کەلێنێکی گەورەی رۆژنامەگەریی کوردی

09:37 - 2022-04-22
سالار مەحمود
556 خوێندراوەتەوە

لە رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا دەمەوێ ئەو راستیە بخەمە بەردەم رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی میدیاو رای گشتی کوردستان. کە لایەنێکی گرنگی ئێستاو مێژووی کورد فەرامۆش کراوە، ئەویش ئاوڕدانەوەی جدیە لە جینۆسایدی گەلی کوردو لێکەوتەو بەرپرسیارێتی میدیای بەرامبەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتی و مەترسیدارانەی رووبەڕووی گەلی کورد بۆتەوە. ئەم کەلێنە بەتەواوی ھەست پێ دەکرێت. نەبەزمانی کوردی نەبەزمانە جیھانیەکان کە بەشێک لە سایت و کەناڵەکان بەشی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و تورکیان ھەیە.
داوا لە نوسەران و رۆژنامەنوسان دەکەم بایەخی زیاتر بە جینۆسایدی کوردو تراژیدیای گەلەکەمان بدەن بەنوسین بەزمانە جیاجیاکان و دیکۆمێنتکردن و گەیاندنی بە رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە.
ئەرکە لەکەناڵەکانی راگەیاندن بایەخ بە پرسی ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و جینۆسایدەکانی کوردستان بدەن. ھونەرمەندان فیلمی لەسەر بکەن.
ناوەندەکانی زانکۆو پەیمانگاکان توێژینەوەی لەسەر بکەن.
بەمەبەستی ھاندان پیرۆزبایی لەو نوسەرو خاوەن قەڵەمانەو کەناڵەکان دەکەم گەر بەڕێژەییش بێ پرسی جینۆسایدی کوردیان کردۆتە خەمی نوسین و گەیاندنی تراژیدیای گەلەکەمان بە رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە.
ھانی کەناڵە حزبی و غەیرە حزبیەکان دەدەم بەشێک لەو بۆشاییە بەرینە پڕ بکەنەوە. ئەمە بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و ئینسانیە، لەھەمان کاتدا ئەرکێکی رۆژنامەوانی و میدیاییە.
ئەرمەنەکان دوای سەد ساڵ میدیاکانیان رۆژانە دیمەنەکانی جینۆسایدی ئەرمەن پیشان دەدەنەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی لەبیرنەکردن.
زۆرێک لەمیدیاکانی جیھان رۆژانە دیمەنەکانی ھۆلۆکۆست ئاوێتەی راپۆرت و وتارو نوسنەکانیان دەکەن ئەمە جگە لە بەرھەم ھێنانی فیلمی نوێ بەبەردەوامی.
لە ئەفریقاش نەک ھەر رواندیەکان زۆربەی میدیاکانی وڵاتانی ئەو قاڕەیە وەک بەشێک لە دەرس وەرگرتن باس دەکەن. لە ساڵێکا ھەموو رۆژو ھەفتەیەک بەبیری خۆیانی دەھێننەوە نەک تەنیا رۆژێکی بۆ تەرخان بکەن.
گەلانی دونیا ئەو ئەرکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە کۆڵ خۆیان ناکەنەوە وەک لا خۆمان و رۆژی ٤/١٤ ی ئەنفال، یا ٣/١٦ رۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجە، یا ٤/٢٤ رۆژی بۆمبارانی قەڵادزە.
کاری میدیا جگە لە پیشەیی بوون و ھەبوونی ئیتیکی رۆژنامەگەری ئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی و نیشتمانیشی ھەیە

وتارەکانی نوسەر