كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ نموونه‌

بناغه‌ی به‌شداریی كارای ژنان له‌ سیاسه‌ت و حزبایه‌تیدا

09:58 - 2024-08-11
تابان گەرمیانی
240 خوێندراوەتەوە

یه‌كێكی تر له‌ رووداوه‌ مێژووییه‌كانی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌م، به‌ تایبه‌تیش له ‌30 ی كانوونی دووه‌می 2001 تا (5)ی شوباتی 2001، كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، ئه‌ویش له‌ ژێر دروشمی ( پته‌وكردنی ریزه‌كان و گه‌شه‌پێدانی په‌یڕه‌و و پرۆگرام و رێباز و ده‌زگاكان) كه‌ له‌ هۆڵی كارگه‌ی جلوبه‌رگی ئاماده‌كراوی شاری سلێمانی به‌سترا.
 له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌ پێی داتا ره‌سمییه‌كان بێت (1247) ئه‌ندام به‌شدار بوون له‌ كۆی ئه‌م ژماره‌یه‌ش (93) ژن ئه‌ندامی كۆنگره‌ بوون، له‌ كۆنگره‌ی دووه‌مدا بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی ژنانی ناو یه‌كێتیدا (35) ژن خۆیان بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كاندید كرد، به‌ڵام دواتر گۆڕانكاری به‌ سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌دا هات و كۆمه‌ڵێك له‌ ژنان  له‌ خۆكاندیدكردن كشانه‌وه‌و ته‌نها (10) ژن مانه‌وه‌.
له‌ كۆنگره‌ی دووه‌مدا، پێچه‌وانه‌ی كۆنگره‌ی یه‌ك، ژنان له‌ هه‌وڵ و كۆششی بێوچان بوون بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌ندامێتیی سه‌ركردایه‌تی به‌بێ كۆتا، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی رازی نه‌بوون به‌ سیسته‌می كۆتا بچنه‌ سه‌ركردایه‌تی له‌ كۆنگره‌ی دووه‌میشدا نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تی، بۆیه‌ چه‌ندین پێشنیاز له‌ ناو كۆنگره‌دا كرا بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك به‌بێ هه‌ڵبژاردن ببنه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌و پێشنیازه‌ له‌لایه‌ن ژنانی ناو كۆنگره‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ كۆی (45) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پیاو (37) یان به‌ده‌نگدان بوون‌ بە ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و (8) له‌وانه‌ به‌بێ ده‌نگدان بوونه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، به‌م شێوه‌یه‌ش له‌ كۆنگره‌ی دووه‌میشدا هیچ ژنێك سه‌رنه‌كه‌وت بۆ سه‌ركردایه‌تی، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ژنان له‌ ده‌ره‌وه‌ی خه‌ونی بوون به‌ سه‌ركردایه‌تی كارایانه‌ له‌ لیژنه‌كانی په‌یڕه‌و و پرۆگرامدا بوون و به‌شداریی كاریگه‌ریان له‌ گفتوگۆكانی ناو كۆنگره‌دا هه‌بوو، به‌ پشتیوانی هه‌ڤاڵ (مام جه‌لال)یش ژنان به‌ به‌شدارییان له‌ ته‌وه‌ره‌كانی ناو كۆنگره‌دا کرد و داواكارییه‌كانی خۆیان له‌ گۆڕانكاری له‌ یاساكانی باری كه‌سێتیی تایبه‌ت - ی یاسای (59) و (62) له‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حزبدا چه‌سپاند و بڕیاردرا‌ له ‌ئاستی حكومیدا كاری بۆ بكرێت، ئه‌ویش سنورداركردنی فره‌ژنی و سزادانی بكوژی ژنان بوو.
  بێگومان ئه‌مانه‌ گرنگ بوو بۆ ژنان به‌ گشتی و ژنانی ناو یه‌كێتی به‌تایبه‌تی ‌ئه‌و كات (مام جه‌لال) سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، له‌سه‌ر ئیداری سلێمانی و له‌ هه‌مانكاتدا سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بوو، ئه‌وه‌یش ده‌رفه‌تێكی گونجاو بوو بۆ ژنان سه‌ركرده ‌و كه‌سایه‌تییه‌كی گرنگ له‌ حزب و حكومه‌تدا هه‌بێت و پارێزه‌ر و پشتیوانیی له‌ ماف و داواكارییه‌كانیان بكات، بۆیه‌ هه‌ر له‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌‌وی ناوخۆدا كۆمه‌ڵێك ماده‌ و بڕگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ژنان جێگیركرا، له‌وانه‌:
له‌ پرۆگرامدا و له‌ بواری گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵاتیدا:
*له‌ بڕگه‌ی (5)، لاپه‌ڕه‌ (11) دا هاتووه‌: دابینكردنی خوێندنی خۆڕایی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا، په‌یڕه‌وكردنی خوێندنی ته‌وزیمی بۆ كوڕان و كچان له‌ هه‌موو قۆناغەکانی سه‌ره‌تایی و پیاده‌كردنی پرۆسه‌ی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی كوردستاندا.
*له‌ بڕگه‌ی (8)ی هه‌مان بواردا هاتووه‌: ژن جێگه‌ی ئاسایی خۆی له‌ كوردستاندا بگرێت له‌ بواره‌ ئابووری و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كەلتورییه‌كاندا.
1. یه‌كسانی ژن و پیاو له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو مافێكی یاساییدا.
2. پێكه‌وه‌نانی خێزان و هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر پاش ته‌مه‌نی 18 ساڵ .
3. چه‌سپاندنی یاسای (59 و 62) ی ( باری كه‌سێتی)دا.
4. چاودێری و یارمه‌تیدانی ژنی دووگیان و دوورخستنه‌وه‌یان له‌كاری قورس و دابیكردنی شه‌ش مانگ پشوو به ‌مووچه‌ی ته‌واو و شه‌ش مانگی تر به‌ (70 %)ی مووچه.
  هه‌ڵبه‌ته‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌م ئامانجانه‌ی هه‌ر له‌ دامه‌زراندنی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ دروشمه‌وه‌ كرده‌ كردار و له‌ڕێگەی نوێنه‌ره‌كانییه‌وه‌ جێبه‌جێی كرد، مێژووه‌كان نزیكن و شایه‌تن كه‌ كام حزب و لایه‌ن له‌ گه‌یاندن و جێبه‌جێكردنی ئامانج دروشمه‌كانی بۆ خزمه‌تكردنی ئامانجه‌كانی ژنان له‌ باشووری كوردستان له‌ پێشی‌ پێشه‌وه‌ بووه‌.
ژن له‌ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی- خولی یه‌كه‌م
وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموون له‌كاری حزبیدا، ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی له‌ نێوان هه‌ردوو كۆنگره‌ی دووه‌م و سێیه‌مدا پێكهات. بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دووه‌م گۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ساڵی(2001)، له‌م رووه‌وه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناخۆیی په‌سه‌ندكراوی ئه‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌‌مشێوه‌یه‌ له‌لا‌په‌ڕه‌ (39) وه‌ك پاشكۆیه‌ك، هاتووه‌ :
ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند :
* وه‌ك ئه‌زمونێك كاری پێ ده‌كرێت تا له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت .
* له‌ (60-80) هه‌ڤاڵی ( ی.ن.ك ) پێكدێت كه ‌له‌لایه‌ن سكرتێری گشتییه‌وه‌ به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی دیاری ده‌كرێن .
ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بوو:
1. چاودێریی ئیشوكاری ئۆرگانه‌كانی (ی.ن.ك) و هه‌ڵسه‌نگاندنیان.
2. به راوێژ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی له‌و سكاڵایانه‌ ده‌پرسێته‌وه‌ كه ‌له‌لایه‌ن یه‌كێ له‌ ئه‌ندامانه‌وه‌ له‌ هه‌ڤاڵێك یان ده‌زگایه‌كی (ی.ن.ك)ه‌وه‌ ده‌كرێ و دوای لێكۆڵینه‌وه‌ بڕیاری خۆی ده‌رده‌كات .
3. تاوتوێكردنی راپۆرتی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن كه‌ هه‌ر چوار مانگ جارێك ده‌بەسترێت.
4. ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پاڵاوتنی ئه‌ندامانی مه‌كته‌ب و ناوه‌نده‌كانی (ی.ن.ك ) ده‌رده‌كات .
5. سكرتێری خۆی ده‌بێت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی كاروباره‌كانی .
 دیاره‌ ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ به‌هۆی هه‌لومه‌رجی كوردستان و ناوچه‌كه‌وه‌ پێكهێنانی دواكه‌وت تا له‌ تشرینی دووه‌می 2009 دا له‌ دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پاش پلنیۆم له‌ سلێمانی به‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ (مام جه‌لال) سكرتێری گشتی به‌سترا، مه‌سه‌له‌ی پێكهینانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی تاوتوێ كرا .
له‌ (5)ی كانوونی یه‌كه‌م 2009 دا مه‌كته‌بی سیاسی بۆ جاری دووه‌م پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی تاوتوێ كرده‌وه ‌و وردبینی له‌ لیستێكی دوور درێژی كاندیده‌كاندا كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 26 ی كانوونی یه‌كه‌م، كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی مام جه‌لال له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، ناوی كاندیده‌كان ساغ كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به ‌ره‌چاوكردنی ناوچه‌كان و ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز و بڕوانامه‌ و پیشه ‌و رابردووی سیاسی، ئه‌وه‌بوو (80) كه‌س به‌ ‌ئه‌ندامی خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند دانران، (10) ئه‌ندامی یه‌ده‌گیش ده‌ستنیشان كران، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندییش له‌ 4 ی كانوونی دووه‌می 2010 له‌ هۆڵی شازاد سائیب له‌ سلێمانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی  مام جه‌لال به‌سترا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا لیژنه‌یه‌ك له‌ (7) ئه‌ندام بۆ نووسینی به‌رنامه‌ی كاری ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ پێكهات و ده‌سته‌یه‌كیش وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار پێكهات كه‌ بریتی بوو له‌ دكتۆر فوئاد مه‌عسوم و جه‌مال حه‌كیم ئاغا و كافیه‌ سلێمان .
له‌ كانوونی دووه‌مدا كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می ئه‌نجوومه‌ن له‌ هه‌مان شوێندا به‌سه‌رۆكایه‌تی كاك عه‌دنان موفتی به‌ڕێوه‌چوو، له‌م كۆبوونه‌وه‌‌یه‌دا، سامان گه‌رمیانی به‌ سكرتێری ئه‌نجوومه‌ن و حاكم سابیر به‌ جێگری یه‌كه‌م و ئاڵا نوری تاڵه‌بانی به‌ جێگری دووه‌م و د. جوان ئیحسان به‌ بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌ڵبژێردران له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی تر له‌ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی كه‌ ناویان له‌ خشته‌كه‌دا هاتووه،‌ به‌مجۆره‌ش. ده‌بینین كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌ به‌ردی بناغه‌ی به‌شدارییه‌كی كارای ژنانی یه‌كێتی له‌ كاروباری سیاسی و حزبیدا و له‌وێش به‌دواوه‌ ژنانی یه‌كێتی به‌ره‌و قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر هه‌نگاویان نا.

*ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی (ی.ن.ك)

سه‌رچاوه‌ :
*  پڕۆگرام و پێڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌سه‌ندكراوی دووه‌مین كۆنگره‌ی گشتی 
سلێمانی 30/1-5/2/2001
*  ئینسكۆپیدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چاپی دووه‌م لاپه‌ره‌ (628).

وتارەکانی نوسەر