خوێندنەوە بە كەلتور بكرێت

10:02 - 2022-04-24
ئالان رەئوف
601 خوێندراوەتەوە

23/4 ی هەموو ساڵێك رۆژی جیهانیی كتێبە، لەم رۆژەدا بە چەندین چالاكی ‌و شێوازی جیاجیا ئەم یادە دەكرێتەوە كە تیایدا بە بایەخەوە باس لە كتێب ‌و بایەخی كتێب ‌و خوێندنەوەی كتێب دەكرێت.
كتێبخانە لە ماڵ ‌و لە ئامێزگرتنی كتێب لە هەر كوێیەكی دونیادابێت ئاماژەیە بۆ زیندوێتی ‌و شارستانی ئەو میللەت ‌و كۆمەڵگەیە. 
لە هەرێمی كوردستانیش ئێستا نزیكەی 100 كتێبخانەی گشتی هەیە، كەم شارۆچكە ‌و ناحیە هەیە لە كوردستان كتێبخانەی گشتی تێدا نەبێت، لە سەرەتای ساڵی 2000 وە هەڵمەتێكی گەورەی دروستكردنی بینای كتێبخانە گشتییەكان لە كوردستان دەستیپێكرد بەتایبەت لە سنووری زۆنی سەوز، لە سلێمانی ‌و گەرمیان ‌و دەڤەری راپەرین .
هاوكات بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی كتێبخانە گشتییەکان بۆ هەرێمێكی 4 پارێزگایی، رێژەی چاپكردنی كتێب لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە بە جۆرێك تەنها لە ساڵی 2021 دا لە سلێمانی نزیكەی 1000 كتێب چاپكراوە هەروەها لە هەولێریش بە هەمان شێوە ژمارەیەكی زۆری كتێب چاپكراوە.
ئەوەی زیاتر لەو بۆنەیەدا پێویستە تیشكی بخەیەنەسەر ئەوەیە چۆن بتوانرێت زیاتر بایەخ بە كتێب ‌و كتێبخانەكان بدرێت ‌و هەوڵبدرێت پڕۆسەی خوێندنەوە بە كەلتور بكرێت.
بایەخدان بە كتێبخانە گشتییەكان ‌و زەمینەسازی بۆ چاپكردنی كتێب ‌و هاندان بۆ خوێندنەوە لە رێگەی بەرنامەیەكی گشتگیر ‌و هەمەلایەن و پلانی پێوست لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەك رۆشنبیری ‌و خوێندنی باڵا و پەروەردە دەمانگەیەنێت بەو ئامانجانە.
تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ كتێبخانەكان تا بتوانن ئیشوكار ‌و بەرنامەكانی كاركردنی خۆیانی پێ بەرێوەببەن كە بەداخەوە بودجەی مانگانەی هەندێك لە كتێبخانانە 30 هەزار بۆ 50 هەزار دینارە .
خاڵێكی تری بەهێز بۆ بایەخدان بە كتێب ‌و كتێبخانە گشتییەكان گەڕانەوەی سیما‌ و روخساری كتێبخانەكانە وەك پێشتر هەبوون، بەداخەوە ئێستا بەشێكی زۆری كتێبخانەی شارۆچكە ‌و ناحییەكان بەهۆی هەبوونی چەندین فەرمانگەی حكومی تر لەناویدا سیمای رەسەنی كتێبخانەی لە دەستداوە، شوێنێك نییە بە تەنها  بۆ كتێب ‌و خوێندنە‌وە ‌و زەمینەسازی بۆ هاندان بۆ خوێندنەوە بەڵكو بوونەتە كۆمەڵگەی فەرمانگە حكومییەكان ‌و لە هەندێك شوێن كتێبخانەكان بونەتە میوان ‌و میوانەكان ساحێب ماڵن.

وتارەکانی نوسەر