فلاش فیکشن

10:44 - 2022-05-10
محەمەد كەریم
525 خوێندراوەتەوە

63

پەیمان

زەنگی مۆبایلەكەی رایدەچڵەكێنێت. كە سەیری ناوەكە دەكات تەواو دەتۆقێت. لەسەر قەنەفەكە هەڵدەسێت. لە مۆبایلەكە دوور و نزیك دەكەوێتەوە. زەق زەق سەیری دەكات، بەڵام وەك ئەوەی دووپشكە رەشە بێت ناوێرێت دەستی بداتێ. خواخوایەتی بوەستێت، هەتا وای لێك بداتەوە بە هەڵە دەستی بەریكەوتووە. كەچی بەردەوام دەبێت. هەزار و یەك خەیاڵی بە مێشكدا دێت. وەزیر بەم رۆژی هەینییە بۆچی تەلەفۆنی بۆ دەكات؟ دیارە قوڕیان بۆ گرتۆتەوە. ئەی خۆی قوڕەكەی نەشێلاوە؟ خۆ گۆزە هەموو رۆژێك بە ساغی لە كانی نایەتەوە. دیسان دەیكاتەوە، ئەمجارە زەندەقی دەچێت، بۆ نەگبەتی كەسیش لە ماڵ نییە. دەنا بە ژنەكەی دەوت تەلەفۆنەكە هەڵگرێت و درۆیەكی بۆ بكات. بڵێت لە حەمامە دوایی بۆت دەكاتەوە. دڵی لەسەر سەد لێدەدات. دەبێت كێ زمانی لێدابێت؟ ساختەكردنی وەسڵ؟ پەیوەندی لەگەڵ ژنەكانی فەرمانگە؟ گۆڕینی قەنەفەكانی ماڵەوە لەگەڵ هی ئۆفیسەكەی خۆی؟ ئەمجارەش هەتا دوا چۆڕی زەنگەكە دەڕوات. ئێستا قوڕەكە خەستتر دەبێتەوە. وەڵامنەدانەوەی وەزیریشی دێتە پاڵ، مەگەر خوا فریای بكەوێت. لای خۆیەوە بەڵێندەدات بەس ئەمجارە بە سەلامەتی دەرچێت، ئیتر سەردەستی خۆی بسووتێنێت و پەیمان بدات شتی قۆڕ نەكات. لە ئاوێنە بچووكەكەی ژووری میوانەكەدا لە خۆی دەڕوانێت: «سەیری خۆت بكە تۆ بەم تەمەنەوە هی ئەوەیت بكەویتە زیندانەوە و رسوا بیت؟» دیسان دەیكاتەوە، وەزیر چی لێی دەوێت؟ بەس سووك و چروكی نەكات، هەموو شتێك دەكات، دەڵاڵییش. پەرداخێك ئاو دەنێت بەسەریەوە، قوڕگی تەڕ دەكات. ئەمجارە زوو كۆڵدەدات. چ درۆیەك رێكبخات بۆ وەڵامنەدانەوەی تەلەفۆنەكە. خەو لە هەموو شتێك باشترە. دەڵێت ببوورە گەورەم، زۆر ماندووبووم، بەناخێری گیانم خەوتبووم. بەڵێنەكەی بیر دەكەوێتەوە، بەس ئەمجارە بە سەلامەتی دەرچێت. قوڕگی ساف دەكات، یەكەم زەنگ هەڵیدەگرێت.
«هەلەو»
«هەلەو و ژەهری مار، ئەوە داناوەشێی، داناڕزێی، بێوەفا، سێ مانگە هەواڵێكت نەپرسیوم.»
«ئەوە تۆی پەیمانە قەڵەو، چەتیو زیڕەت پێكردم، بۆچی تەلەفۆنەكەت بە ناوی پیاوێكەوەیە.»
«دەگ یاخوا زەندەقت بچێت، ئەوە تۆ بە ناوی پیاوەوە سەیڤت كردووە گێلە، هەر ئێستا وەرە تەنیام، ئەگینا من دێم.»
«باشە، هەر ئێستا» 
ئەم پەیمانە، ئەو پەیمانەی لەبیر دەباتەوە.

وتارەکانی نوسەر