سیاسه‌تی برسیكردن و ئابڵوقه‌دان

07:45 - 2022-04-21
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
522 خوێندراوەتەوە

هه‌واڵی رزگاربوونی به‌شێكی دیكه‌ی‌ كوردستان مژده‌ی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی راپه‌ڕینی رۆژئاوا، رۆژ دوای‌ رۆژ زیاتر ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرا هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو سه‌باره‌ت به‌و رزگاربوونه‌ و هاوكاریكردنیان. گرژیی زۆر له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستاندا دروستبوو! ئه‌وكاته‌ ئه‌و گرژییانه‌ ناڕه‌زایی زۆری له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان دروستكرد. 
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پارتی سنووری‌ بادینانی به‌ رووی رۆژئاوای كوردستاندا داخست. خه‌ڵكی شاره‌كانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی‌ كوردستان رووبه‌ڕووی برسێتی و نه‌هامه‌تیی زۆر بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌پڕ سنووره‌كه‌ی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت كرده‌وه‌. 
ئه‌وه‌بوو له‌ ئابی 2013 سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی له‌ شاره‌كانی رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ له‌ تاوی برسێتی و خراپیی گوزه‌رانیان، روویان له‌ باشووری كوردستان كرد و په‌ڕینه‌وه‌ و له‌ چه‌ند كه‌مپێكی نزیك پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێردا نیشته‌جێكران.

داخستنه‌وه‌ی سنوور
گرتنی سنوور و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ برسێتییه‌كی گه‌وره‌ و دواتر كردنه‌وه‌ی‌ سنوور و ئاسانكاری بۆ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ باشووری كوردستان له‌وكاته‌دا لێكدانه‌وه‌ی‌ سیاسیی جۆراوجۆری بۆ كرا. هه‌ندێك پێیانوابوو ئه‌وه‌  هه‌وڵێكی پارتی بووه‌ بۆ شكستپێهێنانی رێڤه‌به‌ریی‌ خۆسه‌ر كه‌ ئه‌وكاته‌ تازه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ یه‌كه‌ی‌ كارگێڕییان دروستكردبوو. هه‌روه‌ك واش لێكده‌درایه‌وه‌ كه‌ هاتنی ئه‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌ بۆ باشوور بۆ ئه‌وه‌بوو وه‌ك كارتێكی گوشار له‌سه‌ر رێڤه‌به‌رانی رۆژئاوا به‌كاربهێنرێت و هێزێكی میلیشیاییان لێ دروستبكرێت، ئه‌وه‌بوو دواتر میلیشیایه‌ك به‌ناوی (پێشمه‌رگه‌ی رۆژ) له‌ به‌شێك له‌ گه‌نجانی ئه‌و كه‌مپانه‌ دروستكرا به‌ فه‌رمانده‌یی كادرانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
دوابه‌دوای‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش، پارتی به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ به‌هاری 2014 خه‌نده‌كێكی گه‌وره‌ی به‌ درێژایی ده‌یان كیلۆمه‌تری سنووری‌ نێوان هه‌رێم و رۆژئاوای كوردستان هه‌ڵكه‌ند.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای راپه‌ڕینی رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ پارتی سنووری لێ داخستن، دواتریش خه‌نده‌قی به‌رامبه‌ر رۆژئاوا لێدا، به‌ڵام یه‌كێتی هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كی بۆ ره‌وانه‌ ده‌كردن

داخستنی سنوور له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، ناڕه‌زایی زۆری له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان به‌شوێن خۆیدا هێنا، چونكه‌ خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان رووبه‌ڕووی برسێتی و نه‌هامه‌تی زیاتر بوونه‌وه‌. له‌لایه‌ك رژێمی سوریا و له‌ باكووریشه‌وه‌ توركیا و له‌ خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان سنووری‌ به‌روودا داخستن.

دروستكردنی گوشاری مه‌ده‌نی
دوای‌ گوشارێكی زۆر و خۆپێشاندانی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان له‌سه‌ر سنووره‌كان، به‌شێك له‌ كاره‌كانی خه‌نده‌كه‌كه‌ راگیرا، به‌ڵام سنووره‌كان هه‌ر به‌داخراوی مانه‌وه‌.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی‌ سنوور و داخستنی به‌ رووی رۆژئاوای كوردستاندا له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌كه‌م حزبی كوردستان بوو كه‌ ده‌ستی هاوكاریی مرۆیی و سه‌ربازیی بۆ رۆژئاوای كوردستان درێژكرد، به‌پێی‌ زانیاریی ئه‌وكاته‌، له‌رێگه‌ی موسڵ و ته‌له‌عفه‌ر و شنگاله‌وه‌، ده‌یان بارهه‌ڵگر هاوكاریی مرۆیی جیاوازی بۆ خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان ره‌وانه‌كرد. هه‌روه‌ها  له‌دوای‌ 2014 و هاتنی گروپی تیرۆریستی داعش، یه‌كێتی بووه‌ خاڵی پێكگه‌یاندنی نێوان رێڤه‌به‌رانی رۆژئاوای كوردستان و ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا.
له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌می دوای‌ راپه‌ڕینی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستاندا، یه‌كێتیی هاوكاریی زۆری مرۆیی ‌و پێداویستیی جه‌نگیی سه‌ره‌تایی بۆ رۆژئاوای كوردستان دابینكرد ‌و ره‌وانه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی كه‌وتنه‌ سه‌رپێ و خۆڕاگرتنی ئه‌و پارچه‌یه‌ی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر گروپی تیرۆرستی داعش. 
به‌شێك له‌ چاودێران پێیانوایه‌ داخستن و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ سنوور به‌رامبه‌ر رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن پارتی، ئه‌جێندای‌ ئیقلیمیی له‌ پشته‌وه‌ بوو به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر داوای توركیا بوو كه‌ ئه‌و سنووره‌ی داده‌خست به‌وپێیه‌ی‌ رێڤه‌به‌رانی رۆژئاوای كوردستان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ توركیادا باش نییه‌ و توركیا تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌ نزیكایه‌تی له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان.
له‌دوای‌ رووداوه‌كانی ریفراندۆمی ئه‌یلولی 2017 گفتوگۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌یه‌ده‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌ستیپێكرد، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی‌ نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كه‌ تازه‌ ببوه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ كه‌مێك سنووره‌كانی هێوركرده‌وه‌، به‌ڵام درێژه‌ی‌ نه‌كێشا و له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا، دووباره‌ به‌هۆی روودانی گرژیی له‌ ده‌روازه‌ی‌ سێمالكا جارێكی دیكه‌ پارتی له‌ 15ی دیسه‌مبه‌ر سنووره‌كه‌ی‌ به‌یه‌كجاریی داخست و رۆژئاوای كورستانی رووبه‌ڕووی دۆخێكی خراپی ئابڵۆقه‌دان كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی سوریا به‌گشتیی و رۆژئاوای كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ ره‌وشێكی ئێجگار خراپی ئابووریدان.
ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ پارتی به‌رامبه‌ر رۆژئاوای كوردستان، چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێم و دامه‌زراوه‌كانییه‌وه‌ بەردەوامە. 

وتارەکانی نوسەر