لە پەنجەرەی پەروەردەوە

گرفتەکانی هەڵسەنگاندن لە بازنەی یەکەم

09:41 - 2022-04-26
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
916 خوێندراوەتەوە

گرفتی هەڵسەنگاندن لە پۆلەکانی یەکەم ودووەم وسێیەمی بنەڕەتی کە دەکەونە بازنەی یەکەمی فێربوون و فێرکردنەوە، گرفتێکی بنچینەییەو تائێستا پێوەر و رێکارێکی زانستی و پەروەردەیی و سەردەمی نەخراوەتە گەڕ بۆ ئەوەی لەم سێ پۆلە بنەماییەی خوێندن خوێندکاران تیایدا بەشێوەیەکی ستانداردی جیهانیی پێشکەوتوو گرنگییان پێ بدرێت و هەڵسەنگاندنێکی دروستیان پێ بکرێت، سەرەتا لە سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان کە دەرئەنجامی کۆنگرەی پەروەردەیی ساڵی (2007)ە، لەبەندی ژمارە(58) خاڵی دووەم ئاماژە بەوەدراوە قوتابی لە پۆلێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ پۆلێکی تر بەڕەچاوکردنی تواناکانی فێربوون و ئاستی زانستیان و بەمەرجی کرداری فێربوون بەدیهاتبێت، هەروەها لەبەندی ژمارە(61) خاڵی سێیەم ئاماژە بەوە دراوە کە ئەنجام بە ( لاواز، پەسەند، ناوەند، باش، زۆرباش، نایاب) دەدرێتەوە و لە خاڵی چوارەمی هەمان بەند ئەوە خراوەتەڕوو کە دەرنەچوون و تاقیکردنەوەی بە نووسین لەم سێ پۆلەدا نییە، دواتر لەبەرئەوەی هەلومەرجەکانی فێربوونی نێو پۆل لە وڵاتی ئێمەدا بەوجۆرە نەبوو کە بتوانرێت فێربوونی تەواوی قوتابی لە قوتابخانەدا بەدیبێت و لەبەر زۆر گرفت وەک ژمارەی زۆری قوتابیان لە پۆلێکدا، نەبوونی هۆیەکانی فێرکاری گونجاو، نەگونجانی هەلومەرجی نێو قوتابخانەکان، کاریگەری خێزان و پەروەردەی منداڵ و...زۆر هۆکاری تر ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی درووست فێرنەبوو، کەمتوانایی خستە پۆلەکانی ترەوە، ئەنجام کاریگەری زۆر نێگەتیڤی لەسەر دۆخی فێربوون و فێرکردن هەبوو، لە پۆلەکانی دووەم و سێیەمدا مەرجی دەرچوون لە بیرکاری و کوردی کرا بەپێوەری گواستنەوەی قوتابی لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکی ئاستبەرزتر، بەڵام ئایا ئەمەش کێشەکەی چارەسەرکرد؟ بێگومان نەخێر..لەئێستادا هەرمامۆستایەک بەبۆچوونی خۆی هەڵسەنگاندن بۆ قوتابییەکان دەکات، هیچ ستانداردێکی زانستی و هەڵسەنگاندنێکی دروست و نوێ بەردەست نییە مامۆستایانی لێ ئاشناکرابن تا بتوانن بەتەواوی ئاستی فێربوونی قوتابیانی پێ دەستنیشان بکەن، زۆری ئەو بابەت و وانانەی لەم سێ پۆلەدا هەیە وای کردووە قوتابی بارێکی گرانی کتێب و کەڵەکەبووی وانەی لەسەرکۆببێتەوە کە پێویست بەتێڕامانێکی ورد دەکات بۆ چارەسەرکردنیان، لە هیچ کوێی دنیادا نییە قوتابی لە سەرەتای خوێندن و فێربوونیدا ئەو بڕە زۆرەی وانەی پێبدرێت و پاشان پێی بوترێت تۆ کەوتوویت و دەرنەچوویت بۆ پۆلێکی تر، لە کاتێکدا فێربوون لەم سێ پۆلەدا قۆناغی بنیاتنان و گەشەی توانا هزری و راهێنانی قوتابییە بۆ ئەوەی بناغەیەکی فێربوونی بەهێزی بۆ بنیات بنرێت بۆ ئایندەی، نەک هەر لەسەرەتاوە بشکێنرێت و واهەست بکات ناتوانێت بخوێنێت، دەستنیشان کردنی پلەبەندی یەکەم و دووەم و سێیەمیش کارەساتێکی تری هەڵسەنگاندنی ئەم بازنەیەیە، جیاوازیکردنی قوتابییان لەسەر بنەڕەتی هەڵسەنگاندنێکی نادرووست چۆن ئەتوانرێت لەکاتێکدا قوتابییەک و قوتابیەکی تر بەم یەکەم و دووەمە جودا بکرێتەوە، لەچیدا یەکەمە؟ ئایا نمرەی هەڵسەنگاندن بەچ پێوەرێک دانراوە و چۆن دابەشی ئەو نمرەیە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە دواهەمین نوسراو لە (21/4/2022)، بەژمارە(3815) ی بەڕێوەبەرێتی گشتی ئەزموونەکان داوادەکات لە ماوەی سێ رۆژدا  هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم بابەتەکانی ئەو بازنەیە بکرێت، ئەمەش جارێکی تر جێگەی تێبینیەو چارەسەرێکی بەپەلە و نەگونجاوی هەڵسەنگاندنە و دەبێت لەسەری بوەستین. 

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر