کاریکاتێری سیاسی لە میدیای کوردیدا

11:35 - 2022-04-20
هیوا محەمەد
739 خوێندراوەتەوە

کاریکاتیر راکێشەری سەرنجی بینەر و خوێنەرە، جگە لەوەی پێکەنینێکی پێدەدات، لە ناوەرۆکی کۆمێنتی کاریکاتێرەکەش هێندەی وتارێک تێدەگات.
پاکستان، کە کۆمەڵگەیەکن لە زۆر روەوە لەچاو کۆمەڵگەی ئێمە لە پاش ترن، کەچی نەک لاپەڕەی رۆژنامە و سایتەکان پڕیەتی لە کاریکاتێری کۆمێنتدار لەسەر سەرانی وڵات و سیاسەتمەدار و سەرمایەدار و تەنانەت هونەرمەندانیشیان، بەڵکو لە خۆپیشاندانەکاندا چەندین دەربڕینی دیکە لە رێگەی گوێدرێژەوە پیشان دەدەن، ئەویش بەوەی گوڵ دەکەن ملی و وێنەی ئەو کەسەی پیادا هەڵدەواسن کە لە دژی خۆپیشاندان دەکەن.
کۆمەڵگەی ئێمە و سیاسەت و حزبایەتی تێیدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەگەڵیشیدا هەڵگری هەموو بیرە سیاسییەکانی جیهانین هەر لە کۆمۆنیستی و سوشیالیستی و دیموکراسی و ئایینەکانەوە تا ناسیونالیستی و هتد. 
بەڵام ئەو سنوورانەی ئێمە بۆ خۆمان داناوە لە مامەڵەی سیاسییماندا بەجۆرێکە، هەروەک بڵییت هەموان دانمان ناوە بەوەدا کە ئەو بیردۆز و تیئورانە تەنها ماسکێکە و بەکاریدەهێنین بۆ تێپەڕاندنی کات و پڕکردنەوەی لاپەڕەکانی مێژوو.
لە گۆگڵ سێرچی هەر وشەیەک بکەیت دەیان نموونەت بۆ دێنێ، بەڵام بگەڕی بە شوێن کاریکاتێریی کوردیدا لەسەر سیاسییەکانی هەرێم لە رابردوو و ئێستاشدا، هیچت دەستناکەوێت یان هەر زۆر کەمن.

کاریکاتیر سووکایەتی کردن نییە بە کەسایەتییەکە، بەڵکو بۆ سەرنج راکێشانی خوێنەر و بینەرە و زۆرتر دەکەوێتە بەر دید و گرنگیی پێدەدرێت.
لەهەر وڵاتێکی جیهاندا بە هەموو نەتەوەکانەوە، کاریکاتیری سیاسیی هەیە، سیاسییەکان خۆیان پێش هەرکەسی تر پێی سەرسامن، لەوێوە رەخنەکانی خەڵک بۆیان دەبیستن.
جارێک خانمی راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا میرکڵ سواری کەشتییەک بوو بوو بۆ گەشتیاری بەرەو جەزیرەیەک، لەکاتی سواربوونیدا لەسەر کەشتییەکەوە وێنەیەکیان گرتبوو، تێێدا بە نائاسایی سنگی نیوە رووتی دەرکەوتبوو، ئەم وێنەیە بە کاریکاتیر بڵاوکرایەوە و ملیونان کۆمێنتی لەسەر درا و خۆشی روونکردنەوەی لەسەردا.
قەڵای ئازادیی سیاسیی بە بوونی کاریکاتیری لەو جۆرە زیاتر پتەو دەبێت، پێویستە کاریکاتیریستانی کوردستان روو لەمە بکەن و سیاسییەکان بخە ژێر باری پەسەندکردنییەوە، ئەم زمانە بۆ هەموان گرنگە، رەنگە سیاسییەکانیش و بەڕیوەبەرانی وڵاتییش، بۆ ئەوەی نەکرێنە کاریکاتیر، زیاتر هەوڵی هەنگاوی باشتر بنێن لە کارەکانیان.

وتارەکانی نوسەر