وردتر

عیراق و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا

09:47 - 2022-04-26
لەشکر حەمە ساڵح
374 خوێندراوەتەوە

عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە تائێستا لەسەر ئاستی رەسمی هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە. 
لە كاتێكدا وڵاتانی تر، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر شانازی بەهەڵوێستی ئایینیی ئیسلامی و عەرەبیی خۆیانەوە دەكەن، لە پێناوی بەرژەوەندیی ئابووری یان بۆ موجامەلەكردنی واشنتۆندا، بەجۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی تەلئەبیب دامەزراندووە.
سەرەڕای تێپەڕینی 74 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا، هێشتا مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا لە لای هەندێك وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی جێگەی مشتومڕ و بیروڕای جیاوازە. 
هەندێك وڵات لە پێناوی بەرژەوەندیی ئابووریدا، هەندێكی تر وەك موجامەلە بۆ ئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا، مامەڵە لەگەڵ حكومەتی تەلئەبیبدا دەكەن.
هەروەها هەندێك وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی، كە لە میدیا و بەشێوەیەكی رووكەش زۆر دژی ئیسرائیلن، بەڵام لە بنچینەدا پەیوەندیی زۆر ئاسایی و گونجاویان هەیە، وڵاتانی وەك توركیا و قەتەر و ئەوانی تر.
جۆرێكی تریش هەن كە پەیوەندیی ئاساییان هەیە و پاساوی زۆریشیان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی باڵیۆز خستۆتەڕوو بەنموونەی میسر و ئوردن، لەم ساڵانەی دوایشدا، بەحرەین و ئیمارات و مەراكیش و هتد.
بەڵام؛ لە عیراق دۆخەكە بەجۆرێكە هەر لایەنێك وا بیربكاتەوە كە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دابمەزرێنێت، بەرلەوەی هەنگاوی عەمەلی بنێت؛ دەكەوێتەبەر هەڵمەتێكی میدیایی و سیاسی و تەنانەت ئەمنی و سەربازیی چڕ كە زۆرجار نەیارە سیاسی و ئایینییەكان بەرامبەر یەكتری بەكاریدەهێنن.
ئەو رەتكردنەوەیە بەر لەوەی هەژموونی وڵاتانی دەوروبەر بێت، رەتكردنەوەیەكی ناوخۆیی و جەماوەرییە لە ژێر كاریگەریی دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینیدا. 
یەكێك لەو لایەنە عیراقیانەش كە وا دەردەكەوێت زۆر دژی پەیوەندی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، رەوتی سەدرە.
ئێستا ئەو رەوتە دەیەوێت، لە رێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و بەپڕۆژە یاسایەك پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەحەرامێكی سیاسی لە قەڵەم بدات. لەو بارەیەشەوە پڕۆژەیەكی پێشكەشكردووە و هەندێك لایەنیش وەك موجامەلەیەك بۆ رەوتەكە بێ ئەوەی لەگەڵ بابەتێكی لەو جۆرەدا بن، پشتیوانیی دەكەن.
دیارە ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت كە مانگی ئاداری رابردوو، كۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومانی چەند ئامانجێكی كرد لە هەولێری پایتەختی هەرێم بەهۆی بوونی بنكەی ئیسرائیلییەوە. 
هەروەك پێشتر حكومەتی عیراق ئیدانەی سازكردنی كۆنگرەیەكی عەرەبی سوننەی كرد لە هەولێر كە ئەوكاتە بەسەرەتای هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە قەڵەمدرا.
تا ئێستا دیارنییە چارەنووسی ئەو پڕۆژەیەی رەوتی سەدر چی بەسەردێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە كە رەنگە پرسی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ببێتە بابەتێكی هەستیار بۆ قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا، هەروەك رەنگە ببێتە یەكێكیش لە دۆسێكانی جێگەی ناكۆكی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی كە رەوتەكە رابەرایەتی دەكات.

وتارەکانی نوسەر