خۆشویستن و یەکترقبووڵکردن

10:13 - 2022-04-25
کەنار قاسم
500 خوێندراوەتەوە

ئەوەی بینیم لەوێ،  خەڵک و کەلتورێکی تەواو جیاواز،  کەلتوری خۆشویستنی یەکتر و قبووڵکردنی یەک. دیمەنێکی تێکەڵ لە تراژیدییا و خۆشەویستی، من نەمدەزانی لە کامیان بڕوانم، ئەوان یەکتریان خۆشدەوێت و مێژوو و شەهید و ئازارەکانیان خۆش دەوێت و منداڵەکانیان بە خۆشەویستی گۆشکراون.
کچ و کوڕ و گەنج و پیر بە دەستی پڕ لە گوڵ و پۆستەرەوە بە هێمنی و لەسەخۆ بەرەو مۆنۆمێنتەکە دەڕۆشتن،  لەوێ  بەبێ دەنگی گوڵەکانیان بەدەوری بازنەیەک لە ئاگرە ئەبەدییەکە دادەنا و نزایان بۆ هەزاران شەهیدی وڵاتەکەیان دەکرد. 
خەمێکی یەکجار قورس لە دڵیاندا هەبوو،  ئەوان یادی رۆژە شوومەکەیان دەکردەوە کە جینۆسایدکردنیان بوو لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە،  خەڵکی  هەموو ئەرمینیا و یەریڤان و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەش دەژین لەو رۆژەدا دەگەڕێنەوە بۆ بەرزراگرتنی رۆحی شەهیدەکانیان هەموویان  دەچنە مۆنۆمێنتەکە، ساڵانە  بەو شێوازە جوانە جینۆسایدەکەیان بیری جیهان  دەخەنەوە، بەڵام  هیچ شپرزەیی و تێکدانی شوێنەکە و پیسکردنی مۆنۆمێنتەکە روونادات و نەبوون بەهۆی دیسان ئازاردانی یەکتر، گرژییان پێوە دیار نەبوو، من  لەوێ بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر ئەم مۆنۆمێنتە لە کوردستان بوایە، هەر لە دەرگاکەوە یەکەم شت دەبوو بە پاڵەپەستۆ و شەڕ بۆ ئەوەی کێ زووتر بچێتە ژوورەوە و لەوێ فڕێدانی  دەبە ئاو و خواردن پاشماوەکانیان چی بەسەر مۆنۆمێنتەکە دەهێنا. 
جوانتر ئەوە بوو قەدەغەی هاتوچۆ و پشوو بوو بۆ هەموو خەڵکی  ئەو  شارە هەرچەند هەر خۆی شارەکە ژمارەیەکی کەم ئۆتۆمبێلی تێدا هەبوو، بە پیادە بە بێ دروستکردنی فەوزا و ئاستەنگی هاتوچۆ مەراسیمەکەی خۆیان جێبەجێدەکرد. 
 ئێمەی کورد  خاوەنی چەندین کەلتوری جوانین،  بەڵام  تا ئێستا  کەلتوری رق  و دژی یەک وەستانەوە و متمانەنەکردن بەیەک،  بە ئاشکرا پێمانەوە دیارە،  دین و بیروبۆچوونی جیاواز قبووڵ ناکەین،  کەسی جیاواز لە ئێمە بە توندی دژایەتی و ئازار دەدرێت. تەنانەت نەوە و جیلە نوێیەکەی ئێمە، خۆشویستنیان  بۆ رق و دژایەتی  گۆڕیوە و بە دوای هەلێکدا دەگەڕێن بۆ ئازاردانی کەسی بەرامبەر لە هەمووی خراپتر رق لێبوونەوەی میللەت و خاکەکەی هەرچەندە بۆ ئەمە خێزان و دەسەڵاتیش بە هۆکار گەلێکی زۆر بەرپرسیارن. 
ساڵی پار لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بووم  لە ساڵیادی جینۆسایدی میللەتەکەیاندا،  ئەوەی زیاتر سەرنجی راکێشام جوانی شارەکە و رێگاو بان و تەلار و باڵەخانە و سروشتەکەی  نەبوو، بەڵکو کەلتور و  خۆشەویستی  و یەکترقبووڵکردن و خەمخۆری ئەو میللەتە بوو.

وتارەکانی نوسەر