یەکخستنی هەستە نیشتمانییەکان لە هەندەران

11:00 - 2022-05-16
هیوا محەمەد
475 خوێندراوەتەوە

دەیان خۆپیشاندان بە درێژایی مێژوو لە جیهان لە دژی ستەمی دوژمنانی کورد، لەلایەن کوردانی هەندەرانەوە رێکخراوە، لەوانەی کە  وڵاتیان بە هۆی خراپیی بارودۆخە سیاسیی و شەڕەکانەوە جێهێشتووە، بەڵام لەم سەردەمەدا ناڕەزاییەکان و پیاداهەڵدانەکان هەموویان لەناو شاشەی مۆبایلەکانەوە چڕ بوونەتەوە، ئەمەشیان چونکە رێکخراو نین، ئەوا هەریەکە لە ئاوازێک دەخوێنێت و هەژموونی نابێت، جگە لە شێواندنی راستیی رووداوەکان.

خۆپیشاندان هەژموونی خۆی دەبێت 
خۆپیشاندان لە شوێنێکی دیاریکراو دەکرێت، بابەتی کێشە و ئامانجی بۆ دیاری دەکرێت، دروشم و هەڵوێستەکان یەکگرتوو دەبن، چاوی هەموو خەڵکەکە دەیان بینێت ئەگەر زمانیشیان تێنەگەن، دەکرێت زیاتر لە وڵاتێک و رێکخراوێک بیبینێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەوانەش دەیبینن کە لە دژیان خۆپیشاندانەکە کراوە.

پۆستی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ئێستا زۆرێک لە رەوەندی کوردی لە دەرەوە، پێیان وایە کە شەوانە لە پشوویەکی درێژدا بەتایبەت ئەو رۆژانەی پێیان دەووترێت( ویکێند- هۆلیدەی) پەیجی فەیسبووکەکەیان دەکەنە مینبەری (رادەربڕین و شیکردنەوە) بۆ هەر شتێک کە لەو رۆژەدا بیستوویانە. 
بە جۆرێک دەدوێن کە ئەوەی لەگەڵ بۆچونەکەیان نەبێت، ئەوا دژیانە و دەبێت ریسوای بکەن، گوایە باوەڕیشیان بە دیموکراسیی هەیە و ئەندامی سوشیال دیموکراتیشن!
هەریەکە شتێک دەنووسێت و بە دەگمەن هی دە کەسیان لەیەک دەچن، هەندێکیشیان تەنها بە روویان رەش بێت، ریسوا بن، گەندەڵن، رای خۆیان دەردەبڕن و شانازیش بەوەوە دەکەن کە لە باوەشی گەرم و نەرمی بێ کێشەی وڵاتێکی ئەوروپییەوە ئەو پەیامانە دەنێرن و پێیان وایە بەمە لە گەڵ کێشەکانی میللەتەکەیاندان و لێی کەمتەرخەم نین. 
هەڵبەتە هەموو ئەوانەی لە هەندەرانن و بە پۆستێک یان بە دێڕێک بەشداریی کێشەکانی میللەتەکەیان دەکەن، ناچنە چوارچێوەی ئەوانەوە کە زۆرینەن و هەرچییەک دەنووسن و دەیڵێن بە دیوی تێکدان و شەڕەنگێزی و جنێودان و ناو و ناتۆرەیە و زیاتر خەڵک بێ هیوا دەکەن.
ئەگەر ئەمە هەستی میللیگەرایی و دڵسۆزییە بۆ خەڵک، ئەگەر بۆچوونەکەی  ئەو راست بێت ئەوا پێویستە بیگەیەنێت بە خەڵکی دیکەش و کۆیان بکاتەوە لە رێکخراوێکدا کە بتوانێت شتێکیان بۆ بهێنێتە دی و ئەوە رابگرێت کە بانگەشەی بۆ دەکات.

کۆمێنتی پڕ لە وشەی ناشیرین
کۆمێنتە پڕ لە جنێو وشە تۆمەتبارییەکان هیچ چارەسەرێک ناکات و ئەوانەش لە وڵات دادەبڕێت کە خۆشباوەڕ و لاوازن لە بیرکردنەوە و بڕیار دان، ئەوە پیرەمێردێک لە نۆبەی مووچە وەرگرتندا دەمرێت، ئەوەش هاوپشتیی هەندەرانە کە بە پۆست و کۆمێنت چەپ و راست شت دەنووسێت، لە هەمانکاتدا ئەگەر تەماشایەکی شوێنی دانیشتنەکەی و دۆخی ژیانی بکەیت، ئەوا بۆت دەردەکەوێت، ئایا تا چ رادەیەک بە راستی لەگەڵ موعاناتی خەڵکەکەیدایە؟ ئامادەیە بۆ چرکەیەکیش بێت تێکەڵی کێشیکانی میللەتەکەی ببێت؟

پێشنیاز نەک تەشەر و تۆمەت
چاکسازیی، گۆڕینی سیستم، سزادانی حزب، هەمووی لە رێگەی خەباتی مەیدانی و پراکتیکەوە دەبێت، نەک پۆست و کۆمێنتی چەواشەکاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رەنگە کاریگەریی ئەم تۆڕانە تەنها بۆ ئەوە بێت کە هەواڵێکی گڕداری لێوە ببیستیت، یان تاوانێک و رووداوێک، دەنا ئەوەی کە کەس گوێی لێناگرێت یان کاریگەریی نابێت، ئەو پۆستانەی دوای دوانزەی شەون کە دەنووسرێن، گوایە هاوسۆزییە لەگەڵ خەڵکەکەی و هاوپشتییە بۆی، بەڵام هەر خۆشی بۆ رۆژی دوایی دەڵێت: کێ گوێمان لێدەگرێت.
کێشەکە گوێلێگرتن نییە، بەڵکو هێندەی جنێو و ناو و ناتۆرەیە، پێشنیاز نییە تا گوێی لێ بگیرێت، خۆ جنێو و دوعا بۆ گوێلێگرتن نییە بەڵکو بۆ وەڵامدانەوەی هاوشێوەیە.

غوربەت هەندێکی کردۆتە شاعیر
هەندێک کەس غوربەت کردوونی بە شاعیر و رۆژانە چەند دێڕێک بۆ شار و شاخ و خەڵکەکەی دەنووسن، لە رێگەی پۆستەکانەوە وای دەردەبڕن کە نان و خۆراکیان لێ تاڵ بووە و ماڵ و ژیانی خۆیان لە بیرچۆتەوە لە تاوی خەڵکەکەیان لە وڵات، بەڵام ئەگەر هەرکەسێکی وەک خۆشیان داوایان لێبکات تەنها بۆ مانگێک بچنەوە وڵات و هاوکاریی خەڵکەکەیان بن، یان هاوکاریی نەخۆشخانەیەک بکەن، یان تەنها مانگێک لەگەڵ دایک و باوک و کەسوکارییان دەست لە ملان بن، دەڵێن لەو خۆڵبارین و بێکارەباییەدا ناتوانین بژین، یان بەشداریی لە چالاکییەک بکەن دژی ئەو گەندەڵکارییەی کە خۆیان رۆژانە سەد بەرگی بەبەردا دەکەن، ئەوا ئامادە نین، چونکە ئەوانە تەنها تا سنووری شاشەی مۆبایل و لاپتۆپەکەیان دەتوانن بێنە پێش و نایانەوێت قولە پێیان تەڕ بێت.
لە هەمووی گرنگتر ئەو چوار رۆژەی کە لە وڵاتی خۆیان خزمەتێکیان کردووە، یان بەشدارییەکیان بۆ سەرخستنی شۆڕش هەبووە، دێن و دەیکەنە هەوێنی لێدوانەکانیان و ئەو رابردووە دەکەنە گەوهەری مێژووی خۆیان، گوایە ئەگەر ئەوان نەبوایەن ئەمڕۆ نەدەهاتە دی، بێ ئاگا لەوەی کە ئەمڕۆ درێژە پێدەری رابردووە لەلایەن نەوەی ئەمڕۆوە و هیچ نەوەیەک ناتوانێت منەت بکات بەسەر ئەوی دیکەدا، شۆڕشیش بێ کەموکووڕی نەبووە، بەتایبەت لەوەی کە پڕیەتی لە خیانەت و یەکتر کوژی، ئەوان گوڵیان نەچاندووە ئەمڕۆ بووبێتە دڕک.

رەوەندی کوردی لە هەندەران چی بکەن؟
دەکرا زۆرێک لە رەوەندی کوردی لە دەرەوە، ببوایەن بە دوو بەشەوە، بەشێکیان لەوانەی ئینتیمای سیاسییان بۆ حزبەکانیان لە وڵات هەیە، بێدەنگ نەبن و لە رێگەی رێکخستنەکانیانەوە هەرچی گلەیی و ناڕەزایی و پێشنیازە بیخەنە روو، بەشێکی دیکەیان کە لە دەرەوەی ئەمەن، گروپی فراوان پێک بێنن و بە بەرنامەڕێژی وتە و هەڵوێستەکانیان بخەنە روو  بۆ ئەوەی هەژموونی هەبێت، ئەگەر ئەوەی بە سەرۆکی حکومەت کرا لە لەندەن، لە بری جنێودانی بازاڕی، بە رێکخراوەیی دەستەیەک بچوونایە بۆ لای وەفدەکە و پشتگیریی خۆیان بۆ داواکانی خەڵک بخستایەتە روو گونجاو تر و کاریگەریی زیاتری دەبوو، خۆ ئەگەر بەدوایدا هێلکەکانیشیان بگرتایەتە ئۆتۆمبیلەکە هەر دەبوو، کە ئەمە نەکرا دەتوانین بڵێین سەرۆکی حکومەت لەوێدا تەنها جنێوی بێ کاریگەریی و هێلکەی وەرگرت و هیچیش چارەسەر نەکرا.
 ئێمە هەموان دەمانەوێت گۆرانکاریی بەرەو باشترکردنی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەکەمان بێتەدی بە بەردەوامی، کەوابوو دەبێت بە جۆرێک هەنگاوی بۆ بنێین کە جێ بگرێت نەک هەر ریسوا کردنی ئەوەی کە هەیە و تێکدانی، دەبێت هەموان بزانن گۆڕینی سیستمی دەسەڵات، بە تێکدانی ئەمە نایەتەدی، بەڵکو بە چاککردنی ئەمە دێتە دی کە ئێستا هەیە، دەنا وێرانکاریی بە دوای وێراندا دێنین، ئەوە دوژمنان ئەوە دەخوازن کە ئەمەی هەیە لەبەر یەک هەڵوەشێت تا بستێکی دیکە داگیر بکەن.

وتارەکانی نوسەر