێك له ئه‌جێندای وڵاتێك كه خاكی سوریای داگیر كردووه، هه‌روه‌ها بوونه‌ته به‌شێك له‌و حزب و لایه‌نانه‌ی كه پیلان بۆ سه‌رنه‌گرتنی هه‌ر جۆره چاره‌سه‌رێكی هێمنانه‌ی سیاسی داده‌ڕێژن، چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ سوریای فره‌ڕه‌نگ، نه‌ك سوریایه‌ك كه له ده‌سه‌ڵاتی تاك حزبییه‌وه بگۆڕێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی چه‌ند گروپێكی سه‌ر به ئیخوان.
هاوپه‌یمانی سوریا له رابردوودا شكستی هێنا له‌وه‌ی پێ به پێی رووداوه‌كان بڕوات، له بواری دیپلۆماسیشدا شكستی هێنا، كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر گه‌لانی سوریا نه‌ما، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ئه‌وان له دۆڵێك و خه‌ون و هیوای خه‌ڵكی سوریا له دۆڵێكی دیكه بوو، كه‌وته یاری له نێوان ئه‌م به‌ره‌و ئه‌و به‌ره‌یه‌دا، سه‌ره‌نجام خۆی ون كرد‌و شكۆیشی له‌ده‌ست دا، به تایبه‌ت كه ئه‌و لایه‌نه‌ی پشتیوانی لێ ده‌كات چه‌ند ناوچه‌یه‌كی خاكی سوریا داگیر كردووه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، دژایه‌تی گه‌لی كوردیشی كردووه، زیاتر له‌وه‌ی دژایه‌تی رژێم بكات، له‌بری ئه‌وه‌ی چاوی له‌سه‌ر دیمه‌شق بێت، چاوی بڕیبووه قامیشلو.
ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه فشه‌ڵه هه‌ر ده‌بوو شكست بهێنێت، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی دژایه‌تی پڕۆژه‌كانی ناوخۆی ده‌كرد، هیچ ههماههنگییهكیشی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی خۆجێیی كورد دا نه‌بوو، بۆیه زوو ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی په‌راوێز خست كه ناویان به‌هاری عه‌ره‌بی بوو، له‌گه‌ڵ حزبه كوردییه‌كانیشدا هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو كه ئه‌وان له ساڵی 1957وه خاوه‌نی باگراوه‌ندی سیاسین.
كه‌واته ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه له‌به‌رده‌م سه‌نگی مه‌حه‌كدایه، له هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه بۆ دوان و له بنكه‌یه‌كی سیاسییه‌وه بۆ سیان وره‌نگه شكستی ته‌واوه‌تی رابگه‌یه‌نێت، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌نكه‌ره تێڕوانینی خۆی به‌رامبه‌ر به دیمه‌شق گۆڕی و نزیكبوونه‌وه‌ش له نێوان ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات و مۆسكۆدا رووی دا، گروپه چه‌كداره‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ش له ئازادیخوازه‌وه گۆڕاون بۆ چه‌كداری راووڕووت.