رۆژی نامە و نامەی رۆژ

01:10 - 2022-04-22
ستران عەبدوڵڵا
432 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا
کوردستان خۆی ھەزاران ھەزار ساڵە ھەیە، لەو تەمەنە دوور و درێژەدا ١٢٤ ساڵی بەر ئێمە کەوتووە.حیبر و پەرەموچە، کاغەز و سەکۆ، کیبۆرد و قەڵەم و قەناعەت. زانیاری و ھەواڵ و را پەخشکردن و راگەیاندن.مانشێت و ستوون و دیزاین و چاپکردن و چاتکردن. بە چوار لاپەڕە دەستی پێکرد و لە چوار بەشی کوردستانەوە بەچوار کەناری دونیادا بڵاوبۆوە. ڕاستە ئێستا بۆتە دەنگ و رەنگ و سەنگ و جەنگی میدیای نوێ، فەقەت ھەر خۆیەتی و ھەر ھەوین: رۆژنامەین کە نامەی رۆژ و پەیامی رۆژ و پەیامی مانگ و ساڵ دەگەیەنین. ھەر ھەوین کە دەروێشی ئەندێشەی کوردستانی ئازاد و خۆماڵین. بەھۆی «کوردستان»ەکەی خۆمانەوە کوردستانی ھەمووانمان خۆش دەوێت. بەھۆی کوردستانی نیشتمانیشەوە تایتلی دەستپێك و تەقویمی ژیانمان ناو ناوە :کوردستان . کوردستان خۆی موبتەدای دارە ڕا و ھەر خۆشی خەبەر و راپۆرت و ڕامانە . کوردستان جوگرافیای کردەنی پەروەردگارە کە ئەندێشەی نووسین و تێفکرینی بەندە کوردستانییەکانی خوا لەسەر زەوی مانای نیشتمان و خاوەندارێتی و خاکەڕاییان پێداوە . کوردستان کۆنینەیە بەقەد کۆنینەیی دونیا ھەر نووسەران وشاعیران و غەزەتەچییەکان ھیلالی وجودی ئەویان کامڵ کردووە ئیتر دوایی ھەزاران پێشمەرگە و گیان فیدا حەیرانی بوون و بە ئامان و زەمان دەستبەرداری عەشقە خالیسە بێ غەلو غەش ، بێ نەوت وغازەی نابن. لەو سێکوچکە پایەدارە ئەندێشمەندەدا رۆژامەنووسان پشکیان ھەیە، ئەھلی قەڵەم و ئەھلی ئەلەم و ئازاری میللەتین ، لەم کوردستانە گەورە و گرانەی ھەزاران ھەزار ساڵە ھەیە و بێ وی سوڕی مێژوو تەواو نابێت، ئەم پارچە کاغەزەمان بەرکەوتووە و ئەم بەرماڵەمان داوە بە کۆڵدا، قەت ئەم خەرقەو بەرماڵەمان لە رەھنی مەیدا ھەرزان فرۆش نەکردووە و نایکەین. نایگۆرینەوە بە موڵکی رۆم و عەجەم ، عەرەبی مەشریق و مەغریب . ئێران و تۆران .سەد ئەھلی تەقەڵ و ئەھلی چەقەڵ ناتوانن ئەھلی عەقل و ئەندێشە بە لا رێدا ببەن .
سەد بیستو چوار ساڵی نووسراو ئەرکی قورس و گرانە کە دەبێت مێژووی زارەکی ئەو ھەزار ھەزار ساڵەی بەری و ئەو ھەزار ھەزار ساڵەی لە رێیە، بنووسینەوە.
بۆیە ھەڤاڵانی بارگران ، پیرۆزە رۆژی ئیقبال و خۆری ھەڵاتنی «کوردستان» .ئەمرۆ رۆژی ئێوەیە.

 

وتارەکانی نوسەر