یەکبێژ

رێگریی لە داگیرکاریی

07:44 - 2022-04-21
هیوا محەمەد
516 خوێندراوەتەوە

کاتێک حزبێک دێت و نەتەوەکەی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ سەرکوتکردن و تەجاوزکردنی خاک و خەڵکەکەی، ئیتر هیچ چارەیەک جگە لە وەستانەوە بە روویدا نامێنێت، تاوانیش دەگەڕێتەوە بۆ سەرانی ئەو حزبەی بەو کارە هەڵدەستێت، دەنا لەم سەردەمەدا باشترین ئامانج و دروشمی هەموان چاندنی ئاشتی و دۆستی و مرۆڤ خۆشویستنە بە هەموو جیاوازییە ئایینی و رەگەزیی و جوگرافیاکانەوە.
هەموان دەزانین کە تورکیا چی کردۆتە بیانوو بۆ درێژەدان بە هێرش بە هەموو جۆرێک و پێخستنە ناو خاکی هەرێمەوە، دەشزانین کە رێخۆشکەریی بۆ کراوە و جار لەگەڵ جار و لەدوای هەر ئۆپەراسیۆنێکەوە پانتاییەک بە دانانی چەند خاڵێکی سەربازیی داگیر دکەن. خۆشیان دەڵێن بە هاوکاریی دۆستەکانمان ئۆپەراسیۆنەکانمان درێژە پێدەدەین.
پێویستە لەسەر ئێمە لە زۆنی سەوز، بەغدا بکەینە خاڵی چارەسەری کێشەکان و هانیان بدەین کە هەڵوێستی رەسمییان هەبێت و ئامادەکاریی بکەین بۆ چۆنێتی رەتدانە و وەستانەوە بە روویاندا، لە کاتێکدا کە بیانەوێت بێنە ناو خاکی زۆنی سەوز، چونکە ئەو بایە لەو کونەوە بێت، لە ژێر ئەو بیانووە و بۆ یەلاکردنەوەی کێشەی غازەکەی چەمچەماڵ، دوور نییە پەنا بۆ داگیرکاریی فراوانتر لەوەی ئێستا هەیە بەرن.
ئەگەر ئامادەکاریی لە رووی سەربازییەوە بێت ئەوە دەبێت لە ئێستاوە هەنگاو بنرێت لەگەڵ  سوپا و هەموو هێزە سەربازییە نیشتمانییەکانی عیراق، دەنا با هەوڵە دیپلۆماسییەکان بخرێنە گەڕ بۆ رێگریی لە روونەدانی.
بەستنی هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزە شیعەکان، لەوانەی لە یەکێتی و ئیرانەوە نزیکن، کارێکی باشە وەک خۆئامادەکردن بۆ وەستانەوە لە دژی تورکیا و سوپاکەی، لەدوای ئەمەوە بەهێزکردنی پەیوەندی لە رێگەی بەغداوە لەگەڵ هەریەکە لە ئیران و روسیا و چین.
ئێمە شەڕی تورکیامان پێناکرێت، باشترە بەغدا بکەینە خاوەنی کێشەکە و ئەوان وەک خاکی عیراق داکۆکی بکەن. هەموو ئەمانە دەبێت لە زووترین کاتدا بکرێن نەک ئەوکاتەی بەرۆکمان دەگیرێت و فریای هیچ ناکەوین.
پیلانگێڕییەکە دیارە چۆنە، هوشیار زێباریی دوێنێ سێشەممە لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە کونسوڵخانەکانیان لە هەولێر کۆبۆوە وەک پارتی، لە کاتێکدا دەبێت حکومەت لەگەڵیان کۆبێتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە کە خاڵێکی سەبارەت بە سلێمانی بووە، واتا لەسەر یەکێتی و رێگرییەکانی لە هەناردەی غاز بووە، کەوابوو دەبێت بڵێین دەبێت چی بەدوای ئەم کۆبوونەوەیەدا بێت؟
بەدووری نازانم پارتی ئەمەی بۆ پاککردنەوەی رووی خۆی کردبێت وەک دەستپێشخەریی پێش رووداو، دواجار بڵێت ئێمە ئاگادرامان کردبوون.
تورکیاش هەروای کردووە، پێش هەر هێرشێک بۆ وڵاتانی دەوروبەری یان لیبیا، پەرلەمانی کۆکردۆتەوە و دەنگی بەڵێی پێداون و بەدوایدا بە چەند رۆژێک هێرشی کردووە.
پارتی جموجۆڵەکانی وەک حزب دەستپێکردووە و ئەم ماستە موویەکی تێدایە، ناکرێت یەکێتی و لایەنەکانی دیکە لەبەرامبەر ئەمانە بێدەنگ بن، هەر دروشمی باق و بریق بەس نییە بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی تورکیا بەهاوکاریی دۆستەکانیان وەک خۆیان دەڵێن.

وتارەکانی نوسەر