وردتر

ئاماژەیەكی مەترسیداری مادە هۆشبەرەكان

11:26 - 2022-05-10
لەشکر حەمە ساڵح
416 خوێندراوەتەوە

بەپێی ئاماری دەزگایەكی عیراقی، رۆژ بە رۆژ بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە لە ناوچە جیاجیاكانی ئەم وڵاتە زیاتر و زیاتر دەبێت. تا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەكان ناتوانن سنوورێك بۆ ئەو بارە مەترسیدارە دابنێن.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكانی عیراق، تەنها لە ماوەی ساڵی رابردوودا 13 هەزار كەس لە بازرگان و بەكارهێنەری مادە هۆشبەرەكان دەستگیر كراون كە بڕی نیو تۆن لە مادە هۆشبەرە جیاوازەكانیان پێگیراوە.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی چوار مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا، نزیكەی 5 هەزار و 300 كەسی دیكە دەستگیر كراون كە 4 ملیۆن دەنك كەبتاگۆن و 110 كگم مادەی هۆشبەری تریان پێبووە.
عەقید بیلال سوبحی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكانی عیراق رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتییەكە داتابەیسێكی گشتگیری بۆ مادە هۆشبەرەكان لە سەرتاسەری عیراق ئامادەكردووە، چۆن دێنە وڵاتەوە، چۆن بازرگانیان پێوەدەكرێت و چۆن گەنجان ئالودەی بەكارهێنانی دەكرێن، ئەوەش ئاسانكارییەكی باشە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران و دانانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو مادە مەترسیدارانە، كاركردن لەسەر ئەو رێگەیەش بەردەوامە و جار لە دوای جار ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەستدەهێنن.
ئەم زانیاریانە كە لە بارەی مادە هۆشبەرەكان لە عیراق بڵاودەكرێنەوە، زانیاریی ورد و مەترسیدارن، مایەی ئەوەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان هەڵوەستەی جدی لەسەر بكەن تا دەربكەوێت ئەو بارودۆخە تا چەند كاریگەریی لەسەر كوردستان هەیە. ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو دەزگا عیراقییە باسی لەوە نەكردووە كە هەرێمی كوردستان لە كوێی ئامارەكەیاندایە! ئایا ئامارەكە، زانیارییەكانی هەرێمیش دەگرێتەوە یان بەدەرە لەوە؟
بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە عیراقییە، رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لەو وڵاتەدا دوو ئاستەنگی لە بەردەمدایە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان زوو بە زوو هەوڵ بدەن هەر دوو ئاستەنگەكە چارەسەر بكەن، چونكە ئەو دۆخەی ئێستا سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئەم وڵات و ناوچەیە و خەڵكەكەی.
ئاستەنگەكانیش بریتین لە ئاستەنگی یاسایی، ئەو كەسانەی بەتۆمەتی مادە هۆشبەرەكان دەستگیر دەكرێن بەجۆرێك سزا نادرێن كە ببنە نموونە و پەند بۆ ئەوانی تر. لە عیراق كار بە یاسای ژمارە 50ی ساڵی 2017 دەكرێت، ئەو كەسانەی وەك بەكارهێنەر تۆمەتبار دەكرێن بەساڵێك بۆ دوو ساڵ بەندكردن یان 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێن، كە ئەوەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە، چونكە زۆرجار بازرگانە گەورەكان لە دادگا و پۆلیس كراونەتە بەكارهێنەر.
ئاستەنگەكەی تریش، هەرزانیی نرخی مادە هۆشبەرەكانە كە بەراورد بە وڵاتانی تری ناوچەكە نرخەكەی زۆر كەمە. لە هەندێك وڵات نرخی یەك گرام كریستاڵ دەگاتە 100 دۆلار بەڵام لە هەندێك ناوچەی عیراق دەگاتە 5 هەزار دینار. ئەو نرخە كەمە هاندەری سەرەكییە بۆ تێوەگلانی گەنجان. زۆرجار ئەو نرخە لە لایەن بازرگانەكانەوە دادەنرێت بۆ راكێشانی سەرنجی گەنجان تا ئالودەیان دەكەن و پاشان بەنرخی زۆر زیاتر پێیان دەفرۆشن.

وتارەکانی نوسەر