كۆنگرەی یەكەمی ساڵی 1992 بە نموونە

ژن لە پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا

10:42 - 2024-07-28
تابان گەرمیانی
275 خوێندراوەتەوە

ئەوەی ئاگاداری مێژووی كۆنگرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، كۆنگرەی یەكەمی لە بیرە كە لە 29 ی كانوونی دووەمی ساڵی 1992دا لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی بەسترا. كۆنگرەی یەكەم زیاتر كۆنگرەی یەكگرتنی هەردوو باڵەكەی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی شۆڕشگێرانی كوردستان بوو، كە لە ساڵی 1989 دا لە قاسمەڕەش لە ئێران بڕیاری لێدرابوو، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی نالەباری سیاسیی ناوچەكە و ئەو كاتەی شۆڕش نەتوانرا كۆنگرەكە ببەسترێت.
لە پاش راپەرین و خۆئادەكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ قۆناغی دوای راپەڕین و هەڵبژاردن و دامەزراندنی حكومەتی كوردی لەم بەشە رزگاربووەی باشووری كوردستاندا، كۆنگرەی خۆی بەست و لە سێیەم رۆژیدا و لەناو كۆنگرە هەڤاڵی سەركردە (عومەر دەبابە) ئەندامی كۆنگرە بە هۆی جەڵدەوە كۆچی دوایی كرد، بۆیە لەدوای سێ‌ رۆژ پرسەگێڕان، كۆنگرەكە لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر دەستی بەكارەكانی كردەوە.
لە كۆنگرەدا بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ پەسەندكراو لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكان لە بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئەوەی بۆ قۆناغی دوای راپەڕین پێویست بوو یەكێتی لە كۆنگرەكەدا خۆی وەك رێكخراوێكی سۆسیال دیموكرات ناساند، هەر لە كۆنگرەیەدا هەڤاڵ (مام جەلال) بە سكرتێری گشتی هەڵبژێردرا و لەناو كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی شۆڕشگێڕان ئەندامانی كۆمێتەی سەركردایەتی هەڵبژێران، كە هەموویان لە رەگەزی پیاو بوون و ژمارەیان (25) ئەندامی سەركردایەتی  بوو.
بەشداریی چالاكانەی ژنان  
لەم كۆنگرەیەدا ژمارەیەك لە ژنانی خاوەن خەباتی شاخ و شار، ئەندامی كۆنگرەكە بوون و بەشداریی چالاكانەیان هەبوو لە لیژنەكان و لە گفتوگۆكانی ناو هۆڵی كۆنگرەدا، بەڵام هیچ ژنێك خۆی بۆ ئەندامی سەركردایەتیی كاندید نەكردبوو، تا نووسینی ئەم مێژووە لە هیچ نووسراوێكدا لە فایلەكانی كۆنگرەی یەكەم باسی هۆكاری خۆكاندید نەكردنی ژنان نەكراوە بەو ژمارە ژنانەشەوە كە بەشداریی كۆنگرەیان كردووە، هیچ بەڵگەیەكی راست و دروست لە بەردەستدا نییە ژمارەی ئەو ژنانەش چەند بوون كە بەشداربوون لە كۆنگرەی یەكەمداو رەنگە ئەم نووسینەمان لە كوردستانی نوێ هەر خۆی بانگەوازێك بێت بۆ ئەوانەی بەڵگەیەكیان لەم بارەیەوە هەیە و دەتوانن كۆمەكمان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان هەندێك هەڤاڵی ژنی ناسراو هەن كە بەشداریی كۆنگرەی یەكەمیان كردووە، من لێرەدا ناوەكانیان ناهێنم تەنها بۆ ئەوەی ناهەقیی نەبێت بەرامبەر بە بەشداریی ژنی تر لە كۆنگرە، كەی هەموو ناوەكانیش ساغبوونەوە وەك ئەمانەتێكی مێژوویی بڵاویان دەكەمەوە، هیوادارم ئەو هەڤاڵە ژنانەش كە بەشداربوون و ئاگاداری وردەكاریی ئەو مێژووەن هاوكاربن، بۆ راستكردنەوەی ئەم بۆشاییە مێژووییەی ژن لە ناو كۆنگرەدا بۆ ئەوەی ئێمەیش بتوانین وەك خۆی بینووسینەوە و بیكەین بە پێشینەی سیاسی ژن لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا.

 

لە كۆنگرەی یەکدا ژمارەیەك لە ژنانی خاوەن خەبات، ئەندام بوون و بەشداریی چالاكانەیان هەبووە لە لیژنەكان و لەناو هۆڵی كۆنگرەدا، بەڵام هیچ ژنێك خۆی بۆ ئەندامی سەركردایەتیی كاندید نەكردبوو

 

چی لە ئامانجەكانی كۆنگرە بۆ ژنان چەسپێنرا؟
 لێرەدا دەبێ ئەو راستییە بڵێین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی گرنگی بە مەسەلەكانی ژنان داوە و لە سەردەمی خەباتی شاخیشدا هەم كۆمەڵە و هەم شۆڕشگێڕان و باڵەكانی تریش لە بڵاوكراوەكانیاندا فەرامۆشیان نەكردووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە حزبێكی وەها كە لە كۆنگرەی یەكەمی خۆیشیدا پرسی ژنان بخاتە ناو ئامانجە سیاسییە گشتییەكانەوە، بۆیە لە لاپەرە (17)ی نامیلكەی پەیڕەو و پرۆگرامدا هاتووە: 
ی.ن.ك خەبات دەكات بۆ :
1.ئەنجومەنی نیشتمانی، كە بەرزترین دەستەڵات دەبێ لە كوردستاندا بەڕێگەی هەڵبژاردنی راستەوخۆ و سەربەست و نهێنی بە بەشداری هەموو ژن و پیاوێك كە تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر نەبێ‌، بەبێ‌ جیاوازی رەگەز و زمان و بیروباوەڕ و دین پێكدەهێنرێت، ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانییەوە هەڵدەبژێردرێ‌ و هەڵدەوەشێنرێتەوە. 
  ئەگەر دیقەت لەم بڕگەیە بدرێت، یەكێتی لە یەكەم گۆنگرەی خۆیدا باس لە بەشداریی سیاسیی ژنان لەیەكەم دامەزراوەی یاساداناندا دەكات لە هەرێم، كە ژنان بەبێ‌ دانانی هیچ رێژەیەك مافی خۆكاندید كردن و دەنگدانیان بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان هەیە، ئەمەیش ئەو مافە وەك یەكییەیە  كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگەشەی بۆ كردووە و بڕوای تەواوی بە هێز و لێهاتوویی ژنان لە دام و دەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردندا هەیە.
لە بڕگەی (4)ی هەمان پەیڕەودا و لە مسۆگەركردن و زەمینەسازی بۆ كاری رێكخراوەیی و كۆمەڵە و سەندیكاكان و هتد.. ئاماژەی بە بەشداریی ئازادانەی ژنان كردووە و پشتیوانی بەشداریكردنی كردوون لە دامەزراندنی كاری رێكخراوەییدا، ئەوەش لە پێناوی بەدیهێنانی مافەكانیان لە سەرجەم جومگەکاندا سیاسیی و یاسایی و فەرهەنگیی و ئابووریی و هتد..
لە گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیدا
  لە باسی پرسی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیدا كە بەشێكە لە پەیڕەوەكە، لەبرگەی (7 )، لاپەڕە (25) دا هاتووە :
* ژن كە نیوەی كۆمەڵە و دەورێكی بنچینەیی لە پەروەردەكردنی رۆڵەكانی كوردستاندا دەگێرێت، تا ئێستا لە بوارە جۆراوجۆرە ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكاندا، جێگەی ئاسایی خۆی نەگرتووە، (ی.ن.ك) لەو روانگەیەوە ژن و پیاو و دەور و كار و خەباتیان بە یەكسانی تەماشا دەكات :
* یەكسانی ژن و پیاو لە بەرانبەر هەموو مافێكی قانونیدا.
* ئازادیی پێكەوەنانی خێزان و هەڵبژاردنی هاوسەر پاش تەمەنی (18) ساڵ.
* چاودێری و یارمەتیدانی ژنی دووگیان و دوورخستنەوەیان لەكاری قورس و دابینكردنی (6) مانگ پشوودان بە مووچەی تەواو بۆیان لە دەوروبەری مناڵ بوون.
بێگومان هەریەكێ لەو بڕگانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 32 ساڵ لەمەوبەر بەڵگەن بۆ ئەوەی، ئەم حزبە تێگەیشتنی هەمەلایەن و پێشكەوتنخواز و یەكسانیخوازانەی بۆ مافەكانی ژنان هەبووە و لە یەكەم كۆنگرەی خۆیەوە تۆماری كردووە، ئەم راستییەش بەڵگەیەكی روونە و بەشێكە لە ئەدەبیات و باوەڕی ئەم حزبە كە لەگەڵ نۆبەرەی كۆنگرەكانیدا چەسپاندوویەتی، لە كۆنگرەكانی داهاتووشیدا مافەكانی ژنانی فراوانتر چەسپاندووە کە بەم زووانە لەسەری دەوەستین.

سەرچاوە: 
پەیڕەو پرۆگرامی یەكەم كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 1992.
كۆنگرەی یەكەمی  ی.ن.ك، ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كودستان، چاپی دووەم 2013، لاپەرە (638).
*ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی (ی.ن.ك).

وتارەکانی نوسەر