لەناو رووداوەکاندا

خاكە دوورەكانی توركیا

10:55 - 2022-04-25
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
428 خوێندراوەتەوە

12

لە ئەدەبیاتی سیاسی توركیادا، هەموو ئەو خاك و ناوچانەی كە پێشتر سەربە دەسەڵاتدارێتی و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی عوسمانی بوون لەماوەی 624 ساڵدا «1299 _1923»، پێی دەوترێت «خاكی دوور»، ئەم خاكە دوورانە پشكێكی بەر عیراقیش كەوتووە، زۆرجار كە دەسەڵاتدارانی توركیا قسە لەسەر خاكی دوور دەكەن راستەوخۆ قسە لەسەر ئەو ناوچانەی عیراقیش دەكەن كە ئێستا هێزەكانیان لە بەشێكی ئەو خاكانەدا بنكە و بارەگایان داناوە.
ئەم خاكە دوورانە بۆ توركیا نەك تەنها وتار و هوتافی تیژپەڕ و كاتی نییە، بەڵكو ستراتیژ و بنەمای كاركردنیانە و لەدوای ساڵی 1923 كە دەوڵەتی توركیا دادەمەزرێنرێت، بەردەوام ئیشی لەسەر وەرگرتنەوەی ئەم خاكە دوورانە كردووە و هەر كاتێكیش بە بیانوویەكی وەك تیرۆر یان پشتێنەی ئەمنیی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوورەكانی «وەك خۆیان ناویان ناوە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوورەكان» کردبێت، پێش هەر مەبەستێكی دیكە، هەوڵەكانی توركیا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو خاكە دوورانە بووە، بە رادەیەكی زۆر و بەرچاویش ئەو ویستەی توركیا هەنگاوی بڕیوە و بەو هۆیانەوە بەشێكی زۆری خاكی وڵاتانی دراوسێی داگیركردووە.
لەم پرسەدا هەرچی تایبەتە بە هەرێمی كوردستان و ئێستا لە ئەرزی واقیعدا دەیبینین، دەبێت قووڵتر و وردتر لێی بڕوانین نەك تەنها وەك جەنگی پەكەكە _ سوپای توركیا، چونكە لە مێژە زۆرێكی بۆچوونەكان لەگەڵ ئەوەدان كە توركیا بچێتە هەر خاك و شوێنێك لێی ناكشێتەوە و وەك خاكی خۆی مامەڵەی تێدا دەكات، ئەم بۆچوونە شتێكی راست و دروستە كە توركیا ئەو خاكە داگیركراوانە بە خاكە دوورەكانی خۆی دەزانێت و شتێك لە دیدی توركیادا نییە ناوی میوان بێت، ئەم بۆچوونە ئێستا بووەتە سیفاتی زاڵی سوپای توركیا و لە واقیعیشدا بە چاو دەبینرێت، كاتێك دەگوترێت توركیا خەونی زیندوو كردنەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی هەیە واتە: توركیا بەدوای خاكە دوورەكانیدا دەگەڕێت و دەیەوێت هەموویان بگێڕێتەوە بۆ خۆی، ئیدی تەواوی بیانووەكانی دیكە بۆ داگیركاری توركیا راست نین.
راكردنی توركیا بە دوای خاكە دوورەكاندا، رەنگڕێژكردنەوەی ناوچەكەیە بەو شێوەیەی كە دەوڵەتی توركیا دەیەوێت، ئەم رەنگڕێژكردنەوەیەی توركیا هەنگاوی لەسەرخۆ و بە نەرمی داگیركاریی دوورمەودای لەسەر جیبەجێ كراوە، بۆیە ئێستا دەبینین ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا ئەوەندەی لەناو ئەو خاكە دوورانەدایە، هێندە لە خاکی خۆیدا نییە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە توركیا بەدوای نەیار و دوژمنەكانیدا ناگەڕێت ئەوەندەی بە دوای خەونە مێژووییەكەیدا وێڵە.
بەلای دەوڵەتی توركیا و هەر سەركردە و حزب و كەسێكی توركیاوە، ئەم خاكە دوورانە شتێكی ئەوەندە بچووك نییە، لە دەرەوەی بەدەستهێنانەوەیان، لە خاڵێكدا بوەستن و دەستبەرداریان ببن، بەپێچەوانەوە توركیا وا نزیكەی یەك سەدەیە لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەیاندایە و لە چەند وڵات و ناوچەیەكیشدا بەناوی بەدەستهێنانەوەی ئەو خاكانەوە، زۆرێك لە خاكی وڵاتانی داگیركردووە و جەنگی هەیمەنە و ئۆتۆنۆمی لەسەر بەرپا كردووە و هەرچی خێروبێریشی بووە بۆ خۆی بردووە.

وتارەکانی نوسەر