دنەی خەڵک مەدەن، مووچەیان بدەنێ

09:48 - 2022-04-26
هیوا محەمەد
572 خوێندراوەتەوە

دەکرێت جێگری بەڕێوەبەرێک یان وەزیرێک، بڵێت ئاگاداری فەرمانێک نیم کە لە سەرووی خۆیەوە دەرچوو بێت، بەڵام سەیر ئەوەیە بەڕێوەبەر یان وەزیر بڵێت من ئاگام لێی نییە، چونکە دەکرێت ئەو بڕیارە دەربچێت و جێگرەکەی ئاگای لێ نەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبێتە شکاندنی یاسا و رێساکان.
ماوەیەکە بەئاشکرا لە رێگەی کێشەی نەبوونی دەرمان و مووچە دابەشکردن و پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ئەم پارێزگایەوە هەوڵی خراپکردنی رووی سلێمانی دەدرێت، ئەمەش نەک لەلایەن تۆڕە کۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیاکانەوە، بەڵکو لەلایەن خودی ئەو راگەیاندن و تیمەی سەر بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمن.
کەسێک و زیاتر لە ئاپۆڕای مووچە وەرگرتندا گیان لەدەست دەدەن، کاری وەزیری ناوخۆیە بێتە سەرخەت و لە هۆکارەکەی بکۆڵێتەوە و بەڕێوەبەر و ستافی بانکەکە بخاتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە، نەک لە دوورەوە بیکەنە هەواڵی تەشەر ئامێز و ترش و خوێی بکەن و سیر و پیازی پێوە بخۆن.
کاری سەرۆکی حکومەتە میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی مووچە بدۆزێتەوە، لانیکەم بۆ بەساڵاچووان کە نەچنە نۆبەتی وەرگرتنی مووچەوە، دەتوانن بە پێی ئەلف و بێی ناوەکان لە چەند رۆژێکدا دابەشی بکەن تا هەموویان بە هەڵەداوان نەچن بۆ 
بەردەمی بانک. 

پێشنیازێکی شەرمهێنەر
هەرچەندە بەوپەڕی شەرمەزارییەوە ئەم پێشنیازە دەکەم بۆ هەرێمێک کە نەوت و غاز دەفرۆشێت، دەبوا لە مێژ بوایە مووچەخۆران لە رێگەی ژمارە حسابی بانکییەوە پارەیان بۆ بخرایەتە سەر حسابەکەیان و کارتی بانکیان هەبوایە و بیان توانیبایە لە مۆڵەکان و بانکەکان هەموو بەو کارتە خەرجییەکانیان بکەن، نەک لە نۆبەی مووچە وەرگرتندا تووشی سەکتە ببن، ئەمە بۆ هەولێر و دهۆکیش بە هەمان شێوەیە.
خانەنشینان لەبەرئەوەی هێندە مووچەکانیان دوا دەکەوێت و متمانەیان بە حکومەت و سەرۆکەکەی نەماوە، بۆیە کاتێک دەڵێن مووچە دابەش دەکرێت هەموویان دەیانەوێت لەو رۆژەدا وەری بگرن و دەڵێن نەکا حکومەت پەشیمان بێتەوە یان وەک خۆیان دەڵێن: نەکا حکومەت راکات و پارەکەمان بخوات.

سلێمانی بەشێکە لە هەرێم؟
ئەگەر بە پراکتیک سلێمانی لە ناو سنووری هەرێمی کوردستاندایە و سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان بەشی سلێمانیشی پێوەیە، ئەی خێرە مووچەخۆرانی سلێمانی لە هەولێر درەنگتر مووچەیان بدرێتێ؟ دەکرێت سەرۆکی حکومەت و راگەیاندنەکەی لە دەهۆڵی بدەن و بڵێن مووچەخۆرانی سلێمانی ناڕازین لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەکەیان کە خۆشی هۆکاری دواکەوتنی بێت؟ دەبێت ئامانج لەمە چی بێت کە بە ئاشکرا تێکدانی سەقامگیریی سلێمانیی پێوە دیارە.
ئەگەر وەزیری تەندروستی سەر بەو حکومەتە بێت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی لە بن دەستیدا بێت، ئیتر بۆچی کەناڵەکەی سەر بە سەرۆکی حکومەت دەهۆڵی نەمانی دەرمان لە سلێمانی و زۆنی سەوز لێدەدات؟ مەگەر ئەم زۆنە لە چوارچێوەی هەرێمدا نییە؟ ئایا ئەرکی وەزیری تەندروستی نییە کە دەرمان بۆ هەموو هەرێم وەک یەک دابین بکات؟

بە کێشەکانی سلێمانی خەنی دەبن
سەربەرزانە و بە تەشەرەوە خەنی بوون و باس لە مانەوەی خۆڵ و خاشاک دەکەن لە گەڕەک و شەقامەکانی سلێمانی و دەوروبەری، دەڵێن کۆمپانیاکە پارەی وەرنەگرتووە بۆیە مانیان گرتووە( کێشەکەش لای وەزیری شارەوانی)یە، ئەمە دەکەنە هەڵا و گوایە خەتای ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکەیە، بەڵام کاتێک لە هەولێر لافاو خۆی دەکات بە سەدان ماڵدا و دەیشێوێنێت، ناڵێن ئێمە تاوانبارین لەوەی مۆڵەتمان داوە لە جێگەی شیو و دۆڵەکان خانووبەرە دروست بکرێت و بفرۆشێتەوە بە خەڵکی  بێچارە.
سەرۆکی حکومەت گروپێک وەزیری هەیە و بۆ هەرێمی کوردستان پێکهێنراون، هەر کەموکووڕییەک لە هەر جێیەکی هەرێم هەبێت دەبێت روبەڕووی وەزیری پەیوەندیدار بکرێتەوە تا ئەویش بۆ خوارتر بەدواداچوون بکات.

دەکرێت سەرۆکی حکومەت و راگەیاندنەکەی لە دەهۆڵی بدەن و بڵێن مووچەخۆرانی سلێمانی ناڕازین لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەکەیان کە خۆشی هۆکاری دواکەوتنی بێت؟ 

پارە دەچێتەوە لای حکومەت و سەرۆکەکەی
ئەمە بانێک و دوو هەوایە، چەقی پارەی داهاتەکانی هەرێم لای سەرۆکی حکومەتە، بە دەیان ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن بێ ئەوەی پسووڵەیەکی بۆ بکەن، هەر بەرپرسی حزبییە و هەڵدەتۆقێت و پانتاییەکی دەخەنە ژێر دەست و دەبێتە خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدار، بەڵام پارەی دەرمان و هەقی کۆمپانیای پاکەرەوە دەکەنە خاڵی لاوازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زۆنی سەوز.
پارتی و سەرۆکی حکومەت و تیمە تایبەتەکەی، لە زۆنی سەوزدا باران زۆر ببارێت یان وشکە ساڵ بێت دەیخەنە ملی یەکێتی.
خەریک کردنی خەڵک بە دروستکردنی پڕوپاگەندە، لەوانەی کە پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە، بە مەبەستی چەواشەکردنیانە تا بابەتە سەرەکییەکانیان لە بیر بەرنەوە.

خەڵک چی دەوێت؟
خەڵک چاوەڕوانی ئەوەیە حکومەت هەنگاوی زۆر باش بنێت بۆ چاککردنی گوزەرانیان، خەڵک قەرزی بچووک و گەورەی پڕۆژەی دەوێت، مووچەی بەردەوام و بێ لێبڕین و دواکەوتنی دەوێت، مووچە لێبڕاوەکانی دەوێتەوە، پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی دەوێت، ئاشکراکردنی سەروەتی ئێوەی دەوێت کە نەک ساڵانە، بەڵکو مانگانە بە پارەی میللەت دەیان سەرمایەدارتان لێهەڵدەکەوێت، خەڵک دەیەوێت بزانێت بۆچی بە هەزاران چەکداری تایبەت بە پارەی حکومەت، موڵک و ماڵی ئێوە دەپارێزێت؟
خەڵک زۆر پرسیاری لایە و ئێوەش هەر باسی کەموکووڕییەکانی سلێمانی بکەن، ئەگەرچی لای خۆشتان باشتر نییە و تاوانەکەشی لای ئێوەیە کە دەسەڵات و داهاتتان قۆرخکردووە. دێن باس لەوە دەکەن هەرکەس ئیدارەی زۆنی خۆی بکات، کێشەمان لەوەدا نییە کێ ئیدارەمان دەکات، بەڵکو لەوەدایە کێیە هێندە دادپەروەرە و هەڕەشەی ئەوەمان لێناکات کە سەر بە حزبەکەی نین بۆیە خزمەتمان ناکات، ئەگەر سەرچاوەی داهاتی هەرێم زۆرینەی لای ئێوە بێت، ئەوا دۆخەکە هەر خراپتر دەبێت.

وتارەکانی نوسەر