بەدیعە دارتاش و خەڵاتی بلە

11:09 - 2022-05-16
ئالان رەئوف
805 خوێندراوەتەوە

یەكێك لەو کەسایەتییانەی ئەمساڵ خەڵاتی زێرینی بلەی پێ بەخشرا هونەرمەند بەدیعە دارتاش بوو. بەدیعە دارتاش ناوێكی دیاری نێو هونەری شانۆی كوردییە. رەنگە بەدیعە دارتاش یەكەم هونەرمەندی ژن نەبێت لەسەر تەختەی شانۆ، بەڵام لەو ژنە دەگمەنانەیە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكاندا  بەشی شانۆی كۆلیژی هونەرەجوانەكانی بەغدای تەواوكردووە، دیارە بۆ ئەو دەور و زەمانەش چوونە سەر تەختەی شانۆ بەشێوازێكی ئەكادیمی ‌و زانستی بێ گوێدانە سەرزەنشتە كۆمەڵایەتییە دواكەوتووەكان مایەی پێزانین ‌و دەست بەسنگەوە گرتنە بۆ ئەم هونەرمەندە.
كاتێكیش پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی لە سەرەتای هەشتاكاندا لە سلێمانی دەكرێتەوە، دوای ماوەیەك دەبێتە مامۆستای بەشی شانۆ ‌و وانەكانی نواندن ‌و دەنگ ‌و چەند وانەیەكی تر دەڵێتەوە.
ئیتر لێرەوە بەدیعە دارتاش دەبێتە مامۆستا ‌و هونەرمەند چەندین نەوە لەسەر دەستی ئەم خاتوونە پێگەیەنراون ‌و پەیمانگەیان تەواوكردووە.
ئەوانەی رۆژگارێك خوێندكاری  پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بوون باش دەزانن بەدیعە دارتاش تەنها هونەرمەند‌ و مامۆستا نەبوو، بەڵكو رێنوێنکار ‌و چاودێر ‌و رێنیشاندەرێكی دڵسۆزی خوێندكارەكان بوو بەتایبەت خوێندكارە كچەكان میهرەبانی ‌و سەلاری ‌و سەنگینی بەدیعەدارتاش تایبەتمەندییەکانی بەدیعە دارتاش بوو وەکو مامۆستا و حەزی دەکرد خوێندكارەكانیشی وەک خۆی  بن، بۆیە سەرباری كاری هونەریی ‌و مامۆستایی زۆر لەخەمی ئەوەدابوو پەیوەندی نێوان خوێندكارەكانی بپارێزێت و هەمیشە وەك دایكێكی میهرەبان هەڵسوكەوت ‌و مامەڵەی لەگەڵ خوێندكارەكانی دەكرد، چەندە خەمی پێگەیاندنی خوێندكارەكانی بوو ئەوەندەش زیاتر لە خەمی پاراستنی شكۆ ‌و رەوشت ‌و ئاكار ‌و هەڵسوكەوتی بەرزی خوێندكارەكانی بوو.
بەدیعەدارتاش شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی زێڕینی بلە‌ و چەندین خەڵاتی ترە لە بەرامبەر ئەرك ‌و ماندوبوون ‌و شەونخوونی ‌و كارەكانیدا وەریبگرێت، بەدیعەدارتاش ‌و ئەوانی پێش خۆی كە هاتنە سەرتەختەی شانۆ وەك چرایەك بوون بۆ رۆشنكردنەوەی هۆڵە تاریكەكانی شانۆ، رووناكی خستنەبەر چاوی ئەو كچ ‌و ژنە هونەرمەندانی دوای ئەمان هاتن ‌و ئێستا هەن ‌و ئایندەش دێن.   

وتارەکانی نوسەر