پەروەردە بێ پەردە

10:10 - 2022-04-23
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
559 خوێندراوەتەوە

بەو پێیەی لەلایەك 10 ساڵە مامۆستام و لەلایەكی دیكەشەوە وەك رۆژنامەنووس دەڕوانمە هەندێك كەلێنی پەروەردە، هەرگیز خۆشحاڵ نیم بەو دۆخەی ئێستا كەرتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانی تێدایە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو سیستمی پەروەردەیەی كە لە ماوەكانی رابردوودا بەناوی سیستمی سویدی و پێشكەوتو و سەردەمیانە ناوی دەبرا، نەك سیستمێكی پێشكەوتوو نەبوو، تەنانەت لە سیستمە كۆنەكەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمیش باشتر نییە كە خوێندكاری لەسەر ئەوە رادەهێنا پشت بە بیرو زاكیرەی خۆی ببەستێت نەك هەڵبژاردنی وەڵامەكان.
ئەو خوێندكارەی لە سایەی ئەم سیستمە نوێیەدا پێدەگات، بەجۆرێك لەجۆرەكان لاوازكراوە و توانای داڕشتن و نووسینێكی باشی نییە، بەپێچەوانەوە ئەوەی خوێندكاری ئێستا پشتی پێدەبەستێت هەڵبژاردنی وەڵامەكانە لەكاتی تاقیكردنەوەدا، دیسان ئەوەش لەسەر بنەمای زانیاری و بە ئاگاییەوە نییە، بەڵكو بەشێوەیەكی عەشوائی و شێروخەت! وەڵامەكان هەڵدەبژێرن.
لەسایەی ئەم سیستمە نوێیەدا خوێندكاری كورد نەك تەنها كاركردن بە هزر و بیركردنەوەی لێوەرگیراوەتەوە، تەنانەت خوێندكاران نازانن دێڕێكی دروست و باشیش بەسەر یەكەوە بنوسن، بەجۆرێك ئێستا لەلای بەشێك لە مامۆستاكان وەك نوكتەی لێهاتووە و دەگوترێت لە سایەی سیستمی تازەی خوێندندا خوێندكار نازانێت بە باشی ناوی خۆی بنوسێت!.
بەبێ پەردە، لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە شتێكی ئەوتۆی نییە ناوی «پەروەردە» بێت، ئەوەش هەر لە پەروەردەی عەقڵی و زانستییەوە بیگرە تاكو پەروەردەی دەروونی و رۆشنبیری خوێندكار، هەموو جۆرەكانی پەروەردە تووشی پاشەكشێ بووە، ئەگەر لە واقیعی ناوەندەكانی خوێندن و پۆلەكانی خوێندنەوە بڕوانین، خوێندكار و مامۆستا وەك دوو گەورەترین كۆڵەكەی سیستمەكە، هیچیان لە سیستم و پەروەردە و پرۆسەی خوێندنی ئێستا رازینین و بە بەراوردیش بە ساڵانی رابردوو هەست بەوە دەكرێت بە ئەنقەست! توانای زانستی و رۆشنبیری خوێندكار لاوازكراوە و لە پاشەكشێیەكی بەردەوامدایە.
ئەگەر گشتگیرتر لەم پرسە بڕوانین،  دەبینین تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم سیستمە تەواوكەری یەكتر نین و پێكەوە بەرهەمێكی باشیان پێشكەشی كۆمەڵگە نەكردووە، وانەی تایبەتی مامۆستاكان لە دەرەوەی پۆل، وایكردووە وانەوتنەوەی ناو پۆل گرنگییەكی ئەوتۆی نەمێنێت لەلای بەشێكی خوێندكار، وەرگرتنی خوێندكار بە نمرەی نزم لە زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكاندا و خوێندنیان بە پارە، ویستی خوێندكار و زیرەكی و نمرەی بەرز لەلای خوێندكارە دەوڵەمەندەكان بكوژێت و لە دواجاریشدا بە نمرەیەكی كەمەوە لە بەشێكی بەرز وەربگیرێت و بەهێزی پارە بڕوانامەیەكی نمونەیی! بەدەست بهێنێت.

وتارەکانی نوسەر