پەشمەک

07:15 - 2022-05-22
ڤینۆس فایەق
185 خوێندراوەتەوە

54

بابەتە سەیروسەمەرەکانی فەیلەسوفەکان

«ژن بهێنە، ئەگەر ژنەکەت باش بوو، بەختەوەر دەبیت، ئەگەر دڕندە بوو، وەکو من دەبیت بە فەیلەسوف». 
سوکرات

سوکرات و سوکراتییەکان، گوێیان بەم هەسارە و گەردوونە کە چۆن دروستبووە و لەچی دروستبووە نەدەدا، لە باوەڕیانەوە کە بە وردکردنەوەی ئەو بابەتانە ناگەیتە هیچ ئەنجامێک و سوودی نییە. بەڵکو زیاتر گرنگییان بە چەمکەکانی بەختەوەری و دادپەروەری و راستگۆیی..تاد دەدا. جا سوکرات کە ئامۆژگاریی خوێندکارەکانی دەکرد گۆشت نەخۆن، کەچی ئەو رۆژەی لە سێدارە دەدرا وەسێتی بۆ کردن کە کەڵەشێرێکی لە ماڵەوە هەیە بیگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی. 
ئەو سەردەمەی کە کەنیسە بیرکردنەوەی قەدەغەکردبوو (وەکو هەموو دینەکانی تر) ئەرستۆ توانی رایەڵەیەکی پتەو لە نێوان فەلسەفەی دین و فەلسەفەی ئادەمیزاددا دروستبکات. کەچی لە بەرانبەردا دەیگوت: «ئەوەی لە چواردەوری خۆت بە چاوەکانت دەیبینیت وجودی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی سێبەری بوونەوەریترە؟
ئەرستۆ کە بە ئەندازەی سوکرات و ئەفلاتون رقی لە ژن نەبوو، بەڵام رای سەیروسەمەرەی هەبوو کە لە فەتواوە نزیک دەبۆوە، بۆ نموونە بانگەشەی ئەوەی دەکرد خۆر بەچواردەوری زەویدا دەسووڕێتەوە و پێداگری دەکرد لەسەر ئەوەی ژمارەی ددانەکانی ژن لە ژمارەی ددانەکانی پیاو کەمترە، هەروەها گوایا خوێنبەرەکانی جەستەی ئادەمیزاد خوێن ناگوێزنەوە بەڵکو هەوا دەگوێزنەوە. 
لەبارەی ژنیشەوە پێدەچێ هەموومان بیستبێتمان کە نیتشە خاوەنی ئەو گوتەیەیە کە دەڵێ: «ژن ئەو تەڵەیەیە کە سروشت لەسەر رێگەمان دایناوە».
شۆپێنهاوەریش کە قینێکی نائاسایی لە دایکی بوو، هەمیشەی دەیگوت: ئەگەر پاشا بوومایە، یەکەم فەرمانم بۆ خەڵک ئەوە بوو  لێمگەڕێن تەنها بم. ئەو کە بەهۆی دایکییەوە گرێی ژنی هەبوو دەیگوت: «نازنم پیاوان چۆن ئەم بوونەوەرە شان تەسک و جەستە بچووک و قاچ کورتانەیان خۆش دەوێت».
ئەفلاتونیش دەیگوت کۆمەڵگە هەرگیز چاک نابێت، گەر فەیلەسوفەکان دەسەڵاتی سیاسی وەرنەگرن، یان سیاسییەکان نەبنە فەیلەسوف، ئەوکاتە دادپەروەری بڵاودەبێتەوە ستەم نامێنێت، باوەڕی وابوو هیچ کەسێک بە ئەنقەست تاوان ناکات، تاوانەکان هەڵبژاردەی مرۆڤەکان نین. کەچی داواشی دەکرد ئەوانەی گوناهیان کردووە، بگەڕێنەوە بۆ فەلسەفە و ماتماتیک، ئەگەرنا دوای مردنیان لە شێوەی ئاژەڵدا دەگەڕێنەوە بۆ ژیان. 
ئەرستۆ کە دامەزرێنەری زانستی لۆژیکە، کەچی باوەڕی وابوو هەموو شتێک لەم جیهانەدا قابیلی گۆڕانە، جگە لە ئەقڵی ئادەمیزاد و بەهاکان (قیم و مثل). ئاخر ئەو نەگەیشتە ئەم سەردەمە ببینێت هیچ شتێک لە جێی خۆی نامێنێت بە ئەقڵ و پرەنسیپەکانیشەوە.
سارتەریش هەموو ئۆباڵەکەی خستبووە ئەستۆی «ئەوی تر»، کاتێک دەیگوت: کە ئەوی تر دیارنابێت، هەموو شتێک ئۆرگانیزە دەبێت و ئێمە دەبینە چەق و شتەکانی تر دەبنە بابەت بۆ ئێمە، چونکە ئەوی تر دەبێتە دۆزەخ بۆمان و دەبێت بەردەوام لە هەوڵی رازیکردنیدا بین. لەمەیاندا ئەگەر سارتەر بە «ئەوی تر» مەبەستی «ژن» بووبێت، ئەوا راست دەکات و فەلسەفەکەی هەتا ئێستاش درێژەی هەیە، بەڵام تاڕادەیەک پێچەوانەکەی راستە.

وتارەکانی نوسەر