هەتا کەی منداڵان بکرێنە وەسیلەی پارە پەیداکردن؟

07:31 - 2022-04-21
هاوژین عەبدولواحید
1132 خوێندراوەتەوە

دیاردەی سواڵکردن بە منداڵ، لە هەرێم تادێت رووە و زیادبوون دەچێت و لەهەر سوچی شەقام و ترافیکێک یان کۆمەڵگەیەکی پزیشکی،  منداڵانی سواڵکەرمان بەرچاو دەکەوێت کە زۆر کات لەلایەن خێزانەکانیانەوە رەوانەی دەرەوە دەکرێن و بەبیانووی  شت فرۆشتنەوە وەک گوڵ، بنێشت، کلێنس و عەلاگە  یان هەر شتێکی تر بێت یانیش هەر هیچیان پێنییە و تەنها دەست لە ئەم و ئەو پان دەکەنەوە بەهەر نرخ و فێڵ و سیناریۆیەک بێت پارە دەکێشنەوە لە گیرافانی خەڵک.
 کەممان هەیە ئەو دیمەنە تراژیدیانەی  بەرچاو نەکەوتبێ، کە زۆر کات دەبینین ژنێک منداڵێکی ساوای لەباوەشدایە و جلێکی تۆزاوی کۆنی لەبەردایە و قوتووی شیرەکەی لەتەنیشت خۆی داناوە، کە لە هەندێ کات دەگوترێت ئەم مناڵە ساوایانە بەکاردەهێنرێت و  ئەم دەست و ئەم دەست دەکات تەنها بۆ گەیشتن بە مەرام و ئامانجەکانی خۆیان بەکاریان دێنن، یان ئەوەتا لەلایەن باندێکەوە کۆمەلێک منداڵ کۆدەکەنەوە و رایان دەهێنن و فێریان دەکەن تا نمایشی ساختە بکەن و سەقەت و کوێر و کەڕ و ڵاڵ خۆیان نیشانبدەن و تا زۆرترین هەست و سۆز  بەلای خۆیاندا رابکێشن، بەسەدان  بیانووی جۆراوجۆرت بۆ دەهێننەوە، وەک چەسپێک ئەلکین پێتەوە و وازت لێناهێنن تا شتێکیان پێ نەبەخشی.
 ئەوەی گرنگ و جێی باسە ئەوەیە پێویستە لەلایەن پۆلیسی هەرێمەوە پلانێکی تۆکمەی بۆ دابڕێژرێتەوە و تا بتوانن بەتەواوی ئەم دیاردە ناشیرینە بنبڕبکەن و ئەو باندانە بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن بازرگانی بەو منداڵە بێتاوانانەوە دەکەن، هەروەها لەسەر دەروونناسان و ئاینناسان و کومەڵناسان پێویستە هۆشداری بدەن ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە چەندین مافی سەرەتایی بێ بەش بێت، وەک مافی ژیان، ئاسوودەی، مافی فێربوون و تەندروستی کە ئەوانە گرنگترین مافن کە هەر منداڵێک لە جیهاندا پێویستە بەبێ  جیاوازی بۆی دەستەبەربکرێت.
 پشتگوێخسنی مافەکانی منداڵ هەم لەلایەن خێزانەوە هەم کۆمەڵگەوە کاریگەری زۆر  خراپ جێدەهێڵێت لەسەر دواڕۆژی منداڵەکە، پێشێلکردنی ئەم مافانە دەبێتە هۆی تێکچوونی خێزان و بەرەو لاری و داروخان دەچێت. 
بەهۆی سوڵکردنەوە منداڵ هەست بە کەمی خۆی دەکات و رووبەڕووی چەندان باری دەروونی ئاڵۆز و ئاکاری نادرست و تانە و تەشەری کۆمەڵگەو ناو ناتۆرە و قسەی ناشیرین دەبێتەوە، منداڵ فێری درۆکردن و چاوچنۆکی و دووڕوویی و بێ بەرنامەی و سنووربەزاندن دەبێت.

وتارەکانی نوسەر