گەڕانەوەی زەمەن

مەلا فەندی ئەو زانایەی رێگەی (فیتنە گەورەكە)ی لە هەولێر گرت!

09:50 - 2022-05-21
مەریوان مەسعود
837 خوێندراوەتەوە

53

مەلا فەندی، ئەو ناوەی هەرگیز ناتوانرێت لە مێژووی پڕشنگداری شاری هەولێر جیابكرێتەوە، ئەو هەر مەلایەكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو عالیم و عەللامەیەكی گەورە بوو كە لە مێژووی پڕ هەورازو نشێوی میللەتەكەمان، هەرگیز نەمبیستووە بە قەد ئەم مەلایە بە دیسپلین  دینداری راستەقینە بێت و لەوانەش گرنگتر شەهادەی مەلایەتی راستەقینە ئەوەی پێی دەوترێت 12 عیلمی داوە بە زیاتر لە 300 مەلای كورد كە زۆربەیان دواتر ناودار بوون.
مەلا ئەفەندی كە مەلا گچكە یان گچك مەلا-یان پێدەوت، یان لە ناوچەی سلێمانی وتویانە: مەلا فەنی هەولێری، لە حاجی مەلا عومەر ئەفەندی باوكی لە مزگەوتی گەورەی قەڵا مەدرەسەی هەبووە لە تەمەنی حەوت ساڵی راستەوخۆ دەست بە خوێندنی قورئان دەكات لای باوكی. پێش ئەوەی ببێتە 10 ساڵان، هەموو قورئان بە تەجویدەوە لەبەر دەكات و دواتر دەست دەداتە وانەكانی دیكەی فەقێیەتی كە سەرەتا بریتی بوون لە نەحوو، سەرف و وانەكانی دیكەی زمانی عەرەبی و زۆر بە خێرایی، پێش هاوتەمەنەكانی هەموو زانستەكان تەواو دەكات لە تەمەنی 20 ساڵیدا، ئیجازەی مەلایەتی لەسەر دەستی باوكی وەردەگرێ و  لە تەمەنی 30 ساڵیدا وەك ئوستادێكی مەزن لە هەولێر و هەموو عیراق ناوی دەركردووە دەگێڕنەوە خەڵك ئەوەندەیان پێ سەیر بووە، گەنجێك بەو شێوەیە زیرەك بووە، بۆیە كاتێك ساڵی 1892 باوكی كۆچی دوایی دەكات، دەبێتە جێنشینی باوكی و ناوبانگەكەی لەویش تێپەڕ دەكات و هەموو سنوورەكان دەبڕێ.
مەسعوود محەمەدی نووسەرو لێكۆڵیار لە كتێبی (گەشتی ژیانم)دا لەلاپەڕە 142 دا لەبارەی پێگەی ئەوەوە دەڵێت: (مەلا فەندی لە بنەماڵەیەكی گەورە‌ی كوردی هەولێرە، كاتی خۆی لەدیوی كوردستانی ئێرانەوە هاتوون. لە مەلایەتیدا بەرەو ژوور چوو بوو تا پلەی هەرە دوایی ئەو كەسە، لەلایەن شۆرەتی دونیاییشەوە كەس نەبوو لە كوردستانی خۆمان لەوی تێپەڕاندبێ).
ئەو مەدرەسەیەی مەلا فەندی هەیبووە، ئەوەندە ناوبانگی دەركردووە، جارێكیان كاك ئەحمەدی شێخ لە سلێمانییەوە نامەیەك بۆ مەلا فەندی رەوانە دەكات و داوای لێ دەكات كە دوو تەڵەبەی خەڵكی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە مەدرەسەكەی خۆی قبووڵ بكات، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە هەموو كەسێك لەو مەدرەسەیە وەرنەدەگیرا و مەكانەتێكی گەورەی هەبووە لەو سەردەمە.
جگە لەمەش بە هۆی پێگە ئاینییەكەیەوە، عوسمانییەكان زۆر هەوڵیان داوە لە ژێر ركێفی ئەوان بێت، بەڵام مەلا فەندی، تەنیا وەكو دۆست لێی روانیون، تەنانەت لەو  فیتنە و ئاژاوە گەورەیەی لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، سوڵتانی عوسمانییەكان، لە نێوان دوو هۆزی كوردستان دروست دەبێ لەباشوری كوردستان، كە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی لە ناوچەكە، بابەتەكە دەگاتەوە ئیستانبووڵ لەو كاتەدا مەلا فەندی بە بلیمەتی و لێهاتوویی خۆی دەچێتە نێوانیانەوەو ئاوێك بە ئاگرەكەدا دەكات و و سوڵحیان بۆ دەكات و ئاژاوەكە نامێنێت و لە پای ئەو كارە گەورەیەی سوڵتانی  عوسمانیی گەورەترین مەدالیای شەرەفیی دەوڵەتی عوسمانی پێ دەبەخشێ كە بریتی بووە لە (حامی الحرمین الشریفین).
مەلا فەندی، لە پاڵ دیندارییە پاك و راستەقینەكەی، هەستی نەتەوایەتی و كوردایەتی بە هێز بووەو هەرگیز لە هاوكاری و پشتگیریی بزووتنەوەكان درێغی نەكردووە، تەنانەت یەكێك بووە لە دۆستە نزیكەكانی شێخ مەحمودی حەفید و چەندین جار لە باداوەی شاری هەولێر میوانداری كردووەو پشتگیریی و هاوكاریی شۆڕشەكەی كردووە.
بەپێی ئەو پێگەیەی هەشی بووە، هەردەم جێی داڵدەی ئەو لاوانە بوو كە لەپێناو وڵاتدا خەباتیان دەكرد، بەتایبەتی گەنجانی (پارتی خۆییبوون) و دەیانیانی لە گرتن و راوەدونان پاراستووە، لە ساڵی 1922 كاتێك بیرۆكەی چوونی ویلایەتی موسڵ بۆ سەر توركیا لەئارادا بوو، مەلا فەندی بە تەواوی دژی وەستایەوە و هەڵوێستەكەی لەسەر ئاستێكی باڵا بەهەند وەرگیرا.
وەكو كورد وتەنی، مەلا فەندی چاكەی بەسەر هەمووانەوە هەبووە، لە رووداوێكی دەگمەندا، لە كاتی جەنگی جیهانیی یەكەم و بەرەو هەرەس هێنانی دەوڵەتی عوسمانی، هەندێك لە توركخوازەكان بە بیانووی داكۆكی لە ئایینی ئیسلام، لە هەڵوێستێكی چاوەڕواننەكراودا،  بڕیاری هێرش دەدەن بۆ سەر كریستیانەكانی هەولێر كە نیشتەجێی شارۆچكەی عەنكاوەن لەو شارە، بۆ ئەوەی قەتلوعامی مەسیحییەكان بكەن بە بیانوی تۆڵەكردنەوە لە ئینگلیزەكان كە بڕستیان بە عوسمانییەكان بڕیبوو. لەو كاتەدا مەلا فەندی لە كۆشكەكەی خۆی بووە لە باداوە لە هەولێر كە دەبیستێت  هێزی عوسمانییەكان وا لە دەروازەی عەنكاوەن، بە پەلە بە ئۆتۆمبێلەكەی كە یەكەم ئۆتۆمبێل بووە لە مێژووی شاری هەولێر رێگە دەكوتێ و بەرەو عەنكاوە  كە بۆ ئەو سەردەمە دوور بووە، كە دەگاتە ئەوێ‌ روو لە هێزەكان و چەكدارە موسوڵمانەكان بە گشتیی دەكات و دەڵێت: 
(ئەوەی دژی ئەوانە بجەنگێ، ئەوا دژی من جەنگیوە، ئێمە هەموومان خەڵكی یەك خاك و نیشتمانین، لەڕووی ئایینیشەوە، هەتا لەگەڵمان نەجەنگن، دروست نییە جەنگیان لەگەڵ بەرپا بكەین).
دواتر هەر بەوە ناوەستێ، بڕیاری كۆبوونەوەیەكی گەورە لە قەڵای هەولێر دەدات لەگەڵ دەمڕاست و پیاوماقووڵان و دەستڕۆیشتوانی شاری هەولێر و بەڵێنیان لێ وەردەگرێ كە هیچ كەسێك نزیكی كریستیانەكان نەبێتەوە، هەركەس لە بەڵێنەكەشی دەربچێ، كەواتە دژایەتیی ئەوی كردووە، بەم شێوەیە مەلا فەندی رێگریی لە گەورەترین قەتڵوعامی مەسیحییەكان كرد كە ئەگەر ئەو نەبوایە لە شاری هەولێر روویدەدا و بۆ هەتاهەتایە دەبوە لەكەیەكی شەرمەزاریی. 
ئەمە جگە لەوەی مەلیك فەیسەڵی یەكەم سەردانی ماڵەكەی كردووە لە هەولێر و مەلیك غازی و دەیان وەزیر و راوێژكاری ئەو سەردەمەی حكومەتی عێراق مەلا فەندییان بە نوێنەر و دەمڕاستی كوردستان داناوە.
لە كتێبی (چیم دی) ئەحمەد خواجە كە یەكێك بووە لە یاوەرانی شێخ مەحمودی حەفید و شۆڕشەكانی، لە یاداشتەكانی خۆی لە بارەی پێگەی مەلا فەندی لە پشتیوانیكردنی بزووتنەوەی لاوان و خوێندەواری دەڵێت: مەلا فە‌ندی پشتیوانی تێكۆشانی لاوانی دەكرد و من و رەشید موفتی و ئاسەف رەئووفی كۆیی هەوڵێكی زۆرماندەدا بۆ خوێندن بە كوردی و دەرخستنی هەولێر وەك شارێكی گەورەی كوردستان، مەلا فەندی بە پارە و دەست لە پشتدان یارمەتی دەداین).
مەلا فەندی، ئەگەرچی زیاد لە 50 ساڵ لە خزمەتی مزگەوتەكانی هەولێر بووەو مەدرەسەكەی جمەی هاتووە، بەڵام لە پاڵ ئەوەش چەند بەرهەمێكی چاپكراوی هەیە، كە بە شێوەی نووسینی ئەو كاتە بە شیعری وەزن و قافیە نووسراون، بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی بوونە، بەرهەمە ئەدەبی و شیعرییەكانی مەلا فەندی بریتی بوون لە بابەتی ئایینی، پەروەردەیی‌و كۆمەڵایەتی و ئامۆژگاریی گەنجان و بابەتی نەتەوەیی. هەروەها مەلا فەندی تەفسیری قورئانی هەیە و لەسەر بابەتەكانی ماتماتیك، گەردوونناسی، فەلەكناسی و ئەو زانستانەی ئەو سەردەمە بە فەقێ گوتراونەتەوە دانراوی هەیە، بەڵام زۆربەیان دەستنووسن و چاپ نەكراونەتەوە و بەشێكیشان فەوتاون و دیار نەماون.
 ناو و ناوبانگی ئەم زاتە گەورەیە، زۆر دەنگی داوەتەوە، ئەوەتا گەڕیدەیەكی بیانیی بە ناوی (كاپتن های) لە كتێبەكەی بە ناوی (دوو ساڵ لە كوردستاندا) لەبارەی مەلا فەندییەوە نووسیویەتی: مەلا فەندی لە كوردستان زۆر رێزدارە و خەڵكەكە هەوڵی چاكە و پیاوەتی دەگێڕنەوە، بە زیرەكی باسی بابەتی سیاسی و زانستی دەكرد.
مەلا فەندی،  دوای 79 ساڵ تەمەن و لە 1942 كۆچی دوایی كرد، كە بە بۆچوونی من عەللامەو بلیمەت و زانای ئایینی وا گەورە لە كورد لە پەنجەی دەست تێپەڕناكەن. بۆ مردنەكەشی، (پیرەمێرد)ی مەزن لە سلێمانییەوە شیعرێكی بۆ نووسیوە بە ناونیشانی (بۆ كۆچی دوایی مەلا ئەفەندی): ئەمە دەقەكەیەتی:

ئاینی اسلام دەری خستوە
دوای مردن گیانی وەلی زیندوە
نائبی نبی و لە بەند رەهایە
بە هدایەتی خودا محفوظة
نبی معصومە، وەلی محفوظة
سیفەتی پایەی وەلێتی سیانە
عام و ئەدەب و ذكری سوبحانە
جگە لەوەی ئەو بابی هەژار بوو
چاكە و بەخشندەی هەزار هەزار بوو
نیوە شعری دوای تاریخی خشتە
وا مدرسەی ملای هەولێر بهشتە


*بۆ ئەم بابەتە، سوودم لە نووسینێكی (كوردۆ شابان) و چەند سەرچاوەیەكی نووسراو و ئینتەرنێت وەرگرتووە.

 

مەلا فەندی                  

وتارەکانی نوسەر