پێکەوەژیان لە ئەوروپاش لەبەردەم هەڕەشەدایە

09:12 - 2022-04-23
جەمال ئارێز
492 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە پاساوەکانی جەنگی روسیا لەگەڵ ئۆکرانیادا بوونی رەوتێکی نازیزست-ی نوێیە کە لە مێژە دەبوو ئەوروپا خۆرئاوا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندایە، بەڵام بەوتەی روسەکان، سەرباری ئەوەی کە ئۆکرانیا پێشتر بەشێک بووە لە خاکی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و زۆر بەشێوەیەکی دۆستانە لەیەکتریی جیابوونەتەوە و ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی لەدوای هەرەسهێنانی سۆڤیەت راگەیاندووە، بەڵام  هیشتا لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە مافی خودموختاری و ئازادیی سیاسی و کەلتوری بۆ روسیزمانەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمەکانی دۆنباس و لۆهانسک و دورگەی کریمیا دەستەبەر نەکراوە و تەنانەت رێگەشیان پێ نادرێت لە فەرمانگە رەسمییەکاندا زمانی روسی بەکاربهێنرێت.
باکگراوندی جەنگەکە هەر بەو شێوە سادەیە نییە و تەنها روسیزمانەکان پاساوەکە نین، چونکە زۆر هۆکاری لەوە زیاتر لەخۆ دەگرێت هەر لە داخوازیی ئۆکرانیاوە بیگرە بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ کە ئەوە واتای نزیکبوونەوە و بوون بە هاوسنووری روسیا و ناتۆ.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە روسیا پێیوایە ئەویش زلهێزە و چۆن بۆ ئەمریکا حەڵاڵە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و رێپێدانی لەلایەن کۆی ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە بە دەستوەردان لە عیراق و سوریا و لیبیادا بکات بە پاساوی پارێزگاریی لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و هاوپەیمانەکانی و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی، کەوابێت روسیاش دەتوانێت هەمان ئەو پاساوانە بەکاربهێنێت.

چەند دیاردەیەکی نامۆ  بە ئەوروپای ئاشکرا
ئەگەر بۆ ناشیرینکردنی سیستمی سۆشیالیستی بووبێت یان سیستمە شموولییەکانی خۆرهەڵات، یان سیستمە نەتەوەییە شۆڤێنیستەکان، یاخود سیستمە حوکمڕانییە ئاینییەکانیش بووبێت، لە رابردوودا و بەتایبەتی لە پەنجا ساڵی رابردوودا هەموان شایەتی ئەوەین کە چەمکەکانی دیموکراسی و ئازادیی و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی جیاوازییەکانی نێوان گەلان و تێپەڕاندنی گرێکوێرەکانی رەگەز و رەنگ و زمان لە مێژە ئەو دروشمە مرۆییانە ببوونەتە واقیع لە ئەوروپاو خۆرئاوادا، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەندێک وڵاتی ئەوروپادا دەیبینین و دەیبیستین لە رێی میدیاکانەوە، نامۆبوونی ئەو جۆرە لە سیستممان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی راستە لەوێش لە دەستوور و یاساکاندا ئازادیی و دیموکراسی و وەکیەکی و پێکەوەژیان چەسپێنراون، بەڵام یان پێناچێت بووبێتە کەلتووری گشتی، یاخود ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەهۆی شەپۆلی کۆچبەرانی وڵاتانی خۆرهەڵات و ئیسلامییەوە لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی ئەو وڵاتانەدا دروستبووە لەو 50 ساڵەدا، پێدەچێت لەجیاتی ئەوەی کۆچەران و رەوەندی خۆرهەڵاتی و ئیسلامی لە سیستم و کەلتووری ئەو وڵاتانەدا بتوێنێتەوە و بیانخاتە ناو موزایکی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە، پێچەوانە بۆتەوە و زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی ئەوروپا گوڕاون و لەو کەلتوری خۆیان لایانداوە و ئەوەش جۆرێک لە کاردانەوەی رەگەزپەرستانە و ئایینی لە ناخی بەشێکی زۆر لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگە «پیشکەوتوو»انەدا زیندووکردبێتەوە و وەک دەبینین ساڵ بەساڵ کێرڤی هێز و گروپە راسیستەکان روویان لە بەرزبوونەوەیە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە بەهۆی یاسا مرۆڤدۆستانە و سیستمە دیموکراتەکانیانەوە داڵدەی زۆرترین رەوەندی خۆرهەڵاتی و ئیسلامی و ئەفریقیان داوە کە بەهۆی وەرگرتنی رەگەزنامەشەوە هەموو مافێکی سیاسی و مرۆیی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانەیان دەستەبەرکردووە.

هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچ
لە چەند ساڵی رابردوودا و بەتایبەتی لە سەرەتای ئەم هەزارەیە و دوو دەیەی رابردوودا، بەهۆی گرفتە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەک و بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسیی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی و ئیسلامی، بە سوودوەرگرتن لە یاساکانی خۆرئاوا هوروژمێکی نائاسایی کۆچەر رووی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەسکەندەناڤی کرد، ئەگەرچی پێش ئەوەش کۆچبەران چ لەرێی کەمپەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و چ لەڕێگەی قاچاغەوە خۆیان دەگەیاندە ئەو وڵاتانە، بەڵام لەدوای ئاکتیڤبوونی هەرچی زیاتری گروپەکانی ئیسلامی سیاسی لەلایەک و بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی سیاسی لەبەردەم کەسانی دیموکرات و ئازادیخواز و لیبراڵدا، هەندێک بۆ خۆ دەربازکردن و هەندێکیش بە بەرنامە رووە و ئەو وڵاتانە کۆچیان کرد.

کارتی سیاسی و بازرگانییەکی بێ باج
 ئەگەرچی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر کەنار دەریاکانن چ وەک کارتی سیاسی بۆسەر ئەوروپا و چ وەک بازرگانییەکی بێ باج برەوی زیاتریان بە کردنەوەی رێگە بۆ کۆچەران کردەوە، بەتایبەتی لەو کاتانەدا کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی سیاسیدا بووبن لە وڵاتانی ئەوروپا، کەناراوەکانیان واڵاکردووە کەبەردەم یەخت و قاچاغچییەکانی مرۆڤدا و هەر کاتێکیش مەرامەکەیان هاتبێتە دی، ئەوا بەجۆرێک لە جۆرەکان توندیان کردۆتەوە، بەڵام کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و کەسی باڵادەست هەمیشە وەک کەسابەتێکی پڕ قازانج و بێ باج لانیکەمی دەروازەی قاچاغیان هێشتۆتەوە.

هەڵبژاردنەکان و زەنگی مەترسییەکە
لە دەیەی رابردوو و ئەم دوو ساڵەی دەیەی سێیەمی ئەم سەدەیەدا چەند هەڵبژاردنێک لە وڵاتانی (بەهەشتی سەر رووی زەوی) بەڕێوەچووە، لەم هەڵبژاردنانەدا کۆمەڵێک زرینگەی زەنگی مەترسیمان بەرگوێ دەکەوێت کە مایەی مەترسین بۆ ئایندە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ساڵ بەساڵ کێرڤی هێزە رەگەزپەرست و دژە بێگانەکان بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت. 
لەلایەکی دیکەشەوە سەرەڕای بوونی ئەوەی پێی دەوترێت ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی پەستن، بەڵام لەم دوو دەیەیەی رابردوودا شایەتی چەند رووداوێک بووین سەبارەت سووتاندنی قورئان و دروستکردنی کاریکاتێری سوکایەتی بە پەیامبەری موسڵمانان کە ئەو کارانە بەر لە موسڵمانانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە، سوکایەتییە بە خودی سیستم و دەستوور و یاسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتانە، چونکە نە موسڵمانێک (لەو وڵاتانە) بە کاریکارتێر یان بە شێوازی دیکە سوکایەتی بە بیروباوەڕە ئاینییەکانی ئەوان نەکردووە، بۆیە دەبوو بەرلەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکان ئەو پاساوانە بکەنە هەنجەتی شکاندن و سوتاندن و تیرۆرکردنی کاریکاتێریست و بارەگای رۆژنامەکان و هەڕەشە و گوڕەشە لەو کەسانەی قورئان دەسووتێنن، دەبوو دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە ئیحیوای دۆخەکە بکەن و بەگوێرەی یاساکانی خۆیان کە بنەمای پێکەوەژیان و رێزگرتنە لە پیرۆزیی و پەرستراوەکانی یەکتریی، کەسی سەرپێچیکار دەستگیر بکەن، دێن دەیانپارێزن و دەڵێن یاسامان نییە بۆ گرتنی کەس لەسەر ئەو کارانە.

هەڵبژاردنەکەی فەرەنسا و خۆپیشاندانەکانی سوید
هەموو هەنگاوێکی نا مەدروس و تاکتیکی سیاسی کە لەبنەماوە وەک پێویست نەبووبێتە کەلتور و باوەڕی مرۆڤەکان، ئەنجامەکەی ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە ئێستا هەیە، چونکە بەشێکی زۆر لەو وڵاتانە هێندە دەروازەی ئازادییان واڵاکردووە، کە هەموو جۆرە کەلتور و نەژادێک رژاوەتە وڵاتەکانیانەوە، بەڵام پێناچێت توانیبێتیان وەک پێویست کاتی تەواو بدەن بە هەموو ئە کەسانە تا لەناو کەلتور و یاساکانیاندا بتوێنەوە، بۆیە زوو تێکەڵکردنی ئەو کەسانە بە هەندێک کەسی وڵاتەکەی خۆیان کە زۆرجار لەڕووی ئابووریی و کەلتوریی و ئەمنیشەوە ئەمانە بە هەڕەشە دەزانن لەسەر خۆیان، بۆیە ئەو بەریەککەوتنانە روو دەدات، ئەوەتا دەبینین ئەو سویدەی بە یەکێک لە وڵاتە هەرە ئارام و دیموکراتەکان ناسراوە، بەڵام رەفتاری هاووڵاتییەکی رەسەنی ئەو وڵاتە و پەرچەکرداری خەڵکانێکی پەنابەر لەو وڵاتە رووبەڕووی چ گێژاوێکی دەکاتەوە.
 لەکاتێکدا پیدەچێت بەشێک لەوانەی ئیستا لە شەقامەکانی سویددا ئۆتۆمبێلی پۆلیس و خزمەتگوزاریی گشتی دەشکێنن و دەسووتێنن نە مسوڵمان بن و نە بشزانن مەسەلە چییە، بەڵام بۆخۆئان لە کیشەی دیکەی دەروونی و یاساییدا بن لەگەڵ پۆلیس.
هەرچی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتیی فەرەنساشە ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ئەو زەنگی مەترسییەی کە لە دەرگای دیموکراسی و پێکەوەژیان دەدەن لەو وڵاتانە، چونکە راستە ماری لۆپێن ئەگەری دەرچوون و سەرکەوتنی نییە بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا، بەڵام ژێژەی دەنگەکانی کەم نییە و ئاماژەی ئەوەیە کە بەم پێوەرەی ئێستاش بێت نزیکەی چارەکێکی فەرەنسییەکان بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە. 
دیارە مەترسییەکان لەدوای جەنگی روسیا -  ئۆکرانیا زیاتر دەردەکەون، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا.

وتارەکانی نوسەر