کۆمێنت

07:35 - 2022-04-28
شیرین. ک
657 خوێندراوەتەوە

بڕیار

(4)

بڕیارم بۆ نادرێ، بڕیارێكی قورسە نازانم لە كام دەفتەرەوە دەستپێبكەم؟! لە یەكەمەوە؟ یان لە دوایین دەفتەرەوە كە تۆماری چوار ساڵی دواییە، یان لەو دەفتەرانەوە دەستپێبكەم كە تۆماری ساڵە زێڕینەكانی خوێندنەوەمی تیایە، با ئەمجارە بە پەرشوبڵاوی یادەوەرییەكانم بگێڕمەوە، هەر وەكو گێڕانەوەی خەونێكی كاڵەوە بوو، تەماشاكردنی وێنەیەكی زەردباو، وەكو رەشنووسی شیعرێك كە بۆم تەواو ناكرێ، یا ئەو چیرۆكەی نازانم چ ناونیشانێكی بۆ دانێم.
لە دەفتەری 2019 دا لە مانگی دیسەمبەری ئەو ساڵەدا كە تازەبەتازە لە سۆسیال میدیا و هەواڵەكاندا باس لە پەتایەك دەكرا لە شاری ووهانی چین سەریهەڵداوە، شتێكە لە بابەتی ئەنفلۆنزای باڵندە، لەو ساتە وەختانەدا سەرقاڵی خوێندنەوەی رۆمانی (الجحیم-دۆزەخ)ی دان براون-ی نووسەری ئەمریكی بووم، كە هەمیشە كتێبەكانی پڕفرۆشترینن، هەندێكیشیان كراون بە فیلمی سینەمایی، لە دەفتەرەكەدا نووسیوومە: (رۆمانێكی ئەكشنە هەر وەكو رۆمانەكانی تری نووسەر، خوێنەر بە دوای خۆیدا رادەكێشێ تا هەناسەبڕكێی پێدەكەوێ، بەڵام لەوەدا جیاوازە كە مشتومڕ دەكات لەبارەی دۆزێكی مۆراڵییەوە، ئەو بابەتەی رۆمانەكە باسیدەكات زۆر هەستیارە و خەتەریشە، ئەویش زیادبوونی لەڕادەبەدەری دانیشتوانی گۆی زەوی و كەمبوونەوەی رێژەی خۆراك و چۆنێتی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، رێگاكان جۆراوجۆرن بەڵام كامیان مرۆڤانەیە و كامەیان نامرۆڤانەیە، رۆمانەكە ململانێیەكی سەختە لە نێوان دوو هێزیدا، نووسەر كۆتایی رۆمانەكە بەكراوەیی جێدێڵێت، بۆئەوەی خوێنەر كە كتێبەكەی داخست هیچ نەبێت بۆ ماوەیەك زۆر یان كەم بیری لێبكاتەوە و لەلای خۆیەوە سەرئەنجامی بۆ دانێت.)
دواتر نووسیوومە: (رۆمانەكە باسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێك دەكات كە یەك لەسەر سێی دانیشتوانی گۆی زەوی تووشی نەزۆكی دەكات بۆ ئەوەی رێگریی لە زیادبوونی لەڕادەبەدەری مرۆڤ بكات) ئینجا نووسیومە: (بیرۆكەیەكی مەعقوولە!!).
پاش خوێندنەوەی ئەو رۆمانە بەیەك دوو مانگ كۆرۆنا لێرەش بڵاوبۆوە و وەكو پەتایەكی جیهانی ناسێنرا، وتم جارێكیتر ئەدەب سەلماندی بەپێشبینییەكانی پێش زانست دەكەوێ، بەڵام بریا ڤایرۆسی رۆمانەكە بوایە نەیدەهێشت مرۆڤەكان دروست ببن!!

وتارەکانی نوسەر