پرسیارە کوشندەکە!

09:09 - 2022-04-30
رۆزا دڵشاد مەریوانی
672 خوێندراوەتەوە

زۆر لەبارەی گێچەڵی سێکسی وتراوە و دووبارەکراوەتەوە جا لە هەر شوێن و جێیەکدا بێت وەکو شوێنی کار و بازاڕ و شوێنەگشتییەکان و ..هتد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا زیاتر بوترێت خەڵکی بەجیاوازی رەگەز و تەمەنەکانیانەوە لەو دیاردە ناشیرین و قێزەونە هۆشیار بکرێنەوە هێشتا کەمە، بە تایبەتی لە بارەی گێچەڵپێکردنی سێکسی بە ژنان و کچانەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی بەداخەوە تا ئێستا زۆر کەس هەن لەگەڵ ئەوەی ئاستی خوێندن و رۆشنبیرییان تا رادەیەک بەرزە گومان لە بوونی شتێک دەکەن ناوی گێچەڵی سێکسی بێت بە ژنانەوە، بەڕاستی من هەر کاتێک گوێم لەو جۆرە قسانە دەبێت وەکو ئەوەی «گێچەڵی سێکسی نییە بە ژنانەوە، پیاو خۆی کەسی خۆی دەناسێت بۆ ئەو کارە یان دیارە ئەو ژن و کچە بە جۆرێک رەفتاریان کردووە و جلوبەرگیان پۆشیووە کە دووچاری ئەوە ببن» لەو کاتانەدا قێز لە ژنبوونی خۆم دەکەمەوە بەتایبەتی ئەگەر ئەوەی ئەو قسەیەی کرد خۆی ژن بێت، چونکە ئەو ژنە لە جیاتی ئەوەی پاڵپشت و داکۆکیکار بێت بۆ مافی ئەو قوربانییانە کەچی سەرەڕای ئەوەی ئەو ژنە دووچاری گێچەڵبۆتەوە ئەو تۆمەتەی دەخاتە پاڵ، بەڕاستی من ئەو تۆمەت و قسانە وەکو ئەوە دەبینم دووبارە ئەو تاوانە بەرامبەر ئەو ژنە دووبارە بکرێتەوە و قەبارەی ئەو تۆمەتانە بەقەد قەبارەی خودی تاوانەکە دەبینم.
پاساو هێنانەوە
هەرگیز نابێت شێوە و روخسار و جلوبەرگ بکرێتە بیانوو بۆ کردنی ئەو تاوانە بەرامبەر بە ژن یان کچێک و لەجیاتی ئەوەی بەرگری لەو قوربانییە بکرێت جارێ پێش هەموو شتێک پرسیاری ئەوەی لێبکرێت تۆ چیت کرد تا ئەو وابکات؟! ئەوە کوشندەترین پرسیارە لە قوربانی بکەیت، چونکە تۆ لەوێدا بەبێ مەبەستیش بێت پاساو بۆ تاوانبار دێنیتەوە بۆ کردنی ئەو تاوانە و رێگەی بۆ خۆش دەکەیت هەر کچێک جلوبەرگەکەی بەجۆرێک بوو کەواتە تۆ ئازادی گێچەڵی بەرامبەر بکەیت، ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر ئەوە وەکو پاساو بەکاربێت ئەی چی بۆ ئەو قوربانیانەی باڵاپۆشن و گێچەڵیان بەرامبەر دەکرێت یان ئەو کچە منداڵەی هیچ نیشانەیەکی باڵقبوونی پێوەدیار نییە سەرنجڕابکێشێت کەچی گێچەڵی بەرامبەر دەکرێت، چونکە لە راستیدا ئەگەر هەموو وەکو مرۆڤ یەکسان بین ئەوە نابێت ژنێک یان کچێک بترسێت لە خۆگۆڕین و چوونەدەرەوە و کارکردن.
بێدەنگ دەبن
کێشەیەکی دیکە هەیە لە کۆمەڵگەکانی وەکو کۆمەڵگەی ئێمە کاتێک لە هەر جێیەک تاوانێکی لەو جۆرە بەرامبەر مێینەیەک دەکرێت ئەگەر پێی بزانرێت ئەوەندەی ژن یان کچەکە ئابڕووی دەچێت ئەوەندە پیاوەکە ئابڕووی ناچێت و زۆربەی زۆری ئەوانەی چواردەوری دیسانەوە ئەو پرسیارە کوشندەیە دەکەن ئاخۆ چیکردووە تاوەکو ئەو پیاوە بەوشێوەیە رەفتار بکات؟ بۆیە زۆربەی حاڵەتەکان بێدەنگیی لێدەکەن و داوا لەسەر پیاوەکە تۆمار ناکەن بگرە واز لەو شوێن و کارە دێنن کە رەنگە زۆر حەزیان پێکردبێت یان سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بووبێت، بەڵام بۆ پاراستنی جەستە و ئابڕووی خۆیان وازدێنن و سەر کز دەکەن و دەڕۆن، رەنگە ئەو قوربانییە تا ماوە ئەو رووداوە وەکو پەڵەیەکی رەشی لێبێت بە رۆح و دەروونیەوە، بەڵام لەوەش قورستر ئەوەیە زۆرجار قوربانی لەلای خودی خۆشی دەبێتە تاوانبار و ئەو پرسیارە دەکات ئاخۆ چ هەڵەیەکم کردبێت و بۆچی ئەو کارەم بەرامبەر کراوە.
هۆشیار بکرێنەوە 
بۆیە زۆر گرنگە لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا هەر لە منداڵییەوە منداڵان بە کوڕ و کچەوە لەبارەی ناسینی جەستەی خۆیان و ئەو سنوورانەی نابێت لەلایەن هیچ کەسێکەوە ببەزێنرێت بزانن و لەبارەی گێچەڵی سێکسی و هەموو جۆرە تاوانە سێکسییەکان ئاشنابکرێن ئەوەش هەر قۆناغە و بە پێی ئاستی تەمەن و تێگەیشتنیان بێت، تاوەکو لەهەر تەمەنێکدا بن بتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن و لەکاتی روودانی ئەو جۆرە تاوانانەدا نەترسن و بێدەنگی لێنەکەن، هەروەها ئەرک و رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ژنان و میدیاکارانە زیاتر هۆشیاری لەبارەی ئەو جۆرە تاوانانەوە بڵاوبکەنەوە و هەموو بەیەک دەنگ بڵێین نا بۆ گێچەڵی سێکسی و مەترسە و بێدەنگ مەبە، چونکە تۆ تەنیا نیت.  

وتارەکانی نوسەر