یاداشته‌كانی شۆفێرێك

بەڕێگەوە بۆ كانی بەستی وەڵزی

11:02 - 2022-04-27
وتار
442 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

رۆژێك پێشتر لە پارێزگای سلێمانییەوە گەیشتبووینە سنووری قەزای چۆمان، بۆیە گەشتەكەمان بۆ دۆڵی وەڵزی لە باكووری خۆرهەڵاتی شارۆچكەی قەسرێ لە پارێزگای هەولێر زۆر ناخایەنێت، بەتایبەتی ئەگەر بەهۆی خراپی رێگەوبانەوە تووشی كێشە نەبین!
تاڤگەی كانی بەست، بەرزترین تاڤگەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق، ناوچەیەكی خۆش و دڵفڕێنە، ئاو و هەوایەكی سازگار و فێنكی هەیە. كە گەیشتینە ئەوێندەر، ژمارەیەك گەشتیار و گروپی شاخەوانی لەوێ بوون ئەوانیش هەر لە سلێمانییەوە و بەچەند پاسێك هاتبوون. 
لەو رێگەیە، لە نزیك گۆمی فێڵاو و لە گەڕانەوەشدا لە نزیك سەركەپكان تووشیان بووینەوە، بەڕاستی پاسەكان و شۆفێرەكانیان تووشی ناڕەحەتی و گرفتی زۆر هاتن بەدەست خراپی و نەگونجاویی رێگەكانەوە، هەرچەندە شۆفێرەكان خاوەن ئەزموون بوون و لە رێگە ناڕەحەتەكاندا بەشارەزایی و وەك ئۆتۆمبیلی دەبڵ ئەكسل و ئۆفڕۆد دەڕۆشتن، بەڵام خراپی رێگەکان لە یادەوەریدا تۆمار دەبن و دەمێننەوە.
ئەو ناوچەیە، واتە كانی بەست؛ شوێنێكی زۆر گونجاوە بۆ پڕۆژەی گەشتیاری، زۆر گونجاوە بۆ دروستكردنی شوێنی مانەوە و حەوانەوە و یارییە ئاوییەكان، بێگومان خەڵكی ناوچەكەش ئامادەی وەبەرهێنان و كاركردنن ئەگەر حكومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر، هەر خەریكی رووكەشی شەقام و گەڕەكەكانی شارە گەورەكان نەبن و ئاوڕێك لە خەڵكی گوند و شارۆچكەكان بدەنەوە.
لەم ناوچەیەدا گرفتەكان جۆراوجۆرن، بەڵام راكێشانی شەقامێكی باش و گونجاو بۆ نزیک تاڤگەی كانی بەست، ئاوەدانی زیاتر روودەكاتە ناوچەكە و دەیبوژێنێتەوە، بێگومان بوژانەوەكەش زۆر فراوانتر دەبێت لەوەی هەوارگە و سەیرانگەكانی ناحیەی وەرتێ لە چەند ساڵێكی دیاریكراودا بەدەستیان هێنا.
كە لە قەسرێ دەردەچیت، چەند كیلۆمەترێك بەسەر رێگەی قیری كۆندا رێدەكەیت، پاشان بەرەو بەرزاییەكان ملی رێگەیەكی خۆڵینی زۆر خراپ و پڕ لە كەند و كۆسپ دەگریت. لەسەر رێگەی لەو چەشنە زۆرجار مرۆڤ پەشیمان دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە، بۆیە ئاگاداری خۆت بە! ئۆتۆمبیلەكە باش و شۆفێرەكە وریا نەبێت تووشی كێشە دەبیت. 
دیارە ئەگەر لەم رێگە لاوەكییە خۆڵینەدا ئۆتۆمبیلەكەت تووشی كێشەیەك ببێت، یان گەشتیار تووشی گرفتی تەندروستی ببێت، كێ و چۆن فریا دەكەوێت؟ چۆن دەگەیەنرێتەوە سەر رێگەی سەرەكی؟!
لە ناكاو رێگە خراپ و پڕ لە كەندەكەی ئۆتۆمبیل، كە پێشی رازی نەبووین، تەواو دەبێت، لە رێگەیەكی خۆڵینی تەنگەبەردا دەبێت ئۆتۆمبیل بەجێبهێڵیت و بەپێ بەرەو كانی بەست بڕۆیت. دوای ماندووبوونێكی زۆر و هەڵگەڕان و دابەزین بەسەر چیا و بەرزاییدا دەگەیتە تاڤگە جوان و دڵفڕێنەكە، لەوێ بۆ ساتێكی كەم دەم و دەست هەموو نەهامەتی و ماندووبوونەكانت لە بیر دەچێتەوە بەڵام خەمی گەڕانەوە بەو رێگە خراپەدا رێگەت نادات پڕ بەگیانت هەوای پاك و سازگار هەڵمژیت، كورد وتەنی نایەڵێت چێژ لە خۆشی و شادی و دڵفڕێنی شوێنەكە وەربگریت.

وتارەکانی نوسەر