سفرکردنەوەی دەستکەوتەکان

08:03 - 2022-05-15
‎‎سۆزان حەمە تاتە
288 خوێندراوەتەوە

چەند ئەزموونی ھەرێمی کوردستان کێشە و ناڕێکی ھەبێت، ھێشتا دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان ھەیە، ئەگەر ستراتیجی تێپەڕاندنی قەیرانەکان گفتوگۆی جدی لەبارەوە بکرێت، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بخرێتە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییە تەسکەکانەوە، ئەوەش پێویستی بە سیاسەتی راست و سیاسەتمەداریی ژیرەوە ھەیە، پرۆسەکەش قورس نییە و تەنھا لەخۆبوردوویی زیاتری دەوێ.
 ‎بیرکردنەوە لەوەی چۆن ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بەدەست هاتووە، دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێ بۆ ویستی زاڵبوون بەسەر ئاریشەکان، با زۆریش جیاوازییان ھەبێت، مادام خەڵک یەکگرتن و چارەسەریان دەوێت لە بری ماڵوێرانی کە بەھۆی لێکترازانەوە دێتە کایەوە.
 ‎لە دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئەم چرکە ساتە، 99 ساڵ بەسەر چەوساندنەوەی کورد بە شێوازی جیا تێپەڕ دەبێت، لە راپەڕینەوە تائێستاش 31 ساڵ گوزەراوە، کەچی خەڵکی کوردستان ھێشتا خەونەکانی بەدی نەھاتوون، ناڕەزایەتیی زۆر ھەیە، رۆژ و مانگ و ساڵ دەدرێنە دەست یەکتر، پێویستە ئیتر بەدوای چارەسەردا بگەڕێن نەک گرتنەبەری سیاسەتی لێکترازان کەوا دۆخی کورد خراپتر دەکات.
 ‎فێربوون لە ئەزموونەکانی لێکترازان و شەڕی خۆبەخۆ، بەدرێژایی مێژوو بەرەو دواوەی بردووین، ئێسکی مرۆڤی کوردی ھاڕیوە، مێژووی پڕکردووە لە لاپەڕەی ناشیرین، نەک جێی شانازی نییە، بەڵکو نەنگی زۆری بۆ ھێناوین.
شەڕی ناوخۆ، کوشتوبڕییەکانی سەردەمی شاخ، سیاسەت و حوکمڕانی دوای راپەڕین، گەندەڵی و نادادپەروەری، نایەکسانی و کوشتنی ژنان، پەروەردەیەکی ناتەندروست، بوونەتە بەشێکی زۆری مێژووی ئێمە، ھەموو ئەوانەمان لەبەرچاو و لەسەر دڵە، کەچی ھەستدەکرێت ھیچی لێوە فێرنەبووین و ھەر یەکتر رەتدەکەینەوە.
‎زۆرینەی میللەتانی جیهان ئەزموونی شەڕی ناوخۆییان بینیوە، کەچی ئازایانە دەستیان خستووەتە سەر برینەکانیان و ھەڵساونەتەوە، ئەمەریکا و ئەڵمانیا دوو نموونەی دیارن، ئێستا لە لووتکەی پێشکەوتندان، بگرە لەپێشترین وڵاتانی جیھانن، خۆ دەبێ ئەزموونیان لێوە فێربین.
 ‎بارودۆخی ھەرێمی کوردستان شیاو بە چاکسازیی راستەقینە و ھێنانە کایەی دەسەڵاتێکی خزمەتگوزارە، ھەموو ھێزە سیاسییەکانیش دەزانن مەترسییەکان چەند زۆر و گەورەن بە ئەندازەی سفر بوونەوەی دەستکەوتەکان، لێکترازانیش سەدەیەک کوردستان دوادەخات، رەنگە دەرفەتی ھەڵسانەوەش، ئەگەر ئەو ئەزموونەی ئێستا لەدەستبچێ، وا زوو دروست نەبێتەوە.

وتارەکانی نوسەر