زۆربوونی داهات

09:17 - 2022-04-26
ئیدریس جەبار
550 خوێندراوەتەوە

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ سەرو 100 دۆلار بۆ بەرمیلێك، سەبارەت وڵاتێكی وەك عیراق كە ئابورییەكەی بە رێژەی زیاتر لەسەدا 90 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، سودێكی گەورەی هەیە و دەبێتە مایەی گەشەكردن و بوژانەوەی. 
بانكی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی ئەم مانگەیدا پێشبینی كردووە، ئابوری عیراق لە ساڵی 2022 بەڕێژەی
8.9 % گەشەكردن بەخۆوەببینێت و پێش تەواوی وڵاتانی عەرەبی بكەوێت بە قەتەریشەوە كە چاوەڕوان دەكرێت ڕێژەی گەشەكردنی 4.9 بێت. 
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بە پاشەكشەكردنی گەشەی عیراق كراوە لە ساڵی 2023، بەڵام جگە لە میسر لەپێش هەموو وڵاتانی تری عەرەبییەوە دەبێت.
راپۆرتەكەی بانكی نێودەوڵەتی پێیوایە، عیراق لەنێوان وڵاتە عەرەبییەكاندا گەشەكردنی پشكی تاكی لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ لە 2022دا بەرزترین دەبێت بەڕێژەی 6.3 %، لەكاتێكدا گەشەی پشكی تاك لە سعودیە 5.5 % و كوێت 4.5 % و بەحرێن 1.4 % و میسر 3.6 % و قەتەر 4.5 % دەبێت، لە مەغریبیش گەشەی داهاتی تاك بۆ 0.1 % دادەبەزێت.
شارەزایان لە بانكی نێودەوڵەتی، ستایشی هەنگاوە ئەرێنییەكانی حكومەتی عیراقییان كردووە لەڕێی وەزارەتی دارایی و رێكارەكانی راستكردنەوەی سیاسەتی دارایی و هەرەمی گشتی ئابوری عیراقی، وێڕای گرتنەبەری كۆمەڵێك رێكار و جێبەجێكردنی چەند پلانێكی مامناوەند و دوورمەودا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەكانی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەكان لە جیهان و دەرهاویشتەكانی پەتای كۆرۆنا.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داهاتی عیراق بەراورد بە شەش مانگی رابردوو، 25 ملیار دۆلار زیادی كردووە، وەزارەتی داراییش پێیوایە، بەرز بوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری هەبووە لەسەر چینی هەژاران، بەڵام ئەوان وەكو حكومەتی عیراق پشتیوانی لە ئاسایشی خۆراك دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش سەبەتەی خۆراكیان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشكردووە . 
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی روسیا لە ئۆكراینا، بازاڕی وزەی لە جیهاندا تووشی شۆك كردووە، بەوپێیەی لەم ماوەیەی دواییدا نرخی بەرمیلێك نەوت 130 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش سودێكی گەورەی بۆ وڵاتە بەرهەمهێنەكانی نەوت هەیە، بە تایبەت بۆ عیراق كە لەئێستادا بە یەكێك لە گەورەترین وڵاتی هەناردەكار دادەنرێت لە جیهاندا.

وتارەکانی نوسەر