گڕی شەڕ و خەونەكانی منداڵان

11:57 - 2022-04-20
‎‎سۆزان حەمە تاتە
483 خوێندراوەتەوە

لە مێژووی بەرپابوونی جەنگەكانەوە هەمیشە منداڵان ئەو توێژەبوون كە زۆرترین كاریگەریی نەرێنییان لەسەر بەجێماوە، لە سەروەختی جەنگەكەشدا قوربانیترین توێژبوون، لەگەڵ ئەوەی سەركردە، باوك، گەورەكان و بەتایبەت سیاسییەكانیش ئەمەیان زانیوە، بەڵام بەرژەوەندییەكان بەسەر ژیان و خەون و ئاییندەی منداڵاندا زاڵبوون و كۆتاییەكی خەمناك هاتووەتە ئاراوە.
شەڕی ئۆكرانیا و روسیا لە چارەكی یەكەمی سەدەی بیستەمدا، كارەساتاویترن شەڕە كە هێشتا بەردەوامی هەیە، بەڕادەیەك لە بچوكترین بۆ زلهێزترین وڵاتانی جیهان پێوەی سەرقاڵبوونە و هاوپەیمانێتی لە دژی یەكتر پێكدەهێنن و ئەنجامەكەیشی لە ئێستاوە دیارە كە مرۆڤایەتی و پێشكەوتنەكانی بۆ چەندین ساڵ دەباتە دواوە، ئەنجامیش هەر دەبێت لە رێگەی ئاشتییەوە «چ ئاشتییەكی راستەقینە یان لەرزۆك» كۆتایی پێبهێنرێت. 
سەرنجی دەزگاكانی رایگەیاندنی هەردوو وڵاتی شەڕكەر بدە، ئاماری زیانەكان زۆر گەورە و مەترسیدارن، ئابووریی هەردوولا تووشی داكشان و داتەپینی زۆر بووە و دەبێ، نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاندووە ئەگەر شەڕەكە بەردەوامبێت ئەوا جیهانی رووبەڕووی قەیرانی خۆراك و برسێتی دەبێتەوە.
سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی ئۆكراینا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە «بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای روسیاوە، زیاتر لە هەزار دامەزراوەی پەروەردەیی زیانیان بەركەوتووە، لەوانەش 95یان بەتەواوی روخاون». هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هەروەها باس لەوەشكراوە لە 24ی شوباتەوە كە روسیا دەستی بە هێرشكرد بۆ سەر ئۆكراینا تا ئەمڕۆ، 205 منداڵ كوژراون و 362ی دیكەش برینداربوون».

راستییەكەی ئەو ئامارە زەنگی مەترسییەكە روونتر دەردەخات، روونیدەكاتەوە شەڕەكە پەروەردە و منداڵانیشی نەبواردووە، بگرە ئەو كەرت و توێژە زیانی زۆریان بەركەوتووە، تاكۆتایی شەڕەكە و چەندین ساڵی دوای ئەوەش كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەردەوامییان دەبێت.
گرفتی سەرەكی لێرە بەتەنها كوژرانی 205 منداڵ لە ماوەی دوو مانگی شەڕدا نییە، بەڵكو لێڵكردنی ئاییندەی وڵاتێكیشە كە شەڕ هۆكارە سەرەكییەكەیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا بیركردنەوە لە بنیاتنانەوەی كەرتی پەروەردەی دوای شەڕ یەكجار سەختە، بەوپێیەی پێشخستنی پەروەردە جگە لە ئیرادە پێویستیی بەتوانایەكی زۆری مادی و مەعنەوی هەیە كە ژینگەی دوای شەڕ توانای دابینكردنی ئەو میكانیزم و كەرەستانەی نییە.
جگە لە كوژرانی منداڵان، كاریگەرییە دەروونییە نەرێنییەكانی دۆخی شەڕ لەسەر منداڵانیش جێدەمێنێت، منداڵانی بریندار وێنەكانی شەڕ بەئاسانی لە بیركردنەوە و مێشكیاندا ناسڕێتەوە، ناتوانن لە ماوەیەكی كەم و دیاریكراودا دیمەنەكانی كوشت و كوشتار و دەنگی نەگریسی تۆپ و فڕۆكە لە مێشكیان دەربكەن.
روخانی 95 دەمەزراوە و زیانپێگەیشتنی هەزار دامەزراوەی پەروەردەیی تەنها لەماوەی دوو مانگدا، زیانێكە چۆن دەتوانرێت قەرەبووبكرێتەوە، ئەی منداڵان چوون دەروونیان ئاسایی و برینیان ساڕژدەبێت؟

وتارەکانی نوسەر