ئاخری خێر بێت

10:47 - 2022-04-25
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
440 خوێندراوەتەوە

گرێبەستی 50 ساڵە بۆ هەناردەكردنی نەوت لە كۆتایی 2013، هەرێمی كوردستانی رووبەڕووی بارودۆخێكی ئابووریی سەختكردەوە، لەبری یەكلاییكردنەوەی پرسی نەوت و چارەسەركردنی بێ مووچەیی و خراپیی باری ئابووریی، دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستانی كوردستان لەژێر كاریگەریی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، راپرسییان بۆ سەربەخۆیی كرد! كە هەموومان دەزانین پرۆژەیەكی ناوەخت بوو، هەڵەیەكی دیكەی گەورەبوو. سەرەنجام بەهۆیەوە بارودۆخی كوردستان زۆر خراپتر بوو! 
خراپی دۆخی هەرێم وەك خۆی مایەوە. لە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەبەغدا، هەرێم تێكەڵ بەململانێی ناوخۆی عیراق و ناوچەكە كرا، بەهۆی ئەو دۆخەوە دادگای فیدراڵیی بڕیارێكی لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەركرد! كە دژی خواستی دەستەبژێری بڕیار بەدەستی هەرێم بوو. 
جارێكی دیكە لەبری چارەسەری ئەم پرسە نوێیە، پێدەچێت كاربەدەستانی هەرێم پەنا بۆ دۆسیەیەكی زۆر مەترسیدارتر ببەن كە (گازی سروشتیە)و تەنها رەهەندی ناوخۆیی و ئیقلیمی نییە، بەڵكو گرێدراوی ململانێی نێودەوڵەتییە. 
نەخوێندنەوەی واقع و پێشبینی هەڵە بۆ رووداوەكان، چ لەسەربەخۆ فرۆشتنی نەوت یاخود لە راپرسییەكەی 2017، بڕیار بەدەستانی هەرێمی تووشی شكستی گەورەكرد، ئێستاش لەبری سوود وەرگرتن لە هەڵەی رابردوو، پێناچێت بڕیار بەدەستانی هەرێم بیر لە رێگاچارەی واقعی بكەنەوە، بەڵكو دەیانەوێت پرۆژەی گازی سروشتیی بكەنە كەڤەر و بەردەبازی خۆ دەربازكردن و بازدان بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی بەسوود وەرگرتن لە رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا سەختتر و ئاڵۆزتر بووە. ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا داوای دەكات، بەر لە 15 ساڵ ئامادەبوو بەنیوەی ئەوەی ئێستا ئیمزای لەسەر بكات، بەڵام مخابن چارەسەری پرسی نەوت دواخرا و ئێستا زەرف و زەمانێكی دیكە لەگۆڕێیە، بەداخەوە دەڵێم نە عیراق عیراقی جارانە و نە هەرێم هەرێمی ئەوكاتە.
پرسی ناردنە دەرەوەی غاز، جگە لەوەی پێویستی بە سازان و رێكەوتنی سیاسی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتیش (یەكێتیی و پارتی) هەیە، هاوكات پێویستی بەرێكەوتن و رەزامەندی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ئێران هەیە. 
زەمینەی ناوخۆ و ناوچەكەی بۆ نەڕەخسێنرێت، مومكین نییە سەركەوتووبێت، خۆ ئەگەر ئەم پرۆژەیەش وەك ئەوانی دیكە بەڕێ بكرێت، بەدڵنیاییەوە لێكەوتەكانی لەوانی دیكە خراپتر دەبێت. لەناردنە دەرەوەی نەوتدا مووچە و بودجەی هەرێم لە بەغداوە بڕا، لە ریفراندۆمدا ناوچەیەكی بەرفراوانی هەرێم لە رووی سەربازییەوە لەدەست چوو، ئەمجارەیان بەپێی ئاماژەكان بارودۆخی هەرێم سەختتر دەبێت و دوور نییە هەرێم وەك قەوارە رووبەڕووی مەترسی جددی ببێتەوە. 
لەزۆربەی پرس و پێشهاتەكان، پێشوەختە هەوڵمانداوە بڕیار بەدەستانی هەرێم لە عاقیبەت و چارەنووسی رووداوەكان ئاگادار بكەینەوە، ئەو راستیانەیان بۆ بخەینە روو كە دەربار و دەوروبەرەكانیان نایخەنە روو، مەخابن بەهەندیان وەرنەگرتووە. 

 

 

ئەمجارەشیان پێدەچێت جارێكی دیكە هەرێم خۆی تووشی گێژاوێك بكات، چارەسەركردنەكەی لە هەموو رووداوەكانی رابردوو زەحمەت تر و سەخت تر بێت. 

وتارەکانی نوسەر